Accessibility links

خوێندکارێکی کورد لە ئۆکرانیا لە ئایندەی خوێندنەکەی نیگەرانە


زانا مەولود، خوێندکارێکی کورد لە ئۆکرانیا و لە ئێستادا بە هۆی جەنگەوە پەڕیوەتەوە بۆ ناو پۆڵەندا دەڵێت" ئامادەم بە زووترین کات بگەڕێمەوە کوردستان ئەگەر حکومەتی هەرێم لە هەمان قۆناغ و هەمان بەشی خوێندن کە لە ئۆکرانیا لێیان دەخوێند لە کوردستان وەریانبگرێتەوە. دەشڵێت" ئەمە داواکاری من و هاوڕێ خوێندکارەکانمە. "


"چۆنیەتی بەجێهێشتنی ئۆکرانیا"

لە سەرەتای قسەکانیدا ئەو خوێندکارە کوردە( زانا مەولود) باسی لە جێهێشتنی ئۆکرانیا کرد و وتی " لە ڕۆژی هەینی چوینە زانکۆ هەموو بەڵگەکانی تایبەت بە خوێندنیان پێداین و پێیان وتین ئیتر تەواو، من لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیام لە سنووری پۆڵەندا نزیک بووم ئەو شارەی لەوێ بووم هێشتا بە تەنها لە فڕۆکەخانە درابوو سەلامەت بوو، سێ کەس بووین ئۆتۆمبێلمان گرت و هاتینە پۆڵەندا برادەرێکی خۆمان لە سنوور هات بەدەممانەوە بەخۆبەخشی یارمەتی داین. "


" کورد دەناسم ئێستا لە ئۆکرانیا دەستبەسەرە و گیری خواردووە ڕێگە نادەن بڕوات"

زانا مەولود خوێندکاری دەرمانسازی لە ئۆکرانیا باس لەوە دەکات " کوردێکی کەم لە سنووری پۆڵەندا ماون، زۆربەیان پەڕیونەتەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و پۆڵەندا، بەڵام کوردیش هەیە کە لە ناو ئۆکرانیا مابێتەوە، یەکێک دەناسم لە ژیتۆمیرە لە نزیک کیێڤ لەوێ گیری خواردووە ڕێگەی پێنادەن دەربچێت دەستبەسەرکراوە، هی واش هەیە هەر دەڵێت ناجوڵێم هەر لێرە دەبم، بەڵام هی واش هەیە ناتوانێت، واتە حاڵەتەکان جیاوازن. "

هەروەها وتی"خوێندکارێکی کوردی خەڵکی کەرکوک بە ساروخ گیانی لەدەستداوە، تا ئێستا هەر ئەوەمان بیستووە لەسەر ژمارەی قوربانیانی کورد. "



"ژمارەی کوردەکان"

هەروەها وتیشی " ژمارەی کوردەکان نازانم چەندە لە ئۆکرانیا بوون، بەڵام لەو شارەی من نزیکەی 30 کورد دەبوین، زیاتر کورد لە کیێڤ و ئۆدێسا و لە خارکیڤ بوون، وای بۆ دەچم هەر لە کیێڤ زیاتر لە هەزار کورد لەوێ بوون. "

ئەو خوێندکارە کوردە وتیشی " بۆ دەربازبوونی خوێندکاران و هاوڵاتی کورد لە ئۆکرانیا متمانەمان بە کوردەکانی ناو باڵیۆزخانەی عێراق نەبووە، بەڵام کە گەیشتینە پۆڵەندا چوینە لای د. زیاد، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە پۆڵەندا زۆر هاوکارمان بوو پێی وتین هەرچیتان پێویست بوو لە خزمەتداین بە ڕاستی بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە لە پێشوازیمان بوو. "



" داوامان لە حکومەت هەرێم ئەوەیە..."

زانا مەولود خوێندکاری دوا قۆناغی کۆلێژی دەرمانسازی بوو لە ( Ivano frankvisk medical university ) وەک خۆی دەڵێت " سێ مانگم مابوو کە خوێندن تەواو بکەم وا بڕیاربوو لە مانگی شەشی ئەمساڵ تاقیکردنەوەی کۆتایی ئەنجام بدەین، بۆیە ئێمە وەکو خوێندکارە کوردەکان داوامان لە حکومەتی هەرێم ئەوەیە کە ئەو ماوە خوێندنەی ماومانە بگەڕێینەوە کوردستان لە هەمان کۆلێژ و بەش و ساڵی خۆمان وەربگیرێینەوە و خوێندنەکەمان تەواو بکەین."



" ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەوەمان بۆ بکات بە زووترین کات ئامادەم بگەڕێمەوە کوردستان "

زانا وتیشی " ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەوەمان بۆ بکات بە زووترین کات ئامادەم بگەڕێمەوە کوردستان خوێندنەکەم تەواو بکەم، چونکە پێنج ساڵ زیاترم لێ ڕۆیشتووە، نامەوێت لە دەرفەتێکی کورتدا هەمووی بە فیڕۆ بڕوات و لە دەستی بدەم، بۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێم ئاسانکاریمان بۆ بکات بگەڕێینەوە کوردستان بەو مەرجەی کە خوێندنەکەمان بۆ بگەڕێتەوە نەک بۆ سەلامەتی بمانگەڕێننەوە چونکە ئێمە لێرە(سوپاس بۆ خوا) سەلامەتین خوێندنەکەمان پێویستە لە ئێستادا کە حکومەتی هەرێم دەتوانێت بۆمان بکات."

ئەو خوێندکارە کوردە وتیشی " هەموو هاوڕێکانم هەمان بۆچونیان هەیە کە دەیانەوێت خوێندنەکەیان تەواو بکەن، لە کوردستان بێت یان ئەوروپا حکومەتی هەرێم هاوکارمان بێت. "


"ڕەنگە خەڵکێک ئیرەیی و خۆزگەمان پێببات، بەڵام بۆ ئێمە گریانە"

زانا لە کۆتایی قسەکانیدا وتی "ڕەنگە ئێستا خەڵک ئیرەیی بەوە ببات و ئاواتەخوازە بەوەی ئێمە گەیشتوینەتە ئەوروپا، یان بەوەی کە هەریەکەمان دەچینە وڵاتێکی ئەوروپا، بەڵام بۆ ئێمە گریانە، هەموو خوێندکارەکان پێمان ناخۆش بووە هاتووینەتە ئێرە چونکە خوێندنەکەمان لەدەستچووە، چونکە ئێمە لە ئۆکرانیا لەسەر حسابی خۆمان دەمانخوێند، پارەیەکی زۆرمان ڕۆیشتووە، تەمەنمان ڕۆیشتووە، وە داهاتووشمان بڕوات و بێینەوە خاڵی سفر، چونکە ئەگەر من خوێندنەکەم بڕوات وەک ئەوە وایە لە ژیانم هیچم نەکردبێت و هاتبێتینەوە خاڵی سفر."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:08 0:00


XS
SM
MD
LG