Accessibility links

سەرۆک بایدن هاوردەکردنی سوتەمەنی لە ڕووسیاوە قەدەغە دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو باین ڕۆژی سێشەممە قەدەغەکردنی هاوردەی نەوت و وزەی دیکەی ڕووسیای ڕاگەیاند لە تۆڵەسەندنەوە بۆ داگیرکارییەکانی لە ئۆکرانیا و تیشکی خستەسەر پشتیوانییەکی بەهێزی هەردوو پارتی بۆ ئەو هەنگاوەی کە خۆی دانیبەوەشدا رەنگە نرخی سوتەمەنی لە ئەمەریکا بەرزبکاتەوە.

بایدن لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی گوت " ئێمە هەموو هاوردەیەکی نەوت و گازی ڕووسیا قەدەغە دەکەین، ئەمەش مانای ئەوەیە چیتر سوتەمەنی ڕووسیا لە بەندەرەکانی ئەمەریکا نامێنێت و خەڵکی ئەمەریکا گورزێکی دیکەی بەهێز لە ئامێری شەڕی پوتن دەدەن."

بایدن لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەوروپا، کە ئەوان زۆر زیاتر پشتیان بە نەوتی ڕووسیا بەستووە، کاردەکات تا بتوانن زیاتر پوتن و ئابوری ڕووسیا کە بەهۆی سوتەمەنی بەهێزە پەراوێز بخەن. ماوەیەکی کورت بەر لە ڕاگەیاندنەکەی بایدن بەریتانیا ڕایگەیاند هەتا کۆتایی ساڵی 2011 کۆتایی بە هاوردەی سوتەمەنی ڕووسیا دەهێنێت.

بایدن گوتی ئەو سزایانەی کە لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانانی سەپێندراون لە ئێستاوە زیانیان گەیاندووە بە ئابوری ڕووسیا. گوتیشی دواین هەنگاوە بە ڕاوێژکردن لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکان لە سەرانسەری جیهان بڕیاری لەسەر دراوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2021دا مانگانە زیاتر لە 20 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی لە ڕووسیاوە هاوردە کردووە.

سەرۆک بایدن پێشبینی کرد لە ئەنجامی "شەڕی پوتن" نرخی سوتەمەنی بەرزتر دەبێتەوە، بەڵام بەڵێنی دا ئەوەی لە دەسەڵاتیدابێت دەیکات بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی ئەمەریکا کەمتر بکاتەوە. هەروەها هۆشداریشی دا بە کۆمپانیاکانی سوتەمەنی ئەمەریکا کە ئەم دۆخە نەقۆزنەوە بۆ گرانکردنی نرخەکانیان.

XS
SM
MD
LG