Accessibility links

کوردێکی دانیشتوی ئۆکرانیا باس لە ڕەوشی وڵاتەکە دەکات


ڕووسیا هێرشێکی گەورەی دژ بە ئۆکرانیا دەستپێکردووە و شارەکانی ئۆکرانیا و ئامانجە سەربازییەکان بۆردومان دەکات. هێرشەکەی ڕووسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا بە ڕێگای زەمینی، ئاسمانی و دەریای لە کاتێکدا دەستیپێکرد کە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن داوای کرد لەشکری ئۆکرانیا چەکەکانیان دانێن. ئۆکرانیاش کە لە ساڵی 1991 وە بەتەواوەتی سەربەخۆیە ئامەدە نییە دەستبەرداری ئازادییەکانی بێت.

ڕامی ئاسۆ کوردێکی دانیشتوی شاری ئیڤانۆ فرانکیڤسکی ڕۆژاوای وڵاتی ئۆکرانیایە دەڵێت " سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (ڕۆژی پێنجشەممە) نزیکەی کاتژمێر چوار هەندێک مووشەک ئاراستەی فڕۆکەخانەی شارەکە کراوە و ئەو ئامانجەیان پێکاوە کە دیارییان کردبوو."

ڕامی ئاسۆ لە وتووێژێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتیشی لە هەندێک ناوچەکانی سنووری ڕووسیا خەڵکی سڤیلیش کراون بە ئامانج " تەنانەت ڤیدیۆش بڵاو کرابووەوە کە باڵەخانەکانی دانیشتوان دەکرێنە ئامانج."

دەشڵێت بەشێکی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی ئۆکرانیا کە نزیکن لە سنوورەکانی ڕووسیاو و بێلاڕووسیاوە نیگەرانییان هەیە و ماڵەکانی خۆیان جێهێشتووە و بەرەو ئەو ناوچانە چوون کە ئارامترن.

ڕامی کە دوو ساڵی تەمەنی لە ڕووسیاش بەسەر بردووە گوتیشی بەشێکی زۆری خەڵکی ڕووسیا و ئۆکرانیاش " بەم شەڕە ڕازی نین چونکە پەیوەندییەکی دێرینی زیاتر لە 500 ساڵ هەیە لە نێوانیاندا و هاوئاینن." ئەو خەڵکی ئۆکرانیا بە خەڵکێکی بە جەرگ و خۆڕاگر وەسف دەکات.

ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ناتۆ هێرشەکانی ڕووسیایان بۆ سەر ئۆکرانیا بە توندی سەرزنشت کردووە بەڕێز ئاسۆ دەڵێت " سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا خەڵکی ئۆکرانیا ئەوانە بەرز دەنرخێنن."

دەشڵێت " کێشەکەمان لە وڵاتی ئۆکرانیا تەنها ئەوە نییە کە بەس ڕووسیا ڕووبەڕووی ئۆکرانیا بووبێتەوە لەمڕۆدا دوو وڵات بەرامبەر یەک وڵاتە ئەوەیش سوپای ڕووسیا و سوپای بێلاڕووسیا. لە کاتێکدا کە ئێستا قسەت بۆ دەکەم سەپای بێلاڕووسیا نزیکەی 25 کیلۆمەتر لە کیێڤ نزیک بووەتەوە."

شایانی باسە ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی بێلاڕووسیا ئالیکساندەر لۆکاشینکۆ ڕایگەیاند سوپای وڵاتەکەی بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا ناکات بەڵام گوتیشی لەگەڵ ئەوەشدا شیانی هەیە بەشداری بکات ئەگەر پێویست بکات.

کەناڵی CNN دەڵێت کاروانی لەشکری بینراوە لە بێلاڕووسەوە چوونەتە نێو ئۆکرانیاوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:45 0:00

XS
SM
MD
LG