Accessibility links

بەشێک لە فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی حکومەت لە هەڵەبجە و سلێمانی بەهۆی پێنەدانی موچە بایکۆتی کارەکانیان دەکەن


بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیانەوە، کارمەندانی دامەزراوەکانی حکومەت لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی کارەکانیان لە دامەزراوەکان هەڵپەسارد و ڕایانگەیاند لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوت بەرز بووەتەوە و قەیران نەماوە بەڵام بەهۆکاری نادیار موچەی فەرمانبەران ڕاگیراوە، تا موچەکانمان پێنەدرێت بەردەوام دەبین لە بایکۆت کردن.

لە پارێزگای هەڵەبجە جارێکی دیکە بایکۆتکردنی قوتابخانە و دامەزراوەکانی حکومەت لە لایەن مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە دەستیپێکردەوە، بەهۆیەوە مامەڵەکانی هاوڵاتیان لە دامەزراوەکاندا وەستا و کارمەندانی حکومەتیش دەڵێن تا موچەکانمان پێنەدرێت بەردەوام دەبن لەسەر بایکۆت.

هێمن حەمەوەیس کارمەندی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێمە وەک کارمەندانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە بەهۆی دواکەوتنی موچە و گرانی بازار‌ و نەبوونی سوتەمەنی دەستمان لە کارەکانمان هەڵگرتووە، نزیکەی 10ڕۆژە موچە دواکەوتووە، تا حکومەت هەڵوێستێکی نەبێت ئەوا کارەکانمان دەست پێناکەینەوە."

فەرحان عیزەت کارمەندێکی حکومەتە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " دەبوو پێشتر بایکۆتمان بکردایە، پێشتر دەمانووت قەیرانی داراییە ، شەڕی داعش هەیە، بەڵام ئێستا قەیرانەکە نەماوە، ئێمە دەبوو لە ئێستادا کە ڕاپەڕینە بایکۆتمان بکردایە بۆ ئەوە حکومەتی عیراق قەرەبووی هەڵەبجە بکاتەوە نەک بۆ موچەکانمان لە حکومەتی هەرێم."

ئوسامە یونس بە ڕێوەبەری کارگێڕی یەکێک لە دامەزراوەکانی حکومەت لە هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەمڕۆ فەرمانبەران گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە نەک هەرموچەی ئەم مانگە هی مانگەکانی ئایندەش تا دڵنیایی نەدرێت بدرێت ئینجا دەچینەوە سەر کارەکانمان، لە کاتێکدا نرخی نەوت ڕۆژ بە ڕۆژ بەرز دەبێتەوە."

لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆر لە دامەزراوەکانی حکومەت دەستیان لە کارەکانیان هەڵگرتووە، بەڵام دامەزراوە خزمەتگوزاریەکانی دیکەش کە پەیوەندیدارن بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هۆشداری دەدەن کە بایکۆتی کارەکانیان دەکەن ، تا ئێستا هۆکاری دابەش نەکردنی مووچەی فەرمانبەران بە دروستی ڕانەگەیەنراوە، لەگەڵ ئەوەی داوای لیستی مووچە لە چەند وەزارەتێک کراوە بەڵام گەنجینەکان ڕایانگەیاندووە بڕە پارەی پێویستیان لە بەردەستدا نیە تا مووچە دابەش بکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:18 0:00

XS
SM
MD
LG