Accessibility links

هیندستان بە هەڵە موشکێک دەگرێتە پاکستان و داوای لێبوردن دەکات 


رۆژی هەینی هیندستان پشتڕاستی کردەوە کە بە هەڵە موشەکێکی بە ئاڕاستەی وڵاتە رکابەرەکەی کە پاکستانە وەشاندووە و بەڵام "زۆر بە جێی نیگەرانیەوە" ناودێری کرد.

ئەم پشتڕاستکردنەوەیە پاش ئەوەیە کە سوپای پاکستان ڕایگەیاند کە موشەکێکی هیندستان کە خێراترە لە شەپۆلەکانی دەنگ رۆژی چوارشەممە خۆی کێشاوە بە خاکی ئەواندا و زیانی گەیاندووە بە موڵکی هاووڵاتیان، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە. بەرپرسانی پاکستانی داوای ڕوونکردنەوەیان لە نیو دیلهی کرد لەو کردەوە "نابەرپرسانەیە" کە دەکرا ئاسایشی هەرێمەکە بخاتە مەترسییەوە.

لە راگەیەندراوێکی فەرمی هیندستان دا ڕۆژی هەینی بڵاویانکردەوە کە "لە کاتی چاکسازیکردنێکی ڕۆتینیدا، گرفتێکی تەکنیکی بووەتە هۆی ئەوەی کە موشەکێک بە هەڕەمەکی بوەشێنن" هەروەها ئاماژەشیان بەوە داوە کە حکومەتی هیندستان " زۆر بە هەند وەریگرتووە و لە ئاستێکی باڵادا داوای لێکۆڵینەوەیان کردووە لە ڕووداوەکە."

گوتەبێژی سوپای پاکستان ژەنەڕاڵ بابار ئیفتیخار درەنگانێکی رۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە فەرمی وردەکاری ڕووداوەکەی ئاشکرا کرد و وەک پێشێلکارییەکی "ئاشکرا" ئەو کردەوەیەی شەرمەزارکرد و گوتیشی موشەکەکە لە شارۆچکەی میان چانوو لە پارێزگای بەنجاب لە سنووری ڕۆژهەڵات کەتۆتە خوارەوە.

مایکڵ کۆگڵمان، یاریدەدەری باڵای کاروباری باشوری ئاسیا لە سەنتەری ویڵسن لە واشنتۆن ڕایگەیاند هاویشتنی ئەو موشەکە بەڕێکەوت نیشانی دەدات کە چەند بە خێرایی ڕووداوێکی لەم جۆرە دەتوانێت بەرەو شتێکی خراپتر پەلبهاوێژێت.

وەزیری فیدراڵی پاکستان ئەسەد عومەر ڕۆژی هەینی لە تویتێکدا ڕایگەیاند موشەکەکەی هیندستان لەلایەن هێزی ئاسمانی پاکستانەوە خراوەتە خوارەوە.

هیندستان و پاکستان دوو ڕکابەری سەرسەختی یەکترن، خاوەنی چەکی ناوەکین و لە سێ شەڕدا هەر لە سەروەختی سەربەخۆییان لە دەسەڵاتی بەریتانیا لە ساڵی 1947ەوە تا ئەوڕۆکە لە سێ شەڕەدا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە، لەم ساڵانەی دواییدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان تێکچوو، هاوکات گفتوگۆی فەرمیان لەسەر هەرێمە دابەشکراوەکە واتە کشمیر پەکخرا و هەردوو وڵات بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خاوەنی تەواوی کشمیرن.

XS
SM
MD
LG