Accessibility links

ئەنکەرە: وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا، ئۆکرانیا و تورکیا ڕۆژی شەممە کۆدەبنەوە


ئەنکەرە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند وەزیرانی دەرەوەی ئۆکرانیا و ڕووسیا هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی شەممەی داهاتوو لە باشووری تورکیا کۆدەبنەوە.

لەو بارەیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغڵو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت" دوابەدوای دەستپێشخەریەکەمان لەلایەن سەرۆکی وڵاتمان و هەروەها هەوڵە دیپلۆماسیەکانمان، دەرئەنجام وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئۆکرانیا بڕیاریان داوە بە بەشداریکردنی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەراوێزی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەدا کۆببنەوە.

گوتیشی "هیواخوازە ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی ئاشتی و سەقامگیری."

ڕاگەیاندنی کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ڕوسی و ئۆکرانییەکەیدا ئەنجامداوە.

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بە ئاژانسی هەواڵی تاس-ی ڕووسیای ڕاگەیاند، لە میانەی گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لە نێوان پوتن و ئەردۆغان لە کۆتایی هەفتەدا ڕێککەوتنێک لەسەر کۆبوونەوەی سێ قۆڵی کراوە.

ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی بیانی لاڤرۆڤ دەبێت لەوەتای شەڕ لەگەڵ ئۆکرانیا دەستیپێکردووە، کە ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن جیهانی ڕۆژئاواوە فەرامۆشکراوە.

ئۆلیگ نیکۆلینکۆ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ڕاگەیاند" ئەگەری ئەنجامدانی ئەم جۆرە کۆبوونەوەیە لە ژێر چاودێریدایە".

XS
SM
MD
LG