Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئێران: ئێران ئامادەیە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دەستبەجێی زیندانیەکان لەگەڵ ئەمەریکا


نوێنەری ڕووسیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە گفتوگۆکان سەبارەت بە گەڕانەوەی سنوردارکردنی ڕێککەوتننامە ناوەکییەکەی ئێران و کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە هێندەی نەماوە بگاتە ئاکامێک و هەندێک لەو سەرچاوانەی نزیکن لە گفتوگۆکان دەڵێن بەم نزیکانە چاوەڕوان دەکرێت ئاڵوگۆڕی زیندانی لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا ئەنجام بدرێت.

میخائیل ئولیانۆڤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە ئاماژەدان بە ناوی تەواوی ڕێککەوتننامەی ساڵی 2015 وەک پلانی هاوبەشی گشتگیری کرداری (JCPOA) نوسیویەتی: "دانوستانەکان لەسەر گەڕانەوەی پلانی هاوبەشی گشتگیر وادیارە هیندی نەماوە هێڵی کۆتایی تێپەڕێنێت".

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز هەفتەی ڕابردوو بڵاویکردەوە کە ڕێکەوتنەکەی ئەمەریکا و ئێران لە ڤیەننا لە برەودایە دوای چەند مانگێک لە گفتوگۆکانی نێوان تاران و زلهێزەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوکیەکە، کە ئەمریکا لە ساڵی 2018دا بە سەرۆکایەتی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دناڵد تڕەمپ لەو رێکەوتنە کشایەوە، هەروەها سزا بەرفراوانەکانی بە سەر ئێران سەپاندەوە.

دیبلۆماتکارەکان وتیان ڕەشنووسی دەقی ڕێککەوتنەکە تەنها بە نادیاری ئاماژەی بە پرسەکانی تر کردووە و مەبەست لەمەش ئەوەیە کە بەنیازە ملیارەها دۆلار لە پارەی ئێران کە لە بانکەکانی کۆریای باشووردا سڕکراون ئازاد بکات و ئەو زیندانییانەی کە هاوڵاتی ڕۆژئاوایین لە ئێران زیندانکراون ئازاد بکرێن.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند " کۆماری ئیسلامی ئامادەیە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دەستبەجێی زیندانیەکان لەگەڵ ئەمەریکادا."

ڕۆبێرت مالی دانوستانکاری ئەمەریکایی ئاماژەی بەوە دا کە مسۆگەرکردنی ڕێکەوتنی ناوکی پێناچێت سازبکرێت مەگەر تاران ئەو چوار هاوڵاتی ئەمەریکاییە ئازاد بکات کە لە نێوانیاندا ئەو باوک و کوڕە هەن واتە باکیر و سیاماک نەمازی کە ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک ئێرانین، واشنتن دەڵێت تاران بە بارمتە گرتوونی.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG