Accessibility links

نازم دەباغ: بۆچونی ئێران سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی وەک بۆچونی وڵاتانی تر وایە


نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەڵێت" بۆچونی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی وەک بۆچونی وڵاتانی تر وایە، واتە کۆماری ئیسلامی ئێران وەک هەر وڵاتێکی تری دەرەوە ئەوە بە کێشەیەکی نێوخۆیی عێراقی دەزانن پێویستی بەوەیە کە حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی عێراقی لە ڕێگای یاسایی و سیاسی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن بە ڕەچاوکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی هەردوولا، دەشڵێت" لەو دیدارانەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لە دەرەوە ئەنجامیان دا لەگەڵ شاندە بیانیەکان زۆرینەیان هاوهەڵوێست بوون بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کێشەیەکی نێوخۆیی عێراقە، چونکە دادگای فیدراڵی دامەزراوەیەکی یاسایی بەرزە لە دنیای دەرەوەش دانی پێدانراوە . "


" پێم وانیـیە کۆماری ئیسلامی ئێران بتوانێت پێچەوانەی ئەو بڕیارە بجوڵێتەوە "

دەربارەی بۆچونی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق( بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غاز- لە هەرێمی کوردستان) نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران وتی" من پێم وایە بۆچونی کۆماری ئیسلامی ئێران

نازم دەباغ
نازم دەباغ

وەک بۆچونی وڵاتانی تر وایە، هەموویان یەک بۆچونیان هەیە لەسەر ئەوەی کە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری داوە بە ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بێ ڕەزامەندی حکومەتی ناوەند لە چوارچێوەی یاسای فرۆشتنی نەوت و گاز، واتە کۆماری ئیسلامی ئێران وەک هەر وڵاتێکی تری دەرەوە ئەوە بە کێشەیەکی نێوخۆیی عێراقی دەزانن پێویستی بەوەیە کە حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی عێراقی لە ڕێگای یاسایی و سیاسی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن بە ڕەچاوکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی هەردوولا، دەتوانم بڵێم جگە لە یاسا، سیاسەتیشی تێدەکەوێت، چونکە ئەگەر لێکدانەوەیەک بکەین بۆ خودی بڕیارەکە ئەوەندەی سیاسەت جوڵاندویەتی ئەوەندە لە بارودۆخی یاسایی نەجوڵێنراوە، چونکە لە بارودۆخێکی هەستیار و ناسکدا دادگای فیدراڵی عێراق ئەو بڕیارەی دا، بۆیە پێم وانیـیە کۆماری ئیسلامی ئێران بتوانێت پێچەوانەی ئەو بڕیارە بجوڵێتەوە."



" لە ڕێگای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕۆژانە 30-35 هەزار بەرمیل نەوت و بەرهەمەکانی نەوتی هەرێم بە ترانزێت دەفرۆشرێت ڕێژەیەکی زۆر نیـیە"

دەباغ وتیشی" دەربارەی بەشداری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کڕین و فرۆشتنی نەوت و بەرهەمەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی من پێی ئاگاداربم، چونکە مەرج نیـیە %100 هەموو شتێک ئاگاداربم، نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نافرۆشرێت تەنها بە شێوازێکی زۆر کەم نەبێت کە لە باشترین حاڵەتدا بە نەوت و نەوتی ڕەشیش ترانزێت دەکرێت لە ڕێگای کۆماری ئیسلامی ئێرانی یان جاری وا هەیە دراوە بە پاڵاوگەکانی ئێران لە نزیک مەرز وەکو کرمانشان، نەگەیشتۆتە 30-35 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بۆیە ڕێژەیەکی ئەوەندە شایستە و شیاو نیە کە هەموو لایەک دەزانن لە ڕێگای تانکەرەوەیە، بەڵام نەوتی هەرێمی کوردستان لە بنەڕەتدا ئەوەی کە باس دەکرێت بڕی 450 هەزار بەرمیل ڕۆژانە دەفرۆشرێت هەمووی لە ڕێگای بۆری نەوتە کە لە بەندەری جیهانی تورکیایە. "



"پابەندبوونی ئێران بەندە بەوەی..... "

دەربارەی ئەوەی ئایا ئێران پابەند دەبێت بەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی؟

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران دەڵێت" پابەند بوونی ئێران بەندە بەوەی ئەو نەوتەی دێت لە سنوورەکانەوە ئایا دەچێت بۆ ئێران یا نا؟ یا خۆ ئێران لە خۆیەوە بڕیار نادات دژی حکومەتی هەڕێمی کوردستان کە نەوت وەرنەگرێت چونکە بە شێوازێکی فەرمی ئێران نەوت لە هەرێم ناکرێت ، بەڵکو ئەوە بازرگانەکان بە شێوازی پیلەوەری (سەرپێی) خۆیان مامەڵە دەکەن، ئەو نەوتەی بۆ کۆماری ئیسلامی لە هەرێمەوە دێت لە %80 ی نەوت نیـیە، بەڵکو نەوتی ڕەشە کە لە پاڵاوگەکان دەمێنێتەوە لە جیاتی ڕۆ بکرێتە سەر زەوی کە سەردەمی سەدام حسێن هەندێک جار لە ناوچەی بێجی ڕۆیان دەکرد بەڵام ئەمە دێت بۆ ئێران کە بەشی زۆری ترانزێتە کە دەڕوات بۆ بەندەر عەباس وە بەشێکیشی ڕەنگە سوودی لێ ببینرێت لە پاڵاوگەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی. "


"منیش وەک خەڵک بۆی هەیە بیستبێتم، بە فەرمی ئاگادار نەکراومەتەوە"

سەبارەت بە دەنگۆی فرۆشتنی غازی هەرێمی کوردستان بە وڵاتانی ئەفغانستان و ئەرمەن و چەند وڵاتێکی تر لە ڕێگای ئێرانەوە کە باس دەکرێت بۆتە هۆکاری کەمبوونەوەی غاز لە هەرێمی کوردستان؟

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران وتی" من تا ئێستا وەک نوێنەرایەتی حکومەت ئاگادار نەکراومەتەوە کە چی دەفرۆشرێت، بەڵام منیش وەکو خەڵک بۆی هەیە بیستبێتم، بەڵام بەرهەمە نەوتیەکان لە ڕێگای ئێرانەوە بەڵێ ترانزێت دەکرێت ئەوجا چەندە چەند نیـیە نازانم، بەڵام ئەمە وەکو حکومەتی ئێران نیـیە کە بازرگانی دەکات لەگەڵ هەرێم بەڵکو وەک بارزگانەکانە کە ئەمەش جیاوازی هەیە. "



"بەداخەوە وایلێهاتووە ئەگەر بێت و بەفر و باران لە ناوچەکە ببارێت زیان لە هەرێمی کوردستان یان عێراق بدات دەڵێن ئێرانە "

هەروەها دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی کە هەندێک باسی دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە پشت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراقەوە بێت سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان؟

نازم دەباغ وتی" من وا بە ڕەهایی نایبینم، بەڵام بەداخەوە وایلێهاتووە ئەگەر بێت و بەفر و باران لە ناوچەکە ببارێت زیان لە هەرێمی کوردستان یان عێراق بدات دەڵێن ئێرانە، بەشێکی بەستراوەتەوە بەو سیاسەتەی لە عێراق پیادە دەکرێت، چونکە ئەگەر ئامادەیی نەبێت لە لایەنی لایەنە عێراقیەکان بۆ دەستخستنە نێو کاروبارەکان ئێران و ئەمەریکا و تورکیا چ دەسەڵاتێکیان هەیە بێن بە سەریاندا فەرزی بکەن؟ هەروەها هۆکارێکی تر بەندە بەو سیاسەتە گشتیەی کە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیانە کە لە کاتی خۆیدا کێشەکان چارەسەر ناکرێن، یان بە دوای ئەوەوە ناگەڕێن بەڵکو بێدەنگیـیەک کە دروست بوو دەڵێن سوپاس بۆ خوا بێدەنگ بوون، دەبێت بیریش لەوە بکەنەوە ڕۆژێک دێت خەڵک و لایەنەکان بە دەنگ دێن، بۆیە ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان خۆیان لەگەڵ یەکتر، وە لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش هۆکارە بۆ ئەوەی ئەم کەیسە یاساییە بە سیاسی بکەن وە لە دادگا بیجوڵێنن بڕیای لەسەر بدرێت، چونکە هەموو لایەک دەزانن ئەم کەیسە هی ئەمڕۆ نیـیە، هی 10 ساڵ لەمەوبەرە."


" لەو دیدارانەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لە دەرەوە ئەنجامیان دا لەگەڵ شاندە بیانیەکان زۆرینەیان هاوهەڵوێست بوون بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کێشەیەکی نێوخۆیی عێراقە، چونکە دادگای فیدراڵی دامەزراوەیەکی یاسایی بەرزە لە دنیای دەرەوەش دانی پێدانراوە "

دەربارەی دەوترێت جوڵاندنی ئەو کەیسە لە دادگای فیدراڵی لەم کاتەدا بۆ تۆڵەکردنەوە بووە لە کورد، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان کە چووە ناو هاوپەیمانەکەی سەدر، ئێران وای دەبینێت بوونەتە هۆی لەتکردنی نێوماڵی شیعە؟


لە وەڵامدا نازم دەباغ وتی" من نازانم، نامەوێت قسەکانم پەیوەست بکەم بە پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە پارتی هاوپەیمانمانە، وە ناشمەوێت قسەکانم تایبەت بکەم بە کۆماری ئیسلامی ئێران، چونکە کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئەم ساتە پشتیوانی کوردی عێراق بووە، کوردی عێراقیش بە پشتیوانی خۆی زانیووە، بەڵام هەندێک جار هەڵە دروست دەبێت یا نا تێگەیشتن دروست دەبێت، بەڵام ئەوەی تا ئێستا دەیبینم ئێران بە دوای چارەسەرەوەن نەک بە دوای گەرمکردنی کێشەکان، چونکە ئەگەر بێت و هەرێم بڵێت من ڕازی نابم بەو یاسایە و جێبەجێی ناکەم، بەیانی حکومەتێکی وەکو ئاغای عەبادی و مالکی بێت پەلاماری هەرێمی کوردستان بدەن ئەو کاتە شەڕ و پێکدادان دروست دەبێت واتە ڕەنگە لە قازانجی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبێت لەم کاتەدا کە لە هەرێمی کوردستان شەڕ و پێکدادان دروست ببێت، بۆیە من وای نابینم بەو ڕەهاییەی کە کەسانێک لە دورەوە بە تەنها دانیشتوون لە خۆیانەوە شیکردنەوە و لێکدانەوە دروست دەکەن کە ئێران دژی پارتی دیموکراتی کوردستانە یان دژی کوردە، بە پێچەوانەوە دەیبینم ئێران تا ئێستا لەگەڵ ئەوەیە کە کێشەکان بە سیاسی چارەسەر بکرێن، وە ئەوە بە کێشەیەکی نێوخۆیی عێراقیش دەبینرێت، من حەز دەکەم ئاماژە بەو دیدارانەی بەڕێزان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بکەم کە لە دەرەوە ئەنجامیان دا لەگەڵ شاندە بیانیەکان زۆرینەیان هاوهەڵوێست بوون کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کێشەیەکی نێوخۆیی عێراقە وە یاساییە، چونکە دادگای فیدراڵی دامەزراوەیەکی یاسایی بەرزە لە دنیای دەرەوەش دانی پێدانراوە ، کەواتە کە ئەم بڕیارە دەدەن دەبێت بیر لە شێوازی جێبەجێکردنی بکەن کە زیان لە هەموو لایەنەکان نەکەوێت بەرژەوەندییەکان ڕەچاوبکرێت لە پێناو پاراستنی ئاشتی و ئارامی لە عێراقدا، بە پاراستنی مافە دەستورییەکانی یەکتر. "



" ئێران لەسەر بۆچونەکەی خۆیەتی، بەڵام داوای هاوکاریش لە کورد دەکات"

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێستای کۆماری ئیسلامی و هەرێمی کوردستان؟

نوێنەری حکومەتی هەڕێمی کوردستان لە تاران وتی" من لە ئێستادا وای نابینم پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران خراپ بێت ، بەڵام هەمیشە بە درێژایی مێژوو بەپێی ئەو تەمەنەی هەمە، ئەم پەیوەندییانە بەرز و نزمی تێکەوتووە، ئەمەش دەکرێت بە بەرزی و نزمیەک دابنرێت، بەڵام هەوڵدان بۆ چارەسەرکردن و چوونە سەر ئەو ڕێچکەیەی کە پەیوەندییەکان دەپارێزێت بەردەوامە. "


ئایا ئێران تا ئێستاش سوورە لەسەر ئەوەی کە کورد نەبێتە هۆی لەتکردنی ماڵی شیعە؟

لە وەڵامدا نازم دەباغ وتی" ئێران لەسەر بۆچونەکەی خۆیەتی، بەڵام داوای هاوکاریش لە کورد دەکات چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگای سیاسەت و وتووێژەوە بە ڕەچاوکردنی مافە دەستورییەکانی کوردیش. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:18 0:00
XS
SM
MD
LG