Accessibility links

زانایان دەڵێن دەتوانن جۆرە جرجێک بگەڕێننەوە بۆ ژیان کە سەد ساڵە لەناوچووە


جرجی کریسماس ئایلاند کە لە دورگەیەیکی زەریای هیندی دەژیا 100 ساڵ زیاتر دەبێت لەناوچووە. ئێستا زانایان دەڵێن لەڕێگەی دەستکاری جینەکانی دەتوانن دووبارە بیگەڕێننەوە بۆ ژیان لەسەر ڕووی زەوی.

جرجەکە ڕەنگی قاوەیی تۆخ بووە و کێشی نزیک 300 گرام و باڵای نزیکەی 27 سانتیمەتر و کلکی نزیکەی 17 سانتیمەتر بووە. کاتێک کە ئەوروپاییەکان بۆ یەکەمجار لە ڕێگەی کەشتیەوە چونەتە ئەو دورگەیە، جرجەکە بەهۆی بەریکنەکەوتنی پێشینەی لەگەڵ مرۆڤدا بەبێ ترس بەدەوری دەریاوانە ئەوروپیەکان و کەلوپەلەکانیان گەڕاوە بەدوای خۆراکدا.

بەگوێرەی بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵ و ژینگەی ئوسترالیا، لە دەوروبەری ساڵی 1908 ئەو جۆرە جرجە بەتەواوەتی لەناوچووە بەهۆی ئەوەی کە جرجری ڕەش کە لە ڕێگەی کەشتیە ئەوروپیەکان هاتونەتە سەر دورگەکە لەگەڵ خۆیان نەخۆشی کوشندەیان بڵاوکردووەتەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ئەوروپاییەکان پشیلەیان بۆ دوورگەکە بردووە.

تۆم گیڵبێڕت، شارەزا لەبواری پەرەسەندنی جینەکان لە زانکۆی کۆپنهاگن لە دانیمارک، سەرپەرشتی ئەو لێکۆڵینەوە زانستییەی کردووە بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ئەم جۆرە جرجە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لە گۆڤاری بایۆلۆژی سەردەم بڵاوکردووەتەوە.

ئەو شارەزایە لەگەڵ تیمەکەی و بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی شانتۆو لە چین سودیان لە نمونەیەک لە پێستی جرجەکە ورگرتووە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر جینەکانی. دەڵێن توانیویانە لە ڕێگەی دەستکاری زنجیرە جینەکانی جرجی نەرویجی 95% لە پێکهاتەی جینی جرجە لەناوچووەکە بەدەست بهێننەوە بە سوودبینین لە ئامرازی CRISPR. بەڵام دەڵێن سەرکەوتوو نەبوون لە گەڕاندنەوەی 5% لە پێکهاتە جینیەکانی ئەم جرجە کە بەرپرسن لە هەستی بۆنکردن و بەرگی لەش.

ئەو زانایانە دەڵێن ئەگەر لە ئێستادا ئەو جرجە دووبارە بگەڕێننەوە بۆ ژیان، ئەوا ڕەنگە توانای بۆنکردن و بەرگری لەشی شیاو نەبێت بۆ بۆ ژینگەی سروشتی خۆی. بەڵام سەرەڕای ئەو بەربەستە، دەڵێن ئەنجامەکان دڵخۆشکەرن و ئەگەری ئەوە هەیە کە پێشکەوتنی زیاتر لە تەکنەلۆژیای دەستکاری جینی لە داهاتوودا ئەو بەربەستەش بشکێنێت.

زانستی دەستکاری جینەکان بە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی سەردەم دادەندرێت کە مشتومڕی توندی لەسەرە. ئەوانەی کە دژی ئەو بابەتەن ئاماژە بە مەترسی لێکەوتەکانی دەکەن بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەڕێگەی ئەوەی دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی ئەنجامی نەخوازراوی تەندروستی و لەهەمانکاتدا ڕێگە خۆشدەکات کە لە داهاتوودا دایکان و باوکان و تەنانەت حکومەتەکانیش ئەم ڕێگەیە بەکاربهێنن بۆ دیاریکردنی ڕووخسار و لەش و لارو خەسڵەتی منداڵەکان.

بەڵام ئەوانەی کە بە گەشبینییەوە لەو کایەی زانستییە دەڕوانن دەڵێن پێشکەوتنی زیاتر تێیدا یارمەتی مرۆڤ دەدات کە لە داهاتوودا بتوانێت چەندین کێشەی جینەکان و نەخۆشی کوشندەی وەکو شێرپەنجە چارەسەر بکات؛ ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەکرێت سودبەخشبێت بۆ پارێزگاری لە لەناوچوونی ئاژەڵەکان و گەڕاندنەوەی هەندێک لەو گیاندارانەی کە نەماون.

سود لە ئاژانسی ئێن بی سی و یو ئێس ئەی تۆدەی وەرگیراوە بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە.

XS
SM
MD
LG