Accessibility links

ئێران دەڵێت سەتەلایتێکی نوێی سەربازیی دەنێرێت بۆ واڵایی ئاسمان 


Iran Nuclear
Iran Nuclear

لە کاتێکدا باس لەوە دەکرێت گفتوگۆکانی ڤیەننا بۆ بوژاندنەوەی ڕێککەوتنێکی ناوکی ساڵی 2015ی نێوان تاران و زلهێزەکان گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ، ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند سەتەلایتێکی سەربازی بە سەرکەوتوویی ناردووە بۆ واڵایی ئاسمان.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرنا بڵاویکردووەتەوە "دووهەم سەتەلایتی سەربازی ئێران بە ناوی نور-2 لە ڕێگای موشەکی قاسێدی سوپای پاسدارانەوە بەرەو واڵایی ئاسمان هەڵدراوە و بە سەرکەوتوویی لە خولگەی 500 کیلۆمەتریی زەویدا شوێنی گرتووە."

سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێکیدا لە ماڵپەڕی سپاه نیوز، سەتەلایتی نور-2 ی بە "سەتەلایتی پشکێنەر" وەسف کردووە.

دەوترێت ئەم مانگە دەستکردە لە بیابانەکانی شاهرود لە پارێزگای سمنان، کە نزیکەی 300 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی پایتەختەوە دوورە، هەڵدراوە.

عیسا زارعپور، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیا گوتی "یەکەم سیگناڵەکانی نور-2 بە سەرکەوتوویی لەلایەن وێستگە زەمینیەکانەوە تۆمارکراوە."

ئەو هەروەها گوتی "ئەم سەتەلایتە پشکێنەرە هەر 90 خولەک جارێک بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە و ئەرکەکەی بەلایەنی کەمەوە سێ ساڵ دەخایەنێت".

ئەمەریکا بە بەردەوامی نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بەوەی کە ئەم جۆرە چالاکییانە دەتوانن تەکنەلۆجیای مووشەکی بالستیکی ئێران بەهێز بکەن.

بەڵام ئێران سوورە لەسەر ئەوەی کە لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکیدا نییە و مانگە دەستکرد و مووشەکەکانی تەنها بۆ مەبەستی مەدەنی یان بەرگریی بەکاردەهێنێت.

ئێران لە مانگی 4ی ساڵی 2020دا بە سەرکەوتوویی یەکەم سەتەلایتی سەربازی خۆی نار بۆ ناو خولگە زەوییەوە و ئەمەش بوو بە هۆی ڕەخنەی زۆری واشنتن.

سپا نیوز ڕۆژی سێشەممە گوتی کە سەتەلایەتی نور-1 هێشتا بە تەواوی کار دەکات و زانیاری دەگوازێتەوە.

هەڵدانی ئەم سەتەلایتە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی زلهێزی بەشدار لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێراندا ڕایانگەیاندوە کە نزیک بوونەتەوە لە ڕێککەوتن.

چەند ڕۆژ پێش ئێستا سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو کە ڕووسیا خوازیاری گەرەنتییەکە بە نوسراوی لە لایەن ئەمەریکاوە سەبارەت بەوەی کە بازرگانی مۆسکۆ و وەبەرهێنان و هاوکاری تەکنیکی سەربازی لەگەڵ ئێران بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاواوە، ئاستەنگی نەخرێتە بەر و زۆرێک پێیان وایە لەوانەیە ئەو داواکارییەی ڕووسیا چەندان مانگی وتوێژی چڕی نا ڕاستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتن لە ڤیەننا لەناوبەرێت.

ڕۆژی دووشەممە میدیا دەوڵەتییەکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە کە وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان ڕایگەیاندوە کە کۆماری ئیسلامی رێگە بە هیچ لایەنێکی بیانی نادات بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی لاواز بکات و دەشڵێت وەزیری دەرەوە ڕایگەیاندوە لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسیەکانەوە چاوەڕێی ڕوونکردنەوە دەکات لە ڕووسیا سەبارەت بە داواکارییەکەی.

هەروەها ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی ئەو جۆرە داواکاریانە بێ بنەمان و گوتیشی سزاکانی سەر ڕووسیا لەسەر داگیرکردنی ئۆکرانیا "هیچ پەیوەندیەکی بە ڕێککەوتنە ناوەکییەکەی ئێرانەوە نییە".

دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئێران، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ڕووسیا، چین و یەکێتی ئەوروپا، هەروەها ئامادەبوونی ناڕاستەوخۆی نوێنەرانی ئەمەریکا لە ڤیەننا لە 10 مانگ بەر لە ئێستاوە دەستیپێکردووە و لە ئێستادا وەک نوێنەرانی ئەو وڵاتانە ڕایانگەیاندوە لە قۆناغی کوتایی دانوستانەکاندان.

ئامانجی کۆتایی گفتوگۆکان گەڕانەوەیە بۆ ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان

XS
SM
MD
LG