Accessibility links

ماجید شەنگالی: هاوپەیمانی سێ قۆڵی کاردەکات بۆ کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار


ماجید شەنگالی پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت" پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕەوتی سەدر، و هاوپەیمانی سەروەری( هاوپەیمانی سێ قۆڵی)، کار بۆ ئەوە دەکەین کە بە زووترین کات دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدەین بۆ دەرکردنی بڕیاری دووبارەکردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە، هەروەک ئەوەی کە دادگای فیدراڵی بڕیاری لەبارەوە داوە کە دەبێت لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە ئەو بڕیارە بدرێت، ئەو دانیشتنەی پەرلەمانیش هەوڵدەدرێت لە زووترین کاتدا ئەنجام بدرێت چونکە سەرۆک کۆمار هەڵنابژێردرێت تا ئەو بڕیارە نەدرێت، پێشبینی دەکەم لە ماوەی 10-15 ئەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمان بکرێت. "




" ( هاوپەیمانی سێ قۆڵی)، کار بۆ ئەوە دەکەین کە بە زووترین کات دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدەین بۆ دەرچونی بڕیاری دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندید کردن "

لە سەرەتای قسەکانیدا ماجید شەنگالی پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دا بەوەی کردنەوەی دووبارە دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە لایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە نا دەستورییە بەڵکو پێویستە لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە ئەو بڕیارە بدرێت، شەنگالی وتی " وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕەوتی سەدر، و هاوپەیمانی سەروەری( هاوپەیمانی سێ قۆڵی)، کار بۆ ئەوە دەکەین کە بە زووترین کات دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدەین بۆ دەرکردنی بڕیاری دووبارەکردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە، هەروەک ئەوەی کە دادگای فیدراڵی بڕیاری لەبارەوە داوە کە دەبێت لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە ئەو بڕیارە بدرێت."



" ئەوە بۆچونی هاوپەیمانی سێ قۆڵییە "

سەبارەت بەوەی ئایا ئەمە بۆچونی ڕەوتی سەدر و سوننەکانیشە لەگەڵتان بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە(بڕیاری دووبارەکردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن) لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە بدرێت؟

لە وەڵامدا ماجید شەنگالی وتی" بەڵێ بە دروستی ئەوە بۆچونی هاوپەیمانی سێ قۆڵی(پارتی و ڕەوتی سەدر و سوننەکانە). کە بە زووترین کات ئەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت و ئەو بڕیارە بدرێت، تا سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت و دواتر حکومەتیش بە زووی پێکبهێنرێت، ئەمە هێزی هاوپەیمانی سێ قۆڵییە. "


"بڕیارەکەش بە (ڕێژەی زۆرینەی سادە) پەسەند دەکرێت "

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتیشی " بۆ دەرکردنی بڕیاری دووبارە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانی عێراقەوە پێویستی بە ئامادەبوونی 166 پەرلەمانتار هەیە، وەک هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نیـیە کە پێویستی بە ئامادەبوونی 220 پەرلەمانتار هەیە، بڕیارەکەش بە (ڕێژەی زۆرینەی سادە) پەسەنددەکرێت، ئەندامانی هاوپەیمانی سێ قۆڵیش لەو ڕێژە یاساییە زیاترن لە 175 پەرلەمانتار."



"هاوپەیمانی سێ قۆڵی خۆی دەتوانێت ئەوە بکات"

"پێویستە هەرچی زووە هاوپەیمانی سێ قۆڵی ئەو کۆبونەوەیەی پەرلەمان ڕێکبخەن تا هێزی خۆیان دەربخەن، چونکە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەسەر دووبارەکردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پێویستی بە ڕەزامەندی لایەنەکانی تر نیـیە هاوپەیمانی سێ قۆڵی خۆی دەتوانێت ئەوە بکات، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەو بارەوە ڕوونە کە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەستورییە بەڵام پێویستە لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە ئەو بڕیارە بدرێت نەک لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق. "



" پێشبینی ئەوە دەکەم لە ماوەی(10-15 ) ڕۆژدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو دانیشتنە تایبەتیە بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارە ئەنجامبدات "

ماجید شەنگالی" پێشبینی ئەوەشی کرد لە ماوەی(10-15 ) ڕۆژدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو دانیشتنە تایبەتیە بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارە ئەنجامبدات "

شەنگالی جەختیشکردەوە " کاندید پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق هەمان کاندیدی ئێستا( ڕێبەر ئەحمەد خالید) دەبێت"



"ئەگەر دیسان پەرلەمان ئەمە بکات نادەستوری دەبێت"

لە بەرامبەردا د. ئەمین بەکر پسپۆڕی بواری یاسا سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی وتی" پێشتریش وتومانە ئەو بڕیارەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نا یاسایی و نادەستوری بووە، چونکە بە پێی یاسا ئەو بابەتە(بابەتی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکخراوە) ، بەڵام بڕیارەکەی دوێنێی دادگای فیدراڵی تا ئەوێی بە باشی هێناوە، بەڵام بەشی دووەمی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە تۆزێک بە لاستیکییانە باس لەوە دەکات کە دەکرێت پەرلەمان بە زۆرینە بڕیار لەسەر دووبارەکردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بدات، من پێم وایە ئەگەر دیسان پەرلەمان ئەمە بکات نادەستوری دەبێت بە دوو هۆکار، یەکەمیان، چونکە ماددەی 69 ی دەستوری عێراقی دەڵێت" ئەم بابەتە بە یاسا ڕێکدەخرێت یاساش ڕێکاری خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی هەندێک لە لایەنە سیاسیەکان بۆی دەچن کە بە بڕیار ئەمە لە پەرلەمانەوە بکەن ئەوە نابێتە یاسا، چونکە یاسا پرۆژە پێشنیارکراوێکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت و دەچێتە لیژنە ئەو کات بە زۆرینەی دەنگ دەبێتە یاسا، کە بوو بە یاسا دەتوانێت یاسایەک دەربکرێت کە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ساڵی2008 بکات، ئەمەیان دەکرێت بە ڕای من نادەستوری نابێت، بەڵام ئەگەر تەنها بە بڕیار بێت ئەوا نا دەستوری دەبێت، چونکە هەر دادگای فیدراڵی خۆی بڕیارێکی هەیە کە ڕێگری دەکات پەرلەمان بڕیاری تەشریعی( واتە بە بڕیار یاسا)دەربکات. "

ئەو پسپۆڕە یاساییە بە دووری نەزانی ئەگەر پەرلەمان بە بڕیار دووبارە دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پەسەند بکات ئەوا هاوشێوەی بڕیاری سەرۆکایەتی پەرلەمان لە بەردەم دادگای فیدراڵی جارێکی تر تانە لەو بڕیارەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بدرێت. وتیشی" لەبەر ئەوە پێویستە یاسای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەموار بکرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:38 0:00



XS
SM
MD
LG