Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت هێرشەکەی ڕووسیا خاو بۆتەوە لەکاتێکدا هاوڵاتیانی مەدەنی هەڵدێن


سوپا و هەواڵگری ئۆکرانیا دەڵێن هێرشەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بەردەوام بوون بەڵام بەشێوەیەکی بەرچاو خاو بوونەتەوە، هەروەها دووەمین فەرماندەی باڵای ڕووسی لە ئۆکرانیا کوژراوە، ئەمەش لەکاتێکدا هاوڵاتیانی مەدەنی بەهۆی بۆردومانکردنی شارەکانیانەوە هەڵدێن.

لە شاری ئیرپین کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوا کیێڤەوە، دانیشتوانەکەی لەگەڵ منداڵ و کۆرپەکانیاندا هەڵهاتن، دایکێکی گەنج کە کۆرپەیەکی هەڵگرتبوو و کچەکەشی لەگەڵیدا وەستابوو وتی " ئەمە کارەساتە، شارەکە کاول بووە، ئەو ناوچەیەشی کە من لێی دەژیم هیچ خانوویەکی تێدا نەماوە سەرجەمیان بۆردومان کراون."

وتیشی " دوێنێ بۆردومانەکان زۆر زۆر بوون، دەنگ و ڕووناکییەکەی ترسناک بوون، سەرانسەری بیناکە دەلەرییەوە."

ڕۆژی سێشەممە هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیا وتی هێزەکانی ئۆکرانیا جەنەڕاڵێکی ڕووسییان لە نزیک شاری خارکیڤ کوشتووە، ئەمەش دووەمین فەرماندەی ڕووسییە لە داگیرکارییەکەی ڕووسیادا بکوژرێت.

بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا وتی جەنەڕاڵ ڤیتاڵی گیراسیمۆڤی جێگری یەکەمی فەرماندەی سوپای 41 ی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە کوژراوە.

سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیاش وتی هێرشەکەی ڕووسیا بەردەوامە بەڵام بەشێوەیەکی بەرچاو خاو بۆتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا ڕووسیا پێشنیاری کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی کرد لە کیێڤ و خارکیڤ و شارەکانی دیکەی ڕووسیا، بەڵام کیێڤ پێشنیارەکەی ڕەت کردەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو ڕێڕەوانە سەرجەمییان دەچنەوە سەر ڕووسیا و بێلاڕووس.

دەزگای هەواڵی ڕووسیا وتی مۆسکۆ ڕێگەیداوە بە هاوڵاتیانی سومی و ماریوپۆڵ بچنە شوێنەکانی دیکەی ئۆکرانیاوە، هەروەها کاتێکی دیاریکراویشی داوەتە ئۆکرانیا تاوەکو ڕازی ببێت.

دوابەدوای خولی سێیەمی گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە بێلاڕووس کە مەبەست لێیان کەمکردنەوەی خوێنڕشتنەکانە لە ئۆکرانیا، نوێنەرانی هەردوولا ئاماژەیان بەوەدا پێشبینی ئەوە نەکرێت کە خولی دواتری گفتوگۆکان ئەنجامێکی کۆتایی لێبکەوێتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژی پێنجشەممە وەزیرانی دەرەوەی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە تورکیا کۆدەبنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG