Accessibility links

رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لەسەر بۆردومانکردنی نەخۆشخانەکانی ئۆکرانیا دەدات


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕادەگەیەنێت هێرشەکان بۆ سەر نەخۆشخانەکان و ئامبوڵانسەکان و دەزگا تەندروستییەکانی دیکەی ئۆکرانیا لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بە ڕادەیەکی زۆر زیادی کردووە، لەکاتێکدا ئەو وڵاتە بەدەست کەمی پێداویستییە پزیشکییە گرنگەکانەوە دەناڵێنێت.

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕۆژێک پێش ڕاگەیاندنەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە ڕۆژی دووشەممە پشتڕاستیکردەوە هەر لە 24ی مانگی 2 ی ئەمساڵەوە واتا لە سەرەتای هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا لە 16 هێرشدا بۆ سەر دامەزراوە تەندروستیەکان لانیکەم 9 کەس کوژراون ، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە کێ بەرپرسیارە.

کاترین سماڵوود بەرپرسی باڵای فریاگوزاری ئەوروپا لە راگەیاندنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ لەو رووداوانەدا ئامبوڵانسەکان کە بە مەبەستی گواستنەوەی نەخۆشەکان بەکارهێنراون دەستیان بەسەردا گیراوە.

سماڵوود وتیشی" ئێمە بەردەوام دەبین لە نوێکردنەوەی ئەم ژمارانە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زۆر بە خێرایی زیادیان کردووە."

هانس کلوگ بەڕێوەبەری هەرێمی ئەوروپا لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند کە ئاژانسەکە بەخێرایی کاردەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکانی کە بریتین لە ئۆکسجین و ئەنسۆلین و پێداویستییەکانی پاراستنی کەسی و کەرەستەی نەشتەرگەری و کەرەستە و پێداویستییە پزیشیکییەکان بۆ ئۆکرانیا.

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە دابینکردنی ئۆکسجین و ڤاکسین بۆ منداڵان بەتایبەتی دژ بە نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان و دابینکردنی شارەزایی تەندروستی دەروونیش بەشێکن لە ئەرکە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەکە بۆ ناوچەکە.

لە لێدوانێکی جیادا سەنتەری ئەوروپا بۆ نەهێشتن و کۆنتڕۆلکردنی نەخۆشی ناسراو بە (ECDC) ڕایگەیاند لە کاتێکدا دراوسێکانی ئۆکرانیا میوانداری پەنابەرانی ئۆکرانیا دەکەن، هێشتا هاوکارییەکان لە ئاستی پێویستدا نین و دەبێت هاوکارییەکە بەرنامەکانی کوتانی دژ بە پەتای سیرۆژەش بگرێتەوە.

سەنتەرەکە لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە پێویستە کارە بەراییەکان تەرخان بکرێت بۆ پێدانی ڤاکسینی دژی کۆڤید-19 و نەخۆشی ئیفلیجی مناڵان (پۆلیۆ) و هەروەها سورێژەش.

ئاژانسەکە وتیشی "قەرەباڵغی لە پەناگە و ناوەندەکانی پێشوازیکردن لەوانەیە زیاتر ببنە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای سورێژە ، بەتایبەتی لە وەزی بەهاردا کە هاوکاتی وەرزی سروشتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیە."

XS
SM
MD
LG