Accessibility links

کەمال محەمەد: تەنها لە 10% ی داهاتی وەزارەتی کارەبا بۆ ئێمەیە ئەوی تر دەچێت بۆ بابەتی بودجەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم


 کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان
کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان

کەمال محەمەد وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت داهاتی وەزارەتی کارەبا تەنها 10% ی بۆ ئێمەیە ئەوی تر دەچێت بۆ بابەتی بودجە چونکە ئەولەویەتی کابینەی 9 دابینکردنی موچەی موچەخۆرانە لەو 10% یەش،8% بۆ پرۆژەکانە و 2% بۆ حەوافزی عەداد ئەوانەی دەچن داهات کۆدەکەنەوە، ئەوەی تر بۆ سووتانی وێستگە و گۆڕینی تۆڕەکانە و گەڕەکی تازە ئەوەش تەنها 8%، واتە ئێمە داهات ڕادەستی وەزارەتی دارایی دەکەین لە 2021 داهاتی ئێمە 586 ملیار دینار بووە لەوە 10% بەردەستمان بووە ئەوی تری هەمووی دەچێت بۆ وەزارەتی دارایی، بە تێکڕا داهاتی مانگانەی وەزارەتی کارەبا، له ‌نێوان 45-50 ملیار دیناره.


" دۆخی کارەبا و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا"

لە سەرەتای وتووێژەکەدا کەمال محەمەد وەزیری کارەبای هەرێم وتی"سەبارەت بە کێشەکانی کارەبا ئەوە چەندین ساڵە لە وەرزی زستان خواست لەسەر کارەبا زیاد دەبێت، ئەمساڵ دابین کردنی گازی کیرۆسین و ئەوانە نەبووە، هەروەها بەشداربووانی کارەبا ساڵانە لە 80 بۆ 90 هەزار ساڵانە زیاد دەکات، ئەو سوتەمەنیەی ئێمە پشتی پێدەبەستین بڕێکی زیاتر غازە کە نزیکەی 450 پێ سێ جا، ئەو بڕەش جێگیرە نزیکەی سێ هەزار و پێنج سەد بۆ سێ هەزار و پێنج سەد مێگا وات بەرهەم دێنین، خواست لەسەر کارەبا لە زستاندا دەگاتە نزیکەی 6500 مێگا وات، ئەگەر ئێمە باسی مانگی 12 بکەین یان مانگی 2 بکەین تەنها 12 کاتژمێر و 20 خولەک کارەبامان دابوو، ئەوە بارودۆخی کارەبایە بەڵام ئێستا لەم چەند هەفتەیە نزیکەی 13-16 کاتژمێر کارەبا دەدەین. "



" ئەگەر سووتەمەنی هەبێت دەتوانرێت ئەمڕۆ بڕی تەواوی کارەبا بەرهەم بهێنین"

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کەی هەرێمی کوردستان وای لێدێت کێشەی کارەبای بە تەواوی نەمێنێت؟ لە وەڵامدا وەزیری کارەبای هەرێم وتی"ئێمە ژێرخانێکمان هەیە کە 6700 مێگاواتە، ئەگەر ئەمڕۆ سوتەمەنی هەبێت ئەو بۆ وێستگانەی ئێستا هەن دەتوانین 6700 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنین بەڵام ئەو غازەی هەمانە 450 پێ سێ جایە ئەوە بەش ناکات ئێستا ئێمە 14-15 یەکە هەریەکەی 425 مێگاواتە وەستاون و کارناکەن لەبەر بابەتی سوتەمەنی. "



دەربارەی ئەوەی بۆچی سوتەمەنی پێویست ناکڕن وەک خۆت دەڵێی ئەگەر سوتەمەنی پێویست هەبێت کێشەی کارەبا چارەسەر دەبێت؟

لە وەڵامدا کەمال محەمەد وەزیری کارەبای هەرێم وتی" ئەوە تێچووەیەکە لەسەرمان و ئێمە لە قەیرانێکداین چونکە ئەوە چەندین مانگە سولفەی هەرێمی کوردستان یان بودجەی هەرێم لە بەغداد جارێک دەینێرن و جارێک دەوەستێت ئەمە هۆکارێک بوو کە ئێمە لەڕووی ئابوریەوە ئەو توانایەمان نییە دیزل بکڕین و وێستگەکانی خۆمان بەگەڕ بخەین، بۆنموونە ئێستا وێستگەیەکی هەزار واتمان لە دهۆک هەیە بەڵام تەنها 50 مێگاوات ئیش پێدەکەین ئەوەش لەبەر بابەتی سوتەمەنی، وەکو ژێرخان هیچ کێشەمان نییە تەنها بابەتی سوتەمەنییە، وەک پلانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کە ساڵی داهاتوو لە مانگی چوار غاز زیاد دەبێت ئەو کاتە دەتوانین یەکەکانی خۆمان ئیش پێبکەین و دۆخی کارەبا بەرەو باشتر بچێت. "


"داهاتی وەزارەتی کارەبا "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، وەک ئاماژەتان بە گرفتی سوتەمەنی و نەبوونی بودجەی پێویست کرد بۆ کڕینی سوتەمەنی بەڵام وەزارەتی کارەبا یەکێکە لەو وەزارەتانەی کە داهات بۆ حکومەت کۆدەکاتەوە و داهاتی خۆی هەیە، ئەو داهاتەتان چی لێدێت؟

وەزیری کارەبای هەرێم وتی" داهاتی وەزارەتی کارەبا تەنها 10% ی بۆ ئێمەیە ئەوی تر دەچێت بۆ بابەتی بودجە چونکە ئەولەویەتی کابینەی 9 دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانە لەو 10% یەش،8% بۆ پرۆژەکانە و 2% بۆ حەوافزی عەداد ئەوانەی دەچن داهات کۆدەکەنەوە، ئەوەی تر بۆ سوتانی وێستگە و گۆڕینی تۆڕەکانە و گەڕەکی تازە ئەوەش تەنها 8%، واتە ئێمە داهات ڕادەستی وەزارەتی دارایی دەکەین لە 2021 داهاتی ئێمە 586 ملیار دینار بووە لەوە 10% بەردەستمان بووە ئەوی تری هەمووی دەچێت بۆ وەزارەتی دارایی. "


وتیشی" بەتێکڕا داهاتی مانگانەی وەزارەتی کارەبا، لەنێوان 45-50 ملیار دینارە چونکە داهاتی 2021 هەمووی 585 ملیار دینار بوو. "



"نزیکەی 1.38 تریلیۆن دینار قەرزی ئێمە لای ئەو پێنج جۆرە هاوبەشانەیه"

پێنج جۆر هاوبەشمان هەیە ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی،کشتوکاڵی و میری، 1.38 تریلیۆن دینار قەرزی ئێمە لای ئەو پێنج جۆرە هاوبەشانەیە، ئەوانەی میری 250 ملیار دینارە ئەوی تر نزیکە 1.1 لای هەر چوار جۆر هاوبەشانەی ترن. "


"لێخۆشبوونی قەرزی کاربامان ڕاگرتووە"

سەبارەت بە پلانی وەزارەتی کارەبا بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی کارەبا؟

کەمال محەمەد وەزیری کارەبای هەرێم وتی" ئێمە لە مانگی (11،12،1،2) 15% لێخۆشبوون بۆ ئەو هاوبەشانە هەبووە بۆ دانەوەی قەرزەکانیان بەڵام لە 1-3 ئەو لێخۆشبوونە ڕاگیرا چونکە بەڕاستی بەو شێوەیە استجابە-بەدەمەوەچوون نەبوو. "

ئایا پلانی ترتان هەیە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارانە؟

لە وەڵامدا وەزیری کارەبای هەرێم دەڵێت" پلانی ئێمە ئەوەیە ئەو قەرزانەمان کردۆتە 12 قیست، واتە هەر هاوبەشێک قەرزار بێت بەپێی ئەو دەسەڵاتی ئێمە وەکو وەزارەت داومانەتە بەڕێوەبەرە گشتیەکان کە قەرزەکان بکەنە 12 قیست لەپێناو ئەوەی ئەو قەرزانە هەندێک لەسەر خەڵک سوک ببێت. "



" کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئابوری هەرێم "


"وەزارەتی کارەباش یەکێکە لە وەزارەتەکان کە داهاتی تا ئەندازەیەک باشە بەبەراورد بە وەزارەتەکانی تر"

بەو پێیەی تۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابوری هەرێمی کوردستاندا بەشداربوون وەکو یەکێک لەو وەزارەتانەی داهاتان بۆ حکومەت هەیە، لەو ئەو ئەنجوومەنە سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران پرسیار دەکەم لەبەرئەوەی بەشێک لە داهاتی ئێوەش دەچێت بۆ ئەو ئەولەویەتەی کابینەی 9ی حکومەتی هەرێم کە تۆ ئاماژەتان پێکرد دابین کردنی مووچەی فەرمانبەرانە؟

لە وەڵامدا کەمال محەمەد وەزیری کارەبای هەرێم ئەندامی ئەنجومەنەکە وتی" بێگومان وەزارەتی کارەبا یەکێکە لەو وەزارەتانەی کە هەتا ئەندازەیەک ناڵین باشە بەڵام پاڵپشتیەکی گەورە لەسەر پارەی کارەبا هەیە ئەگەر ئێمە بەراورد بکەین تێچووی یەکەی کارەبا لەسەر حکومەت نزیکەی 88-90 دینارە بەڵام بەتێکڕا 30% ی ئەو هاوبەشانە پارە دەدەن ئەوی تر پاڵپشتی حکومەتە بۆ هاوڵاتیان، وەزارەتی کارەباش یەکێکە لە وەزارەتەکان کە داهاتی تا ئەندازەیەک باشە بەبەراورد بە وەزارەتەکانی تر بەڵام وەکو داهات من باسی وەزارەتی خۆم دەکەم کە داهاتی وەزارەت دەچێتە وەزارەتی دارایی دەبێتە بەشێک لەگەڵ داهاتی نەوت و لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی بەغداد دەینێرێت دەبێتە مووچە بۆ مووچەخۆران هەرچەندە لە بیست و شەش مانگ تەنها دوانزە مانگ هاتووە لەو بڕە پارەیەی بەغداد. "


لە ئەنجومەنی ئابوری چ بڕیارێکتان هەبوو؟

لە وەڵامدا وەزیری کارەبای هەرێم دەڵێت" ئەنجومەنی ئابوری هەر داکۆکی دەکات کە هەموو وەزارەتەکان هەوڵبدەن داهاتی خۆیان زیاد بکەن بەڵام ئەو بڕیارە پێویستە هەر لە ئەنجومەن دەربچێت. "


"ئایا داهاتی هەرێم هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەت؟"

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم کابینەیە زۆر باس لەوە دەکرێت کە داهات ناگەڕێتەوە بۆ حکومەت تەنانەت سەرۆکی حکومەت لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیدا دوو ڕۆژی ڕابردوو ئاماژەی پێکرد، ئایا ئێوە ئەو گرفتەنان هەیە کە داهات لە بەشێکی هەرێمی کوردستان نەگەڕێتەوە؟

وەڵامەکەی وەزیری کارەبای هەرێم وتی" بەڵێ چونکە ئەو کێشەیه (نەگەڕانەوەی داهات لە بەسێک لە ناوچەکانی هەرێم) ‌ ئەو قسە و کێشەیە‌ لەسەر هەموو وەزارەتەکان هەیە، وە بارودۆخی سیاسیش کاریگەری گەورەی لەسەر ئەو داهاتە هەیە، هیواخوازم کە ئەم کێشەیەش لەگەڵ بەغداد و لە هەرێمی کوردستان بەرەو چارەسەر بچێت چونکە بەڕاستی کاریگەری لەسەر هەموو وەزارەتەکان هەبووە یەکێک لەوانەش وەزارەتی کارەبایە. "

لە چ بەشێکدا داهات ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتەکەتان‌؟

لە وەڵامدا وەزیری کارەبا وتی" دیارە لە کوێ ناگەڕێتەوە بەڵام هەموو هەوڵێک بۆ ئەوەیە ئەم کێشەیە ) نەگەڕانەوەی داهات لە هەندێک ناوچە لە هەرێمی کوردستان) چارەسەر ببێت بەڵام بە گشتی هەر داهاتێک بگەڕێتەوە وەکو داهاتی کارەبا بەرامبەر خەرجیەکان وەکو وتم هەتا 30% بەڵام ئەگەر داهاتەکان کۆنەکرێتەوە دەبێتە گرفتێکی تر پێشبینی دەکەم ئەم بارودۆخە لەگەڵ بەغداد چارەسەر ببێت. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:06 0:00
XS
SM
MD
LG