Accessibility links

فاروق حەننا شەمعون: تا ستایش و پیاهەڵدانی سیاسی بەردەوام بن ئەوا کێشەکانی عێراقیش درێژەیان دەبێت


پێناچێت کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ لەمەودوا کۆبوونە
وەی ئاسان بن بەهۆی پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی لایەنە سیاسییەکانی ناو وڵاتەکە، ئەمەش وەها دەکات کۆبوونەوەکان ئاڵۆزبن و هەر لایەنێکیش هەوڵ بدات بۆ بەدەستهێنانی پشکی شێر وەک عێراقییەکان خۆیان دەڵێن لە هەریسەکە.

هەربۆیەشە پێدەچێت بۆ ئەم چەند ساڵەی داهاتوو بەرژەوەندییە سیاسییەکان زاڵ بن بەسەر ئەو ئامانجە گەورانەی هەڵبژاردنەکەی مانگی 10ی عێراقیان لە پێناودا کرا.

فاروق حەننا شەمعون، ئەندامێکی کریستیانی پەرلەمانی عێراقە و دەڵێت "چونکە عێراق و ئاڕاستە سیاسییەکانی ئێستای عێراق بەستراونەتەوە بە پیاهەڵدان و ستایشی سیاسییانە لە پەیوەندی بە نەژاد و تایفەگەرایی و ئاین و ئاینزاییەوە، هەربۆیە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی پێشوو و تەنانەت ئایندەش نابنە دەرچەیەک بۆ ئەو قەیرانانەی لە عێراقدا هەن."
بەڕێز حەننا، ئاماژەش بەوە دەکات کە عێراق لە بۆشاییەکی دەستوریدایە و دەڵێت "ئەم بۆشاییە دەستوریەش عێراق دەبات بەرەو نادیارییەک کە نازانین کوێیە."

بەڕێز حەننا، جەختیش دەکاتەوە لەوەی خوێنی قوربانییەکانی ڕاپەڕینی تشرین و شۆڕشی لاوان ئەو هەڵبژاردنە نوێیەی هێنایە ئاراوە لە عێراقدا و توانرا هەر هیچ نەبێت ژمارەیەک خەڵکی سەربەخۆ بگەنە پەرلەمان و دەڵێت "ئەو ئەندامە نوێیانەی ئەنجومەنی نوێنەران، خەڵکی نیشتمان پەروەرن و خەڵکێکی ژیرن، هەربۆیە دەشێت گۆڕانکارییەکی بەرچاو دروست بکەن بەتایبەتیش لە ڕووی کۆتاییهێنان بەو ستایش و پیاهەڵدانانەی پێشتر هەبوون و عێراقیان بەم ڕۆژە گەیاند و کاریگەرییەکانیشی تا ئێستا درێژەیان هەیە."

نزیکەی 5 مانگ بەسەر هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا تێپەڕ دەبێت و هێشتاش وەک بەڕێز حەننا دەڵێت "نەتوانراوە پۆستی سەرۆکی کۆمار یەکلا بکرێتەوە، کەواتە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیش کاتێکی زۆری دەوێت تا لایەنە سیاسییەکان بتوانن هەر هیچ نەبێت هاوڕاییەکیان هەبێت لە نێوانیاندا."

فاروق حەننا شەمعون، باسیش لەوە دەکات پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ ڕووبەڕووی کێشەی تر و گەورەتریش دەبێتەوە لەناو پەرلەماندا و دەڵێت "لەوبڕوایەدایە پێکهێنانی حکومەت دوا دەکەوێت بە شێوەیەک کە هەرگیز چاوەڕوانکراو نەبووە."

ئەم ئەندام پەرلەمانەی عێراق ئاگاهیش دەدات وەک دەڵێت "هەرچەندێک ئەم پرۆسەیە دوا بکەوێت، ئەوا هێندەش بێزاری و ناڕەزاییەکانی گەلی عێراقیش زیاتر دەبن."

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ فاروق حەننا شەمعون، ئەندامی کریستیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵێن ساڵح ئەم ڕاپۆرتەی ئامادە کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:32 0:00

XS
SM
MD
LG