Accessibility links

دادگای تورکیا ماوەی دەستبەسەرکردنی عوسمان کاڤالا چالاکوانی دیاری ئەو وڵاتە درێژ دەکاتەوە


لە میانەی داواکاریەکان بۆ ئازادکردنی عوسمان کاڤالا، دادگایەکی تورکیا ڕۆژی دووشەممە فەرمانی دا ئەو چالاکوانە دیارەی وڵاتی تورکیا لە زینداندا بمێنێتەوە.

ئەو خێرخوازە تەمەن 64 ساڵە لە مانگی 10ی ساڵی 2017 وە بە تۆمەتی هاوکاری دارایی بە خۆپیشاندانی سەرتاسەری تورکیا لە ساڵی 2013 و هەروەها بەتۆمەتی تێوەگلان لە کودەتا شکستخواردووەکەی لە ساڵی 2016 دەستبەسەرکراوە.

لەم مانگەدا ئەنجومەنی ئەوروپا دەستیکردووە بە کاری وێژەیی لەسەر ڕەتکردنەوەی تورکیا بۆ ئازادکردنی کاڤالا.

سێ دادوەر ڕۆژی دووشەممە لە دانیشتنێکدا بڕیاریاندا ئازادکردنی کاڤالا ڕەت بکەنەوە و دانیشتنی داهاتوویان بۆ 21ی مانگی 3 دیاری کرد.

کاڤالا لە دادگاکەدا ئامادە نەبوو، بەڵام پارێزەرەکانی بێلایەنی دادگاکەیان خستە شوێنی پرسیار و ڕایانگەیاند کە دادگاکە زیاتر مەبەستی سیاسی لە پشتدایە.

تۆلگا ئایتۆرە، پارێزەری کاڤالا بە دادگاکەی گوت "کاڤالا لە دادگادا دادگایی ناکرێت، بەڵکو لە کۆبوونەوەیەکی حزبی سیاسیدا دادگایی دەکرێت."

بە گوێرەی هەواڵی هەواڵنێری فرانس پرێس، دیپلۆماتکارە ڕۆژئاواییەکان لە فەرەنسا و ئەڵمانیاوە، ڕۆژی دووشەممە ئامادەیی دانیشتنی ئەو دادگایە بوون.

ئەنجومەنی چاودێرانی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ئەم مانگە ڕایانگەیاند کە تورکیا پابەند نەبووە بە فەرمانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کە لە ساڵی 2019 بڕیاری ئازادکردنی کاڤالا دەرکردبوو.

بەپێی یاساکانی ئەنجومەنی ئەوروپا کە بنکەکەی لە ستراسبۆرگە، دۆسیەکەی کاڤالا گەڕاوەتەوە بۆ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی بۆ بکرێت کە ئایا تورکیا پابەندی حوکمەکەی ساڵی 2019ی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بووە یان نا.

تورکیا کە لە ساڵی 1950وە ئەندامی ئەنجومەنی ئەوروپا بووە و لە کۆنگرەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپادا بەشدارە، بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئەوروپای بە "دەستێوەردان" لە دادگەی ناوخۆییدا وەسف کرد.

بەرپرسی بڕیاردەری تایبەتی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ کاروباری تورکیا ناچۆ سانچێز ئامور بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ڕاگەیاند "ئەمە بە هیچ شێوەیەک دەستێوەردانێکی دەرەکی نییە، ئەمە پەیوەندی بە دەستووری تورکیاوە هەیە و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بەشێکە لە سیستەمی دادوەری تورکیا."

بڕیاری ئەنجومەنی ئەوروپا دەتوانێت ببێتە هۆی ڕاگرتنی مافی دەنگدانی تورکیا لەو ئەنجومەنەدا یان تەنانەت دەرکردنی ئەو وڵاتەشی لێبکەوێتەوە.

دادگاکەی یەکێتی ئەوروپا ساڵی 2019 داوای کردبوو کاڤالا دەستبەجێ ئازاد بکرێت و گوتبووی هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو لەئارادا نییە کە بیسەلمێنێت ناوبراو تاوانبارە. بە شێوەیەکی گشتی بڕیارەکانیECHR بە پێی یاسا دەبێت جێبەجێ بکرێن بەڵام تورکیا زۆربەی جار پشتگوێی دەخات و جێبەجێیان ناکات.

ڕەخنەگرانی حکومەتی تورکیا دەڵێن کە ڕاگرتنی بڕیاری ئەنجومەنی ئەوروپا لە لایەن ئەو وڵاتەوە پیشاندەری قەیرانی قووڵی مافەکانی مرۆڤە لە تورکیا لە ژێر دوو دەیە لە دەسەڵاتی ئەردۆغاندا.

XS
SM
MD
LG