Accessibility links

پەیامی بەرپرسان بەبۆنەی یادی ڕاپەڕینەوە


31 ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان تێپەڕ دەبێت و لەم ڕۆژەدا خەڵکی لە هەرێم یادی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییە دەکەنەوە کە لە ساڵی 1991 دژی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسی ئەو کاتەی عێراق ئەنجامیان دا.

لەم ڕۆژەدا بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان پەیامی خۆیان ئاراستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد.

سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح لە پەیامەکەیدا دەڵێت " لە ساڵیادی ڕاپەڕین، سەری ڕێز ونەوازش بۆ شەهیدانی ڕزگاری دادەنەوێنین. چاوەڕوانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ئاسوودەیی وخۆشگوزەرانی ودادپەورەی پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتیە بۆ کێشە کەڵەکەبووەکان بە ئاڕاستەی بەدیهینانی حوکمڕانی دروست وتەرخانکردنی داهاتی گشتی بۆ خزمەتی خەڵک و ئاوەدانی نیشتمان."

سەرۆکی هەرێمی کوردسان نێچیرڤان بارزانی لە بەیاننامەیەکدا باس لە گرنگی ئەو ڕاپەڕینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت " ڕاپەڕین دەروازەی واڵای گەلی کوردستان بوو بۆ قۆناغی نوێی خۆبەڕێوەبردن و دامەزراندنی دامەزراوە شەرعی و فەرمیيەکانی هەرێمی کوردستان کە پاش ئازادیی عیراق لە دەستووردا جێگیر کران، لە نێوخۆ و دنیای دەرەوەشدا بە فەرمی ناسران و مامەڵەيان لەگەڵدا دەکرێت."

سەرۆکی هەرێم لە پەیامەکەیدا داوای یەکڕیزیش دەکات "با ئه‌م ياده‌ هانده‌رمان بێت بۆ پته‌وكردنى زياترى گيانى ته‌بايى، پێكه‌وه‌يى، يه‌كڕيزى و قووڵكردنه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى و كاركردن له‌پێناو ئه‌و ئامانجانه‌دا كه‌ شه‌هيدانى ڕاپه‌ڕين و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان گيانيان له‌سه‌ر دانا."

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزارنیش لە پەیامێکیدا وێڕای پیرۆزباییکردن لە هاووڵاتیان دەڵێت " یەکێک لە پەیامە گرنگەکانی ڕاپەڕینی 1991 ئەوەبوو ، کە هەرگیز خەڵکی کوردستان، دەستبەرداری ماف و داخوازیی نەتەوەیی و ژیانێکی ئازادانە و شکۆمەندانە نابێت. لەم پێناوەشدا قوربانییەکی زۆری داوە.
ئەمڕۆش پێویستە هێزو لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، بەهەمان گوڕ و تینی کاتی ڕاپەڕین، بەرگری لە دەسکەوت و مافە ڕەواکانیان بکەن کە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەست هاتوون.
ئێمە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، کە بە هەموو شێوەیەک، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و کوردستان وەک نموونەیەکی گەشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی گشت پێکهاتەکان دەمێنێتەوە."

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بەبۆنەی یادی ڕاپەڕینەوە دەڵێت " ڕاپەڕین بۆ گەلی کورد دەرفەت بوو بۆ ئەوەی جیهان لە ئێش و ئازاری گەلی کوردستان بەئاگا بێتەوە و، بۆ پاراستنی گەلی کوردستان هەنگاوی کردەیی بنێت. هەروەها دەرفەتێکی بێوێنە بوو بۆ پشتبەستن بە تواناكانی گەلی كوردستان و، وەرگرتنەوەی ئەو مافانەی ساڵانی دوورودرێژ زەوتكرابوون."

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشمانی کوردستان لە پەیامەکەیدا بەبۆنەی یادی 31 ساڵەی ڕاپەڕینەوە دەڵێت ” راپەڕینی كورد وەستانەوە بوو بەرامبەر نادادی و ستەم، هەوڵدان بوو بۆ گەیشتن بە ژیانێكی سەرفرازانەو شەرەفمەند. شەهیدەكانمان خوێنی خۆیان لەپێناو داهاتوویەكی پرشنگدارو سەقامگیر بۆ خەڵكی سەربەرزی كوردستان رشت. بەڵام بەداخەوە هەڵەو كەموكورتی لەنێو جومگەكانی حكومڕانی، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، پشتكردنە داخوازییە رەواكانی خەڵكی خۆشەویستی كوردستان و نەبوونی خزمەتگوزاری، نیگەرانی هاووڵاتییانی گەیاندووەتە شوێنێك كە بوترێت (راپەڕینمان نەكرد بۆ ئەوەی دۆخەكە بەمشێوەیەی لێبێت)."
ئەمڕۆ پێنجی مانگی سێ31 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر راپەڕینی خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە بە راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991 ناسراوە، كه‌ بۆ یەكەمجار راپەرینی جەماوەری لە رانیەوە دەستیپێكرد، هەمان رۆژ رانیە، چوارقوڕنە، دەشتی بێتوێن، حاجیاوا و سەركەپكان ئازادکران، شارو شارۆچکەکانی دیکەی گرتەوەو و ڕژێمی پێشووی بەعس لەو ناوچانە دەرکرا.

XS
SM
MD
LG