Accessibility links

ئیتلاعاتی ئێران هەڕەشە لە دایکی زەینەب جەلالیان دەکات


زینەب جەلالیان

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ئاگایی دەدات کە غەزالە بەلخکانلوو، دایکی زەینەب جەلالیان، بەندکراوێکی سیاسی کورد، لە لایەن رێژیمەوە ئاگادار کراوە کە خۆی بە ئیتلاعاتی شاری ماکۆ بناسێنێت و پاشان هەرەشەی لێکراوە.

بە پێی ڕێکخراوەکە ڕۆژێک پێشتر دایکی زەینەب لە گرتە ڤیدیۆیەکدا داوا لە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەکات کە یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی بتوانێت چاوی بە کچەکەی بکەوێت.

دایکی زەینەب کە بە گۆزەل حاجی زادە ناسراوە، لە بەشێکی داواکەیدا دەڵێت:

"زەینەب بۆ ماوەی ١٥ ساڵە لە زینداندایە و نەمدیتووە. زەینەبیان بۆ بەندیخانەیەکی دوورە دەست ڕاگواستووە و ڕێگا بە باب و براکەی نادەن سەردانی بکەن؛ تەنانەت ڕێگا بە زەینەب نادەن کە سەبارەت بە دۆخی خۆی لە گەڵ پارێزەران قسە بکات. ئەمن پیر بوومە و نەخۆشم؛ ناتوانم سەردانی کچەکەم بکەم. تکام لە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ئەوەیە ئاوڕێک لە دۆخی زەینەب بدەنەوە و کارێكی وابکەن کە بتوانم کچەکەم ببینم. نازانم لە کوێیە و یاخود ماوە یان نا؟"

دوای ئەم داخوازییە، ئیدارەی ئیتلاعات لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە دایکی زەینەبی ٧١ ساڵی ئاگادار کردبۆوە کە خۆی بە ئەو ناوەندە بناسێنێت. بە گوێرەی ئەو هەواڵەی بە هەنگاو گەیشتووە، ئیتلاعات هەڕەشەی لە دایکی زەینەب کردووە نابێت ئەم داخوازییەی بڵاوبکاتەوە و ناشبێت ئەم کارەی دووپات بکاتەوە.

هەروەها بە گوێرەی تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزەکانی ئاسایش تەنانەت ئەو کەسانەشیان گرتوون کە گرتە ڤیدیۆکەیان تۆمارکردووە. لە لێپرسینەوەکەدا هەڕەشەی لێکراوە کە مافی ئەوەی نیە چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیاکاندا بکات و هەواڵ سەبارەت بە دۆخی زەینەب بڵاوبکاتەوە.

ئەو تۆرە ئاماژەش دەکات کە تەنانەت چەند کاتژمێرێک دوای ئازادکردنی دایکی زەینەب، ماڵەکەی لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە خراوەتە ژێر چاودێرییەوە.

لە مانگی ٦ی ٢٠١٤ی زاینی، ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی (ئەمنستی ئینترنەشناڵ) لە نامەیەک بۆ ئۆفیسی ڕێبەری باڵای ئێران، سەید عەلی خامنەیی سەبارەت بە دۆخی زەینەب نووسی کە ناوبراو بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە و لە بەندیخانەی کرماشاندایە:

"ئێمە زۆر بەوە نیگەرانین کە زەینەب لەمەترسی لەدەستدانی بینایی چاوەکانیدایە و ئەوپەڕی پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە."

هەروەها سەبارەت بە فریانەکەوتنی کاربەدەستان بە دۆخی تەندروستی زەینەب، لە نامەکەی ئەمنستیدا هاتبوو: "ئەو بە کەلەپچە و زەنجیرکراوی بۆ دەرمانخانەی بەندیخانەکە نێردراوە کە چارەسەری چاوەکانی بکەن، بەڵام کاربەدەستانی بەندیخانە بەردەوام ڕێگایان نەداوە کە زەینەب لە دەرەوەی بەندیخانە پسپۆری چاو ببینێت."

هەروەها ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ داوای کردبوو کە زەینەب ئەشکەنجە نەدەن و بە شێوەی تر ڕەفتاری خراپی لەگەڵ نەکەن.

ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانیا لە ٣٠ مانگی چواری ٢٠٢١ سەبارەت بە زەینەب ئاگاهییدا:

"لە نێوان مانگەکانی چوار و یازدە دا بۆ چوار بەندیخانە گوێزراوەتەوە کە بەندیخانەکانی یەزد، ئێوین و کرماشانیش دەگرنەوە. رۆژنامەکە ئەم گوازتنەوەی بە شێوەیەک لە ئەشکەنجەی ڕەوانی بۆ زەینەب دەزانێت و تەنات کە ڕێگای پێنەدراوە شتەکانی خۆی، تەنانەت جل و بەرگی لەگەڵ خۆیدا ببات."

هەروەها ئەو رۆژنامەیە جەختی لەوە کردەوە کە زەینەب لە چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە و ئازارەکانی زیاتر کراون بە تایبەتی کە پێشتر تووشی پەتای کوڕۆنا ببوو.

لە یەکی مانگی دووی ٢٠٢١ی زاینی، ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی لە نامەیەکدا بۆ ئیبراهیمی رەئیسی، بەرپرسی ئەو کاتی وەزارەتی دادی ئێران نووسی، "لە وەتا ٢٩ی مانگی چواری ٢٠٢٠ زاینیەوە، لە دەمێکدا پەتای کورۆنا لە بەندیخانەکانی ئێراندا سەریهەڵداوە، کارمەندانی وەزارەتی ئیتلاعات خانمی کورد، زەینەب جەلالیان بۆ چوار بەندیخانەی جیاواز لە وڵاتدا گواستۆتەوە."

هەروەها ئاماژەی پێکرد کە بە ئانقەست ڕێگای پێنەدراوە لە دەرەوەی بەندیخانە چارەسەری بۆ بکرێت. ئەمنستی لە کۆتاییدا دوای ئازادکردنی دەستبەجێی زەینەبی کرد.

زەینەب جەلالیان بە هەڕەمەکی لە مانگی ٣ی ٢٠٠٨ زاینی بەهۆی چالاکی کۆمەلایەتی و سیاسی لە گەڵ پارتی ژیانەوەی کوردستاندا دەستبەسەرکرا. لە سەرەتای ٢٠٠٩ی زاینی سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام پاشان سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەمکرایەوە.

XS
SM
MD
LG