Accessibility links

ژنە چالاکوانێک: شایی 8 ی مارس لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ بووەتە شین


8ی مارسی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ دووەم ڕۆژی پرسەی کچێک کە تەرمەکەی لەسەر شەقامێکی پایتەختی هەرێم بە کوژراوی فڕێدرابوو.


خانمان و چالاکوانانی هەرێمی کوردستان بە جلی ڕەش و پرسەدانان بۆ دۆزینەوە تەرمی ژنێک لەسەر شەقامێکی هەولێر بە کوژراوی مەراسیمەکانی 8 ی مارس لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبەن.



”هۆکاری ڕەشپۆشی چالاکوانانی ژن لە هەرێمی کوردستان لەمساڵدا ”

ئاڤان فارس جاف
ئاڤان فارس جاف

لەو ڕووەوە ئاڤان فارس جاف چالاکوانی ژنان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند” خۆی ئەم ڕۆژە لە دەرئەنجامی ئەو مەرگەساتانەوە دیاریکراوە کە بەسەر ژناندا هاتووە، ئێمە لە ڕێکخراوەکانی ژنان پێمان وایە هەرێمی کوردستان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە لە ڕۆژی جیهانی ژنان پیرۆزبایی لە یەکتر بکەین لە کاتێکدا ژن کوشتن و کەیسەکانی کوشتنی ژنان هەتا ئێستا وەک پێویست بەدواداچونی بۆ نەکراوە، بابەت ئەو ڕەشپۆشیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمەی چالاکوانان و ڕێکخراوەکان خەمبارین بەو دۆخە مەترسیدارەی تێدەپەڕێت لە هەرێمی کوردستاندا، تەنها لەم دوو مانگەی ڕابردوو پانزە ژن کوژراون، ک زۆرجار دەرئەنجامی ئەو کەیسانە بۆ ئێمەی چالاکوانان دڵخۆشکەر نیە، یان زۆر جار لە دادگا ڕادەکرێن، بۆیە پێمان وایە ڕۆژی جیهانی ژنان بۆ ئێمەی ژنان لە کوردستان ڕۆژێکی دڵخۆشکەر نیە تا پیرۆزبایمان لێبکرێت و بە جلی ئاڵاو واڵا پێشوازی لێبکەین بە پێچەوانەوە دەبێت . ”



”ئامارەکانی دوو مانگی کوشتنی ژنان ”

ئامارەکانی کوشتنی ژنان و توند و تیژی دژی ژنان بە پێی وتەی چالاکوانانی ڕێکخراوەکانی ژنان مەترسیدارن، هەرچەندە خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت لە دوومانگی ڕابردوو نۆ ژن کوژراون . ”

بەڵام ئاڤان فارس جاف چالاکوانی ژنان دەڵێت. ” پانزە ژن بە شێوازی مەترسیدار کوژراون. ”

خانزاد ئەحمەد
خانزاد ئەحمەد

هەروەها د. خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگری کردن لە کوشتنی زیاتری ژنان ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە پێویستە بکوژانی ژن دەستگیر بکرێن، چونکە هەندێکجار دەستگیر ناکرێن یا کە دەستگیر دەکرێن وەکو پێویست لە لایەن دادگاوە سزایان لەسەر ناسەپێنرێت، بەڵام لە هەمانکاتدا سوپاسی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی توند و تیژژیەکانی دژی ژنان دەکەم کە ڕۆڵێکی قارەمانانەیان هەیە لە پاراستنی ژنان و کچان، بەڵام لە هەمانکاتدا کەسمان ناتوانین نکوڵی لەوە بکەین کە سیستمی وەڵام دانەوە و پاراستنی ژنان هەندێک کێشەی تێدایە چ لەسەر یاسا بێت چ لەسەر ئاستی جێبەجێکردن بێت بۆیە هەموومان پێویستە بە یەکەوە کاربکەین تا چارەسەری ئەو کەموکورتییانر بکەین. ”



” ڕەنگە کەمتەرخەیەکە ئەوە بێت کە تا ئێستا وەک پێویست نەمانتوانیووە ڕاپۆرتی ئەو کەسانەی سزای قورسییان وەرگرتووە لەسەر کەیسی ژنان بڵاو بکەینەوە بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو ”

جگە لە دامودەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش، لە هەرێمی کوردستان لە پاڵ ڕێکخراوەکانی داکۆکی کردن لە مافەکانی ژنان بەڕێوەبەرایەتی ڕووبەڕوبونەوەی توند و تیژی دژ بە ژنان و خێزان هەیە، کە ئەرکیان ڕوبەڕوبونەوەی توند و تیژییە دژی ژنان و خێزان.

ئاری ڕەفیق جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان دەڵێت ”لە ناو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان چەندین دەستگیرکراوی دۆسێیەکانی ژنان هەن، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی ڕوبەڕوبونەوەی توند و تیژی دژ بە ژنان و خێزان هەر کەیسێک بێتە لامان لە هەموو بەڕێوەبەرایەتی و پارێزگاکان کارمان لەسەر کردووە و ناردومانەتە دادگا لە دادگاش حوکمی پێدەرچووە، بەڵام ڕەنگە کەمتەرخەیەکە ئەوە بێت کە تا ئێستا وەک پێویست نەمانتوانیووە ڕاپۆرتی ئەو کەسانەی سزای قورسییان وەرگرتووە لەسەر کەیسی ژنان بڵاو بکەینەوە بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو لانی کەم ئەمە ئەرکێک دەبێت کە ئەو ڕاپۆرتە و پیتی یەکەمی تاوانبارەکان بڵاو بکەینەوە. ”


”شێوازە مەترسیدارەکانی کوشتنی ژنان هۆکاری چیە؟

جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕووبەڕوبونەوەی توند و تیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هۆکاری ئەو شێوازە کوشتنە مەترسیدارانە کرد کە لەم ماوەی دوایدا لە هەرێمی کوردستان کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە، بەتایبەت سوتانی دوو ئافرەت لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە. ”

لەو ڕوەوە ئاری ڕەفیق وتی” ڕوانینێک هەیە لە زانستی کۆمەڵایەتیدا دەوترێت هەر پێشکەوتنێکی کۆمەڵگا پێداویستی تازە و تاوانی تازە دەهێنێتە ئاراوە، بۆ نمونە ئێمە بەراوردێک بکەین ل پێش 2010 لە هەرێمی کوردستان شتێکمان نەبوو بەناوی تاوانی ئەلیکترۆنی چونکە ئەوکات تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەبوون، وە بەراورد بکەین ئەو تاوانانەی لە 2000 و نەوەدەکان هەبوون جیاوازن ترن لە هەشتاکان ئەمەش هەمووی بەهۆی ئەوی کۆمەڵگا گۆڕانکاری بەسەر هاتووە، بۆیە وا دەبینرێت پێشکەوتنی کۆمەڵگا لە 2030 -2031 تاوانی نوێتر بێتە ئارا. ”

چالاواکوانەکەی ژنانیش دەلێت ”نەبوونی هەڵمەتی نیشتمانی درێژخایەنی ڕووبەڕوبونەوەی توند و تیژی دژ بە ژنان یەکێکە لە هۆکارەکانی زیادبونی توند و تیژی دژ بە ژنان. ”


چارەسەرەکان


بە بڕوای د. خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە لە هەرێمی کوردستان سیستمی پێشگیری کردن لە توند و تیژی پەیڕەو بکرێت ” ئەوەی پێویستە سیستمی پێشگری کردن و هۆشیارکردنەوە زیاتر کارا بکرێت لە لایەن دامودەزگاکانی حکومەتەوە کە بەداخەوە کەمتەرخەمی لەو ڕووەوە هەیە، هەڕچەندە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بە پێی ئەو توانایەی هەیانە کارییان کردوو بەڵام ئەمە ئەرکی دامودەزگاکانی حکومەتە. ”

وتیشی” ئەوەی گرنگە حکومەت لە ڕێگای تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەتەوە سیستمی هۆشیاکردنەوە و پێشگیری کردن لە ڕێگای دامودەزگا پەروەردەیی و ئاینی و ڕۆشنبیرییەکانەوە پێش بخات تا هەستن بە هۆشیار کردنەوەی تاک. ”

”پێویستە لە دادگاکان بە چاوێکی جدی تر سەیری کەیسەکانی خانمان بکرێت بەڕاستی سستیەکی تێدایە ودەبێت ڕیفۆرم بکرێت پێویستە زۆر زوتر بەو ڕیفۆرمەدا بچنەوە تا کارەساتی گەورەتر ڕووینەداوە. ، چونکە سزا بۆ چاوترساندنی کەسانی تر ئەوە یەکێکە لە ڕێگاکانی پێشگری کردن لە توند و تیژی دژی ژنان، بەڵام سستی لە بەدواداچون و کەیسەکانی کوشتنی ژنان وایکردووە کە جۆری کوشتنەکانی ژنان جۆرا و جۆر و زۆر ببن، وای لێهاتووە بکوژی ژنێک بڵێ چیە ژنێکم کوشت.د.خانزاد ئەحمەد وایوت ”

یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی توند و تیژی دژی ژنان و خێزان دەڵێت” من وەک بۆچونی کەسیم لەگەڵ ئەوەم هەرکەس بە ئەنقەست و بە بەرنامە ژنێکی کوشت بکوژرێتەوە و توندترین سزا بدرێت، بەڵام ئەم بۆچونە کەسیەی من جیایە لەگەڵ دادوەرەکان و ڕەنگە کەسانی یاسادەنەر و پارێزەر و نوێنەری داواکاری گشتی، بۆیە ئەگەر بمانەوێت بە کردار ڕێگری بکەین لە ژنکوژی و کۆمەڵگا ڕابگرین دەبێت سزاکان توندر بکەین لەسەر بکەران و بکوژانی ژن.

ئاڤان فارس جاف پێی وایە چارەسەر بۆ ڕووبەڕوبونەوەی ئەو توند و تیژیەی لە کوردستان هەیە دژ بە خانمان پێویستە لە ڕێگای فشار خستنە سەر حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم بێت بۆ جێ بەجێکردنی یاسا، وتیشی ” پێویستە یاسا وەک خۆی جێ بەجێ بکرێت دوور لە باوک و پیاو سالاری”

هەرچەندە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2011 یاسای (بەرەنگار بوونەوەی توند و تیژی دژ بە خێزان) دەرکرد بەڵام بە وتەی پارێزەران ئەو یاسایە کەموکورت هەیە، هۆکاری زیاتر بوونی توند و تیژی دژی ژنان بۆ خودی یاسای بەرەنگار بوونەوەی توند و تیژی خێزانی دەزانن.

پارێزه‌ر هێمن عومه‌ر
پارێزه‌ر هێمن عومه‌ر

لەو ڕوەوە پارێزەر هێمن عومەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ” خودی یاسای بەرەنگار بونەوەی توند و تیژی خێزانی لە ماددە 2 دا تاوانەکانی دژ بە ژنانی لەسەر نمونە هێناوەتەوە واتە لێرەدا دادگا دەتوانێت تاوانێک بە تاوان وەربگرێت یاخود ڕەتی بکاتەوە کە تاوانە، هەروەها لە یاساکەدا هاتووە کە لیژنەی ئاشتەوایی خێزان پێکدەهێنرێت، ژن و پیاوەکە دەچنە بەردەم لیژنەکە بۆ ئاشتەوایی لە کاتێکدا ئەگەر پیاوێک دوو هەفتە بێت گیرا بێت لەسەر دۆسێیەک مانای نیە و لاوازە چ پیاوێک قبوڵیەتی دوو هەفتە زیندانی بکرێت و دوایش ئاشت بکرێنەوە و ژیانی لەگەڵ بکات؟! بەڕاستی خودی یاساکە کۆمەڵێک کەموکوڕی تێدایە، لەهەمان کاتدا گرنگە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی زیاتر کار لەسەر هۆشیار کردنەوەی ژن و پیاو و دیاریکردنی ئەرک و مافی هەریەکەیان بکەن. ”

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:46 0:00

XS
SM
MD
LG