Accessibility links

سەرۆکی ئیسرائیل سەردانی تورکیا دەکات


ئیسحاق هێرزۆگ سەرۆک کۆماری ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە سەردانی تورکیا دەکات و دەبێتە یەکەم سەرکردەی ئیسرائیل کە لە ماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا سەردانی ئەو وڵاتە بکات.

سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسرائیل بۆ تورکیا هەنگاوێکە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە کە گرژی و ئاڵۆزی تێکەوتبوو.

هێرزۆگ بەر لە گەشتەکەی بۆ ئەستەنبوڵ و سەردانیکردنی کۆمەڵگەی جووەکانی تورکیا، بڕیارە لە ئەنکەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا گفتوگۆ بکات.

تورکیا و ئیسرائیل لە ڕابردوودا هاوپەیمانێکی نزیک بوون، بەڵام پەیوەندیەکە لە سەردەمی ئەردۆغاندا کە ڕەخنەگری سیاسەتەکانی ئیسرائیل بەرامبەر بە فەلەستینیەکانە، گرژی و ئاڵۆزی تێکەوتووە.

ئیسرائیل هەروەها لە پشتیوانیکردنی ئەردۆغان بۆ حەماس تووڕەیە و دەڵێت حەماس گروپێکی تیرۆریستە.

هەردوو وڵات لە ساڵی 2010دا باڵیۆزەکانیان کشاندەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ فەلەستینیەکان کە پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئیسرائیل بوو، لە ئەنجامدا نۆ چالاکوانی تورک کوژران.

تورکیا ڕایگەیاندووە سەرەڕای هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر هەڵوێستەکانیدا نەهاتووە سەبارەت بە پشتیوانیکردنی فەلەستینییەکان.

هەنگاوەکانی تورکیا بۆ نزیکبوونەوە لە ئیسرائیل لە کاتێکدا دێت کە تورکیا ڕووبەڕووی کێشەی ئابووری دەبێتەوە و هەوڵ دەدات لە ڕێگای ئاساییکردنەوەی پەیوەندیە تێکچووەکانی لەگەڵ چەند وڵاتێکی ناوچەکە لەوانە میسر، ئیمارات و عەرەبستانی سعوودی، کۆتایی بە گۆشەگیری خۆی بهێنێت.

هەفتەی ڕابردووش هێرزۆگ سەردانی قوبرسی کرد و دەسەڵاتدارانی یۆنانی دڵنیاکردەوە کە نزیکبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و تورکیا بە مانای لەناوچوونی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی نییە لەگەڵ نیکۆسیا.

سەرچاوە: AP

XS
SM
MD
LG