Accessibility links

دادگای هەولێر بڕیاری دوو ساڵ زیندانی بۆ ژنە چالاکوانی بادینان بێریڤان ئەیوب دەرکرد


ڕۆژی یەکشەممە لە دادگای هەولێر دادگاییکردنی ژنە چالاکوانی بادینان بێریڤان ئەیوب بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەکەی دادگادا بڕیاردرا ئـەم ژنە چالاکوانە بە دوو ساڵ زیندانی بکرێت و ماوەی ڕاگرتنەکەشی بۆ ئەژماربکرێت کە زیاتر لە ساڵێک و پێنج مانگە ڕاگیراوە.

دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا ئومێد موحسین گوتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان لەسەر کەیسی بێریڤان ئەیوب وەربگرێت بەڵام بەردەست نەبوو، بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا بێریڤان ئەیوب بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دادگاییکراوە و بڕیاری 2 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە.

ڕێڤینگ یاسین پارێزەری بێریڤان ئەیوب بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" دوای تێپەڕبوونی 16 مانگ و 22 ڕۆژ بۆ جاری سێیەم دادگای تۆمەتبار بێریڤان ئەیوب بەڕێوەچوو و بڕیاردرا بە دوو ساڵ زیندانی بکرێت، سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە وەکو پارێزەران گومانمان لەسەر هەموو ئەو تۆمەتانە هەبوو بەڵام دادگا وەهای بینی کە ئەو تۆمەت و بەڵگانەی ئاراستەکراون باوەرپێکراون، بۆیە بڕیاریاندا سزای دوو ساڵ زیندانی بۆ دەربکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەگەر ئازادکردنی بە مەرج بێریڤان بگرێتەوە لەو بڕوایەداین مانگێک و سێزدە ڕۆژی تر ئازادبکرێت."

پارێزەکەی دەشڵێت "ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی بێریڤان و چەند هاوڕێیەکی کراون بەپێی مادەی 1 لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 نیازی ئەوەیان هەبوو و کاریان بۆ ئەوە دەکرد کە کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتانی وەکو تورکیا لە هەرێمی کوردستان بکەنە ئامانج و ئـاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدەن."

ژمارەیەک پەرلەمانتار و چالاکوان و ڕێکخراوەکانیش ئامادەی دادگاییکردنی چالاکوانی ژن بێریڤان ئەیوب بوون، سەبارەت بە سەرنج و ڕەخنەکانیان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی بێریڤان ئەیوب و بڕیاردان لەسەر کەیسەکەی، شایان عەسکەری ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " هیچ بەڵگەیەک لەسەریان نەبوو لەبەر ئەوەی بێریڤان ئینکاری کرد کە ئیفادەی دابێت و پەنچەمۆری پێکراوە بەبێ ئەوەی ئیفادەکەی بخوێنێتەوە، هەروەها لە کاتی لێکوڵینەوە پارێزەری نەبووە کەواتە ئەو ماوەیەی کە لە زیندان بەسەری بردووە پێویستە بۆی قەرەبوو بکرێتەوە نەک سزا بدرێت."

بێریڤان ئەیوب تەمەنی 35 ساڵە و خاوەنی پێنج منداڵە نزیکەی ساڵێک و پێنج مانگە لەلایەن دەزگا ئاسایشیەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، دواجار دادگا بڕیاریدا بە دوو ساڵ زیندانی بکرێت بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی، بەپێی زانیاریەکان لە ڕێکەوتی 13ی مانگی چواری 2022 ئەگەر ئازادکردنی بە مەرج بێریڤان ئەیوب بگرێتەوە، لەوانەیە ئازاد بکرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:32 0:00

XS
SM
MD
LG