Accessibility links

ئێران پێشوازی لە لێدوانەکانی شازادەی عەرەبستانی سعودیە دەکات لەسەر پەیوەندییەکانیان


وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە پێشوازیکرد لە لێدوانەکانی ئەمدواییەی شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعودیە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو نەیارە هەرێمییە، وەکو "خواستێکی" چاککردنەوی پەیوەندییەکانیان.

حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی ئێرانی ڕاگەیاند " لێدوانەکانی ئەمدواییەی کاربەدەستێکی باڵای سعودیە خواستیان نیشان دەدات بۆ دامەزراندنی پەیوەندی دوولایەنە لەگەڵ ئێراندا، و ئێمە پێشوازی لەوە دەکەین."

شازادە محەمەد بن سەلمان لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیThe Atlantic کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، گوتووە " وڵاتەکەی و ئێران "دراوسێی هەمیشەیین".

بە پێی ئەو بەشەی وتووێژەکە کە لەلایەن دەزگای هەواڵی فەرمی سعودیەوە بڵاوکراوەتەوە ئەو دەڵێت " ئێمە ناتوانین لێیان ڕزگاربین و ئەوانیش ناتوانن لێمان ڕزگاربن." دەشڵێت " جا باشترە بۆ هەردوولامان بەدوای ئەو ڕێگایانەدا بگەڕێین کە تیایدا بتوانین پێکەوە بژین. " و هیواشی دەربڕی و گوتی " دەتوانین بگەین بە هەڵوێستێک کە بۆ هەردوو وڵات باشتربێت."

لە ساڵی 2016دا خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر ئەرکە دیپلۆماسییەکانی سعودیە لە ئێران پاش ئەوەی سعودیە کەسایەتیەکی ئاینی شیعەی لەسێدارە دا، ڕیاز لەو کاتەدا بە بڕینی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران وەڵامی دایەوە.

ئەو دوو ڕکابەرە لە مانگی چواری ساڵی ڕابردووەوە چوار خولی گفتوگۆکانیان لە عێراق ئەنجام داوە و ئامانجیان باشترکردنی پەیوەندییەکانە.

گەورە دیپلۆماتی ئێران گوتی " ئەم وتووێژانە کەشێکی باشی ڕەخساندووە و ئەنجامی هەبووە، هەرچەندە ئەنجامەکان کەم بوون، بەڵام خۆشحاڵین بەوەی سعودیە ڕێگای دیالۆگی هەڵبژاردووە."

XS
SM
MD
LG