Accessibility links

دۆخی عێراق، لە ململانێی سیاسی و یاساییەوە بۆ هەڕەشە و هۆشداری


خەریکە دۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەڕوات و کێشەی نێوان لایەنەکان قوڵتردەبێتەوە، بەتایبەت دوای بڕیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەنێوان موقتەدا سەدر، مەسعود بارزانی و عەرەبی سونە، هێزە شیعەکان فشارەکانیان چڕتر کردووەتەوە.

لەکاتێکدا ڕەوتی سەدر و پارتی و عەرەبی سونە دەیانەوێت هەنگاوی تر بنێن بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی، بەڵام فشارەکانی سەریان چڕتر دەبێتەوە و هێزە شیعەکان بەپاڵپشتی ئێران دەیانەوێت بەر بەو هەنگاوانە بگرن، لەکاتێکدا سەدر و هاوپەیمانەکانیشی هۆشداری دەدەن.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر وەکو ئاماژەیەک بۆ بوونی هەڕەشە لەسەر هاوپەیمانەکانی، پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند"جارێکی تر هەڕەشە لە هاوپەیمانەکانمان دەکرێت، منیش پێتان دەڵێم، بەسە هەڕەشە و بەڵێن پێدان، وڵات ناگەڕێنینەوە بۆ گەندەڵکاران و نیشتیمان نافرۆشین بەو کەسانەی لە پشت سنورەوەن."

ڕاگەیەنراوەکەی سەرۆکی ڕەوتی سەدر زۆر جیاوازی نەبوو لەگەڵ ڕوودانی تەقینەوەیەکدا لە بارەگایەکی هاوپەیمانێتی پێشکەوتن بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی لەپارێزگای ئەنبار، ئەمەش وایکرد حەلبوسی بێدەنگی بشکێنێت، وتی"لەبری چەک کە ڕووبەڕوومان کرایەوە، سیاسەتمان هەڵبژارد، بەڵام لەچەک ناترسین و هەڕەشە لەکەسیش قەبوڵ ناکەین."

لای خۆیەوە حاکم حەمدی گلی شارەزای بواری ئاسایشی نەتەوەیی پێیوایە، ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکەی نێوان ڕەوتی سەدر، پارتی و عەرەبی سونە، هەوڵێکە بۆ دروستبوونی سێ مەرجەعیەت لە عێراق، بەتایبەت سەدر دەیەوێت ببێتە مەرجەعی شیعە و سواری ئەسپی تشرین و عروبە بووە، وتی"دوای مام جەلال، مەسعود بارزانیش لە گۆڕەپانەکە ماوەتەوە و دەیەوێت ڕۆڵی مەرجەع ببینێت،هەروەها حەلبوسی و خەنجەریش خەریکە مەرجەعیەتێک بۆ عەرەبی سونە دروست دەکەن، بۆیە هەوڵەکان بۆ تێکدانی ئەم هاوکێشە بەردەوام دەبن."

سەرباری کێشمەکێشە سیاسیەکانی نێوان ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی هێزە شیعیەکان، لە ئێستادا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق وەکو جۆرێک لە مەرجەعیەتی یاسایی مامەڵە دەکات و زۆر پرسی نێوان دوو هاوپەیمانێتیە ڕکابەرەکەی یەکلایی کردووەتەوە.

سەدر و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت پۆستی سەرۆک کۆمار بەرن و دواتر لەڕێگەی ئەو پۆستەوە کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێرن، لەبەرامبەریشدا هێزە شیعەکان هەموو هەوڵەکانیان بۆ لەمپەردروست لەبەردەم ئەم خواستەیان چڕکردووەتەوە.

تا ئێستا هێزەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش کەجۆرێک لەنزیکایەتی لەگەڵ ئەم بەرەیە هەیە و چاوی لەپۆستی سەرۆک کۆمارە، لە ڕێگەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقەوە، چەند هەوڵێکی سەدر و هاوپەیمانەکانیان بۆ بردنی سەرۆک کۆمار شکست پێهێناوە، بەتایبەت دوای دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری و هەوڵە بەردەوامەکانیشیان بۆبەنایاسایی کردنی جاری دووەمی دەرگای خۆپاڵاوتنیش بۆ سەرۆک کۆمار.

تا ئێستا کێشمەکێشی نێوان ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ هێزە شیعیەکان، کێشمەکێشی سیاسی و یاسایی بوون، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەمەودوا کێشمەکێشەکان تۆختر ببنەوە و بەدووریش نازانرێت ئاڵۆزی ڕووبدات لەهەندێک ناوچە.

حاکم حەمدی گلی، بەدووری نازانێت دۆخی عێراق بەرەو ناسەقامگیری ببرێت، چونکە ئەو هێزانەی لەدەرەوەی ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکەن، هەموو هەوڵێکیان بۆ تێکدانی ڕێککەوتنەکەیە، لەکاتێکدا لە چەندین جۆر هێزی چەکدار پێکهاتوون.

سەرباری تێپەڕینی کاتی دەستوری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بەڵام هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان لایەنە عێراقیەکان لەسەر ئەو پۆستە ئەنجام نەدراوە و چاوەڕوانی قوڵبوونەوەی کێشمەکێشەکانیش دەکرێت.

دڵشاد ئەنوەر
please wait

No media source currently available

0:00 0:05:41 0:00

XS
SM
MD
LG