Accessibility links

ململانێی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق


تا ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ڕێکنەکەوتوون، سەرجەم هەوڵەکانیش بۆ ڕێکخستنیان لەسەر ئەو پۆستە شکستی هێنا، بەڵام هێشتا دەرگای گفتووگۆ لەنێوان ئەو دوو هێزە بەتەواوەتی دانەخراوە.

دوێنێ چوارشەممە، دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار داخرا و نزیکەی 40 کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندیدکردووە، لە دیارترینیان بەرهەم ساڵەح سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق و کاندیدی یەکێتی بوو، لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم و کاندیدی پارتی.

گەر پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکنەکەون، ئەوا کێبەرکێکە دەبەنە نێو پەرلەمانی عێراق و پەرلەمان ململانێی نێوانیان یەکلایی دەکاتەوە، بەتایبەت تا ئێستا پارتی پێداگیرە لەسەر بردنی پۆستەکە و یەکێتیش هەوڵی سەرخستنی بەرهەم ساڵەح دەدات.

شوان محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێبەر ئەحمەدە و کار بۆ تەواوکردنی نیسابی یاسایی و سەرخستنی دەکەین."

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، دەبێت لەکۆی 329 پەرلەمانتاری عێراق، 220 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتن بن بۆ تەواوکردنی نیسابی یاسایی، گەر نیساب تەواو نەکرا، دانیشتنەکە ئەنجام نادرێت، بەڵام بەتەواوبوونی نیساب، سەرۆک کۆمار بەدەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران هەڵدەبژێردرێت.

گەر لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن دا، هیچ کاندیدێک لەو 40 کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەنگی دوو لەسەر سێی بەدەست نەهێنا، ئەوا دوو کاندید کە زۆرترین دەنگیان هێناوە، سەردەکەون بۆ گەڕی دووەم و دواتر یەکیان بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران دەبێتە سەرۆک کۆمار.

تا ئێستا ڕەوتی سەدر و سونەکان پاڵپشتی پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگیش لەیەکێتیەوە نزیکە، بەڵام هێزە شیعەکان هاوڕان لەسەر هاندانی یەکێتی و پارتی بۆ ڕێککەوتن و هەوڵیشیاندا، بەڵام هەوڵەکانیان شکستی هێنا.

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"تائێستا ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی نەکراوە، بەڵام هەموو ئەگەرەکانیش کراوەن."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، گرەوی یەکێتی لەسەر سەرخستنی بەرهەم ساڵەحە و بۆچوونێکی واش لەنێو سەرکردایەتی ئەو حیزبەدا دروستبووە، ڕێبەر ئەحمەد بەراورد بەبەرهەم ساڵەح ناسراو نیە، ترسیشیان هەبووە لەوەی دوای کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، پارتی ڕێبەر ئەحمەد بکێشێتەوە و ناوی فازڵ میرانی پێشکەش بکات، بەو پێ یەی ناسراوترە.

بەڵام شوان محەمەدی پەرلەمانتاری عێراقی پارتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت "ڕێبەر ئەحمەد کەسایەتیەکی ناسراوە و خاوەن بڕوانامەیە، پاشان بە ئامادەبوونی کاک فازڵ میرانی و لەکۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیدا، ڕێبەر ئەحمەد کاندیدکراوە."

یەکێتی و پارتی وەکو دوو هێزی سەرەکی حوکمڕانی هەرێم، لەسەر زۆر پرس و دۆسیە ناکۆکن، بەڵام پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، ناکۆکی نێوانیانی قوڵتر کردووەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:49 0:00

XS
SM
MD
LG