Accessibility links

ئایا ڕۆژنامەوان دانا محەمەد ڕەزگەیی لەسەر چی دەستگیرکراوە؟


بەپێی چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان چەند ڕۆژێکە ڕۆژنامەوانێک دەستگیر کراوە. ڕۆژنامەی هاوڵاتی و وێستگە نیوز دەڵێن ئەو ڕۆژنامەوانەی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین لەسەر ڕاپۆتە هەواڵییەکی ڕۆژنامەوانی کە لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوکراوەتەوە، لە هەولێر دەستبەسەر کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیا خۆجێهییەکان ڕۆژنامەوان دانا محەمەد ڕەزگەیی، لە ڕۆژی 1-3-2022، گوایە لە سەر ئەو ڕاپۆرتە دەستگیرکراوە وەک دەگوترێت لە ساڵی 2019 لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوبووبووتەوە و تیایدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەسێکدا کردووە کە قسەی لەسەر عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی هەولێر کردووە.

بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەو بابەتە دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەرینەوە ئەو دەڵێت "ئەو کەیسە لە سنووری ئێمە نییە، لەبەرئەوەی لە سنووری ئێمە دەستگیرنەکراوە، بەپێی ئەو تاوانەی لە شوێنی ڕووداوەکە ڕویداوە لەوێ لە هەولێر دۆسێی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە، پەیوەندی بە پۆلیسی هەولێرەوە هەیە." بەڵام ئەو ئاماژەی بەوە نەکرد تاوانەکە چییە و گوتیشی "بۆی نییە هیچی تر لەسەر دۆسێکە بڵێت".

هاوکات نامەیەکی دەنگی دانا ڕەزگەیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە باس لەوە دەکات کە لەسەر ئەوە دەستگیر کراوە کە وتووێژی لەگەڵ کەسێکدا کردووە قسەی بە بەڕێوەبەری پێشوی پۆلیس وتووە. لە پەیامێکدا کە ڕۆژی هەینی بڵاویکردوەتەوە و وێنەیەکی بۆ وێستگەنیوز ناردووە و رایگەیاندووە " من هیچ تاوانێکم نەکردووە."

هەتا ئێستا نە دۆسێکە و نە تۆمەتەکانیش بۆ ڕایگشتی ڕوون نەکراونەتەوە.

وتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەرین دەشڵێت "سکاڵایە و تۆمارکراوە، سەدان سکاڵای وا هەیە، چەندین رۆژنامەنوس سکاڵایان لەسەر تۆماردەکرێت و ڕووبەڕی ئەو حاڵەتانە دەبنەوە."

لە مبارەیەوە رێکخەری سەنتەری میترۆ ڕەحمان غەریب دەڵێت "ڕۆژنامەنوسێکی چالاکە و ساڵانێکی زۆرە لە رۆژنامەی هاوڵاتی کاریکردووە، لەو ماوەیەدا داوای یاسایی زۆر هەبووە لەسەر هاوڵاتی و دانا ڕەزگەیی، بە حوکمی ئەوەی چالاکی و ڕاپۆرتەکانی کەشفکردنی مەلەفاتی گەندەڵی بووە لەو ناوچانە و لە هەرێمی کوردستان، بێگومان شکاتی لێکراوە." بەڵام دەڵێت "ئێمە پێمانوایە هەر شەکوایەک پەیوەندیدار بێت بە ڕۆژنامەنوس و بڵاوکردنەوە و بە نوسین و ڕاپۆرتەکانەوە دەبێت بە یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت."

هاوکات چەندین جار پەیوەندیمان کرد بە گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بەڕێز هۆگر عەزیز سەبارەت بە دۆسێیەی دانا ڕەزگەیی بەڵام وەڵامی نەداینەوە.

ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەوانان سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی رۆژنامەنوسان دەشڵێت "نابێت رۆژنامەنوس لە زینداندا بێت لەسەر بابەتەکانی بڵاوکردنەوە و بیروڕا و کەشفکردنی مەلەفاتی گەندەڵی. مانەوەی ڕۆژنامەنوسەکە ئێستا لەناو زینداندا پێشێلکردنی یاسای ڕۆژنامەگەرییە و بە هەندوەرنەگرتنی کاری رۆژنامەنوسانە."

رۆژنامەوان ئەمیر حەسەن کە بۆ ویستگە نیوز کار دەکات پشتڕاستیکردەوە کە ڕۆژنامەوان دانا ڕەزگەیی دەستگیرکراوە و دەستبەسەرە.

رەحمان غەریب دەشڵێت "دەبوایە یەکەم ڕۆژ بە کەفالەت ئازاد بکرایە، ئەوان لە رۆژی چوارشەممە و پێنج شەممە و رۆژی هەینی و شەممە کە دەوام نییە لە زیندان هێشتوایانەتەوە، ئەم ڕێوشێنە وەک تۆڵەکردنەوە لە ڕۆژنامەنوسەکە پەیڕەو دەکەن."

شایەنی باسە هێشتا دۆسێی ڕۆژنامەوان دانا ڕەزگەیی و جۆری تومەتەکە بۆ رۆژنامەوانان و ڕایگشتی ئاشکرا نەکراوە.

بەڵام سەنتەری میترۆ دەڵێت "ئێمە وەک سەنتیەری میترۆ داوا دەکەیەن دەستبەجێ رۆژنامەوان دانا رەزگەیی ئازاد بکرێت." ئەمەش لە کاتێکدایە لە بەدواداچوونەکەی دەنگی ئەمەریکادا هیچ لایەنێک پشتڕاستی نەکردەوە کە هۆکاری دەستگیرکردەکەی پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە هەیە یان نا.

XS
SM
MD
LG