Accessibility links

ئەو پیاوە ئەمەریکایەی بۆ یەکەمجار دڵی بەرازێکی بۆ چێندرا، گیانی لە دەستدا


سەنتەری پزیشکی زانکۆی مەریلاند ڕایگەیاند ئەو نەخۆشەی کە نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا لە نەشتەرگەرییەکدا دڵی بەرازێکی بۆ چێندرا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە گیانی لەدەستداوە.

دەیڤد بێنێتی تەمەنی 57 ساڵ کە نەخۆشی دڵی هەبوو، ڕۆژی 7 ی مانگی یەک لە نەشتەرگەرییەکی دەگمەندا و بۆ یەکەمین جار لەلایەن پزیشکەکانی ئەمەریکاوە دڵێکی بەرازی بۆ دانرا.

نەخۆشخانەکە ڕۆژی چوارشەممە لە بیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بارودۆخی تەندروستی بێنێت لە چەند ڕۆژێک پێش ئێستاوە بەرەو خراپوون ڕۆیشتووە، دەشڵێت نەخۆشەکە لە کۆتا ساتەکانی ژیانیدا توانیویەتی پەیوەندی هەبێت لەگەڵ خێزانەکەی.

بێنێت لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو وەک نەخۆشێک سەردانی سەنتەری پزیشکی زانکۆی مریلەندی کردبوو، بەڵام دوای ئەوەی دەرکەوت کە دۆخەکەی گونجاو نییە بۆ چاندنی دڵ ، هەر بۆیە قەبووڵیکرد کە لە نەشتەرگەریییەکی دەگمەندا دڵی بەرازێکی بۆدانێن.

کوڕەکەی بێنێت لە دوای نەشتەرگەرییەکەی باوکی گوتبووی باوکم زانیویەتی کە هیچ گرەنتیەک نیە لەوەی نەشتەرگەرییەکەی یاخود چاندنی دڵی بەرازەکە لە لەشیدا سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام دەیزانی کە لە سەرە مەرگدایە و نەتوانراوە دڵی مرۆڤی بۆ بچێندرێت و هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبووە.

لە 31ی مانگی 12دا بەڕێوبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا مۆڵەتێکی بەپەلەی بۆ نەشتەرگەریەکە دەرکرد بە هیوای ڕزگارکردنی ژیانی بێنێت.

نەخۆشخانەکە ڕۆژی چوارشەممە گوتی "دڵە چاندراوەکە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک زۆر بە باشی و بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی ڕەتکردنەوە هەبێت، کاری دەکرد."

هەوڵەکانی پێشوو لە چاندنی بەراز بۆ مرۆڤ بەهۆی جیاوازییە بۆماوەییەکان شکستی هێنابوو.

جیاوازی ئەو نەشتەرگەرییەی بۆ بێنێت کرابوو، لەگەڵ نەشتەگەرییەکەی پێشوودا ئەوە بوو کە نەشتەرگەرانی مەریلاند دڵی بەرازێکیان بەکارهێنا بوو کە پێکهاتەکەیان گۆڕیبوو، واتە شەکرییان لە خانەکانیدا دەرهێنابوو کە بەرپرسە لەوەی لاشەی مرۆڤەکە بەخێرایی ڕەتی بکاتەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG