Accessibility links

ڕێبوار عەبدولڕەحمان: دەچمە نێو ڕکابەڕی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە و ناکشێمەوە


کاندیدی نەوەی نوێ بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئامادەی کشانەوە نیە لە ڕکابەری گەیشتنە پۆستی سەرۆک کۆمار، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگ لە نێو پەرلەمانی عێراق دەدات.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕێبوار عەبدولڕەحمان پەرلەمانتاری نەوەی نوێ و کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، دەڵێت"من کاندیدی هاوپەیمانی لە پێناو خەڵکم بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، هیچ بیرۆکەیەک نیە بۆ کشانەوەم و دەچمە نێو ململانێکەوە و بەشدار دەبم."

پەرلەمانتارەکەی جوڵانەوەی نەوێ نوێ، سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراقیش بۆ بەنادەستووری بوونی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم ڕوونیکردەوە، دوای دەرچوونی بڕیارەکە، زێڕینترین دەرفەت بۆ حکومەتی عێراق و هەرێم هاتووەتە پێشەوە، تا لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی گفتووگۆ بکەن، کێشەکە لە ڕیشەوە چارەسەر بکەن، کار لەسەر تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز بکەن لەم خولەی پەرلەماندا، تا چیتر دۆسیەی نەوت لەنێوان هەردوولا مایەی ناکۆکی نەبێت، وتی"بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کارئاسانی گەورە دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و غاز بەشێوەیەکی ڕیشەیی لەنێوان هەرێم و بەغدا."

ڕێبوار عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق یەکلایی کەرەوەیە و دەبێت جێبەجێ بکرێت، چونکە باڵاترین دەسەڵاتی عێراقە، وتی"ڕەتکردنەوەی بڕیارەکە لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە، خیتابێکی باش نەبوو، دەبوو قسەلەسەر چارەسەرکردنی کێشەکە بەگفتووگۆ کرابا، هەوڵ بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی کۆنکریتی درابا، تا چیتر ئەم کێشە سەرهەڵنەداتەوە."

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراوی بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەبڕیارێکی سیاسی ناودەبەن، بەو پێیەی لەگەرمەی ململانێی نێوان لایەنەکاندا دراوە، لەو بارەیەوە ڕێبوار عەبدولڕەحمان وتی"ڕەنگە بڕیارەکە بۆنی سیاسی لێ بێت، بەڵام لەدوای 2003 ەوە، یەکێتی و پارتی لەبەغدا سیاسەتیان کردووە و دۆسیەی نەوتی هەرێمیان بەڕێوەبردووە، بۆیە گەر بڕیارەکەش بۆنی سیاسی لێ بێت، دیارە هەڵەی سیاسی لەپارتی و یەکێتیەوە هەبووە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:59 0:00

XS
SM
MD
LG