Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا پشتیوانی لە داواکارییەکان بۆ لێکۆڵینەوەی تاوانی جەنگ لە هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دەکات


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرس ڕۆژی پێنجشەممە پشتیوانی لە داواکارییەکانی ڕێبەرانی جیهان کرد بۆ لێکۆڵێنەوەیەکی جیهانی لەسەر تاوانی جەنگ لە دژی داگیرکارییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و بۆردومانکردنی خەڵکی سیڤیل لەناویاندا منداڵان و ژنی دووگیانیش لە نەخۆشخانەیەکی منداڵان.

هێرس بەر لە کۆبونەوەکەی وارشۆ لەگەڵ سەرۆکی پۆڵەندا پێویستی ئەو لێکۆڵینەوەیەیە دووپات کردەوە وەکو دەربڕینی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانانی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.

داواکارییەکەی هێرس ڕۆژێک پاش ئەوە بوو کە کاربەدەستانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ڕووسیا بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی منداڵبوون لە شاری ماریپوڵی ئۆکرانیا بەلایەنی کەم 3 کەس کوژراون لە ناویاندا منداڵێکیش.

کاتێک لە پاڵ سەرۆکی پۆڵەندا ئاندرێ دودا وەستابوو هێرس گوتی " بێگومان پێویستە لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدرێت، و پێویستە هەموومان بیبینین."

لە بەیاننامەیەکیشدا جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بڕی 53 ملیۆن دۆلار هاوکاریی مرۆیی بۆ پشتیوانی کردن لە "خەڵکی سیڤیلی بێتاوان کە کەوتوونەتە بەر هێرشە ناڕەواکانی ئۆکرانیا" ڕاگەیاند. نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر ئەمەریکا 54 ملیۆن دۆلار هاوکاری بۆ پێداویستی تەندروستی و خۆراک و پەناگا بەخشی.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ماوەی دوانزە ڕۆژی داگیرکارییە بەرفراوانەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا زیاتر لە 2 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی لە وڵاتەکە هەڵهاتوون، تاوەکو ئێستا 2,011,312 پەنابەری ئۆکرانی هەن.

ڕێکخراوی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووکان لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆی ئاماژەی بەوەداوە زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر تۆمارکراون، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ ڕۆژی دووشەممەدا 276,244 پەنابەر زیادیکردووە.

XS
SM
MD
LG