Accessibility links

هیندستان گەورەترین فەرمانی لە سێدارەدانی بە کۆمەڵ دەردەکات


لە ساڵی 2008 دا چەند هێرشێکی ڕێکخراو کرایە سەر ناوەندی بازرگانی ویلایەتی گۆجەراتی ڕۆژئاوا لە هیندستان، لە دەرئەنجامدا 56 کەس کوژران و پارچەی تەقینەوەکان زیانی بەر بازاڕ و پاس و شوێنە گشتییەکان گەیاند.

گروپێکی ئیسلامی کە خۆی بە "موجاهیدینی هیندستان" ناودەبات بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە ڕاگەیاند و گوتی ئەو تەقینەوانە لە تۆڵەی ئەو ئاژاوە ئایینیانە بووە کە لە ویلایەتی گۆجەرات لە ساڵی 2002دا ڕوویانداوە کە لەو کاتەدا نزیکەی 1000 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ڕۆژی هەینی دادگا 49 کەسی تۆمەتبارکرد بەو هێرشانەی کە زیاتر لە 200 کوژراو و برینداری لێکەوتبۆووە.

داواکاری گشتی ئەمیت پاتێل ڕایگەیاند "دادوەری دادگای تایبەت ئەی ئاڕ پاتێل فەرمانی دەرکرد بە لە سێدارەدانی 38 تاوانبار لە کۆی 49 تاوانبارەکە."

هەروەها وتیشی "یازدە تومەتبار بە سزای زیندانی هەتاهەتایی تا مردن سزادران و دادگا ئەم کەیسەی بە کەیسە هەرە دەگمەنەکان ناودێرکرد."

هەمووان تۆمەتبارەکان بە کوشتن و پیلانگێڕان بۆ ئەنجامدانی تاوانی کوشتن تاوانبار کران، نزیکەی 80 کەس تاوانبارکران بەڵام 28 کەس بێتاوان دەرچوون.

دادگاییکردنەکە زۆر درێژەی خایاند و بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ بەردەوام بوو، بەڵام بەهۆی سیستەمی یاسایی بەدواداچوونی کەیسەکانەوە توانرا زیاتر لە 1100 شایەتحاڵ بانگهێشت بکرێن بۆ شایەتیدان لەو بارەیەوە.

XS
SM
MD
LG