زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا دەڵێت" هەر کوردێک لە ئۆکرانیاوە پەڕیوەتەوە پۆڵەندا پێویستی بە هاوکاری ئێمە بێت وەک نوێنەرایەتی لە خزمەتیانداین بۆ هاوکاریکردنیان وەک نوێنەرایەتی چ بۆ دابینکردنی شوێن یان هەر یارمەتیەکی تر، دەشڵێت" یارمەتییەکانی ئێمە بە گوێرەی دۆخ و پێداویستی هاووڵاتیانمان دەبێت، بڕیاری گەڕانەوەش بە دەستی خۆیان و بڕیار و ویستی خۆیان دەبێت"، هەروەها وتی " ئامۆژگاریمان بۆ کوردەکان ئەوەیە بگەنە سنوور و بپەڕنەوە، لایەنی پۆڵەندی هیچ ڕێگرییەک ناکات لە هیچ هاووڵاتیەک جا ئۆکرانی بێت، کورد بێت یا خەڵکی هەر وڵاتێک بێت ڕێگەیان دەدەن بپەڕنەوە. "
"ئامۆژگاریمان بۆ کوردەکانی ئۆکرانیا ئەوەیە بپەڕنەوە پۆڵەندا هیچ ڕێگرییەک ناکات "
زیاد ڕەئوف وتی" ئێمە لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم ڕێنماییمان بۆ هاتووە کە هەموو هاوکارییەکی ئەو خەڵکانە بکەین کە لە جەنگ هەڵهاتوون، ژمارەی نوێنەرایەتی هەرێم بڵاوکراوەتەوە لەو شوێنانەشی نوێنەرایەتی هەرێم نین وەک ڕۆمانیا و ئۆکرانیا، ئێمە بەردەوام لە ئامادەباشیداین تێلفۆنەکەمان کراوەتەوە و بەردەوام لە خزمەتیانداین، ئێمە وەک نوێنەرایەتی تەنها لە ناو سنووری پۆڵەندا دەتوانین هاوکار بین، هیچ دەسەڵاتێکمان لەوبەر سنوور نیـیە، ئامۆژگاریمان بۆ کوردەکان ئەوەیە بگەنە سنوور و بپەڕنەوە، لایەنی پۆڵەندی هیچ ڕێگرییەک ناکات لە هیچ هاوڵاتیەک جا ئۆکرانی بێت، کورد بێت یان خەڵکی هەر وڵاتێک بێت ڕێگەیان دەدەن بپەڕنەوە، بێگومان لە سەرەتادا ڕێگای ئافرەت و منداڵەکان دەدەن بەڵام گەنجەکانیش زۆریان پەڕیونەتەوە و خۆشحاڵانە گەیشتونەتە ناو سنووری پۆڵەندا و لە ئەمن و ئاسایشدان. "
"هەر کەس پێویستی بە هاوکاری بێت لە خزمەتیاندا دەبین"
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا وتیشی" ئەو ژمارە تیلفۆنەی من ئێستا قسەی پێ دەکەم لە وێب سایتی فەرمی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە هەر کەس پێویستی بە هاوکاری بێت لە خزمەتیاندا دەبین."
دەربارەی ئەوەی دەتوانن چ هاوکارییەکی ئەو خوێندکار و هاووڵاتیە کوردانەی ئۆکرانیا بکەن کە ئێستا جارێکی تر ئاوارە بوونەتەوە؟
لە وەڵامدا زیاد ڕەئوف وتی" ئەگەر شوێنی مانەوەیان نەبێت یارمەتییان بدەین، یان بیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ وڵات هاوکاری گەڕانەوەیان بکەین، یارمەتییەکانی ئێمە بە گوێرەی دۆخ و پێداویستی هاووڵاتیانمان دەبێت، بڕیاری گەڕانەوەش بە دەستی خۆیان و بڕیار و ویستی خۆیان دەبێت. "
" باڵیۆزخانەی عێراق هیچ کەمتەرخەمیەکی نەکردووە"
دوێنێ ئارا حاجی عەبدوڵا خوێندکارێکی کورد لە ئۆکرانیا، دەربارەی هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێم و عێراق بۆ هاوڵاتیان و خوێندکارانی عێراقی و کردی لە ئۆکرانیا بۆ ڕزگارکردنیان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" لە سەرەتای گرژییەکان د. دانەر نوێنەری حکومەتی هەرێم پەیوەندی پێوە کردین، هەندێک بەرچاو ڕوونی پێداین تەنها ئەوەندە بووە هەتا شەڕەکە دەستپێکرد هیچ لایەنێکی تر پەیوەندی بە ئێمەوە نەکردووە تەنانەت چەند خوێندکارێک پەیوەندییان بە کونسڵخانەی عێراقیەوە کردووە هەر کوردەکانی خۆمان بەو دەقە جوابیان داونەتەوە کە (لە سوچێک خۆتان بشارنەوە هیچمان پێناکرێت) ئەوە وەڵامی کونسڵی عێراقی بووە بۆ کوردانی ئۆکرانیا."
بەڵام نوێنەری حکومتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت" ئەوەندەی من ئاگاداربم باڵیۆزخانەی عێراق لە ئۆکرانیا هیچ کەمتەرخەمی نەکردووە، بەردەوام وەڵامی پەیوەندی تیلفۆنی دەدەنەوە، بەڵام دۆخەکە زۆر خراپە بەردەوام شەڕە بۆمب دەکەوێتە خوار، وە زۆربەی کاتەکانی ڕۆژ و شەویش قەدەغەی هاتوچۆیە، ئەوانیش لە ئێستادا تاوانایان سنووردارە، من ئاگادارم هاوکاری خوێندکارانی کوردییان کردووە و ئەو برادەرە کوردانەشی لە ناو باڵیۆزخانەی عێراق لە ئۆکراین کاردەکەن هیچ کەمتەرخەمییەکیان نەکردووە، وە لە وارشۆش هەمان شت کراوە من ئاگادارم زۆر لە خوێندکاران هاتوون بۆ ئەوەی دۆکیۆمێنت و شت ئامادە بکەن هەتا بگەڕێنەوە. "
" هیچ ئامارێکی فەرمیمان لا نیـیە"
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە پۆڵەندا دەربارەی ژمارەی ئەو خوێندکار و کوردانەی لە ئۆکرانیاوە گەیشتونەتە پۆڵەندا وتی" هیچ ئامارێکی فەرمیمان لا نیـیە، بەڵام بێگومان کوردەکان گەیشتونەتە پۆڵەندا خۆمان پەیوەندیمان پێوە کردوون و پێمان وتوون چ پێویستییەکتان هەیە تا یارمەتیتان بدەین."
وتیشی" داوامان لە پاسەوانی سنوور کرد سەبارەت بە ئاماری ئەو کوردانەی لە ئۆکرانیاوە هاتوون بۆ پۆڵەندا بەڵام پێیان وتین(خۆشمان نازانین چونکە دەمانەوێت ئەو خەڵکە لەو دۆخە سەخت و سارد و سەرما و بێ خواردنە زوو بپەڕێنەوە و ڕزگارییان ببێت، بۆیە ناتوانین جیای بکەینەوە."