Accessibility links

ڕاپۆرتەکان: داعش و ئەلقاعیدە هەوڵی بە دەستهێنانی پشتیوانی زیاتر دەدەن لە ئەفغانستان


سەرەڕای بەردەوامبوونی نیگەرانییەکان لە نێو هەندێک لە کاربەدەستان لە واشنتن، سەبارەت بەوەی کە ئەفغانستان خەریکە دەبێتە پەناگەیەک بۆ تێرۆریستان، بەڵام هەڵسەنگاندنەکانی ئەم دواییانەی بەشەکانی بەرگری و زانیاری نهێنی ئەمەریکا پێدەچێت ئاماژە بەوە بکەن لانی کەم لە ئێستادا گروپەکانی وەک داعش و ئەلقاعیدە ئامادەیی ئەوەیان نیە ئەفغانستان وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا بەکاربێنن.

ئەو هەڵسەنگاندنەی ناوەندی فەرمانداری ئەمەریکا، ئاژانسی زانیاری نهێنی بەرگری و بەشەکانی تر بەشێکە لەو ڕاپۆرتەی کە لە لایەن کاربەدەستی بەشی لێکۆڵینەوەی گشتی سەر بە وەزارەتی بەرگری بڵاویکردۆتەوە. ئەو ڕاپۆرتە لە سەر ئەو هەڕەشە جیددییانە لێکۆڵینەوە دەکات کاتێک شەش مانگ بەر لە ئێستا هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان پاشەکشەیان کرد.

ئەم هەڵسەنگاندنە بە پێچەوانەی ئەو نیگەرانیانەیە کە لە وەتا مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوو لە لایەن کاربەدەستانی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاوە هاتۆتە ئاراوە، کە داعشی خۆراسان لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا و ئەمەریکا دەکات، ڕێکخراوی ئەلقاعیدەش لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا خۆی سەر لە نوێ بەهێز دەکاتەوە.

کولن کاڵ، جێگری وەزیری بەرگری بۆ ڕێباز، کاتی خۆی بە کۆمیتەی خزمەتە لەشکرییەکانی سێنێتی گوت، "هەم ئەلقاعیدە و هەم داعشی خۆراسان لە هەوڵدان کردارەکانی دەرەکی بەڕێوەبەرن."

هەڵسەنگاندنەکان کۆکن کە ئەو مەبەستە هێشتا لە جێی خۆیەتی، تەنیا رێبەرانی هەر دوو گرووپی تێرۆریستی بە کاری دیکەوە سەر قاڵن.

وەک ڕاپۆرتەکە دەڵێت، "هەڵسەنگاندنی ئاژانسی وەزارەتی بەرگری بۆ زانیاری نهێنی پێیوایە کە داعشی خۆراسان زیاتر تیشک دەخاتە سەر هێرشەکانی نێو ئەفغانستان تا ئەوەی کردارەکان لە دەرەوە ئەنجام بدات." لەم پەیوەندییەدا، ئاماژە بە چەندین هێرش بۆ سەر خاڵە پشکنینەکانی ئاسایشی تاڵیبان دەکات، هەروەها هێرشە کوشندەکەی مانگی ١١ی ساڵی ڕابردوو بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی لەشکری لە کابول کە لانی کەم ٢٥ کەس تێیدا کوژران و زیاتر لە ٥٠ کەسیش برینداربوون.

هەروەها ئەو ئاژانسە گوتی کە داعشی خۆراسان " پێدەچێت لە هەستی دژە تالیبان و کەم و کوڕی دەسەڵاتداری لە ئەفغانستاندا کەڵک وەربگرێت بۆ ئەوەی کەسانی زیاتر بە تایبەتی جەماوەری بێ دەرەتان بۆ نێو ڕیزی خۆی ڕابکێشێت.

ڕاپۆرتەکە هەروەها هۆشداری دەدات کە ئەو گرووپەی داعش " پەیوەندی لە گەڵ چەکدارانی وڵاتانی ناوەند و باشوری ئاسیا بەرقەرا دەکات و بۆی هەیە گرووپەکە هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە نێو ئەو وڵاتانەدا بێت."

ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن وڵاتانی هاوکار بۆ نووسینی ڕاپۆرتەکە و لە هەمان کاتدا ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن و سەرەتای ئەم مانگە بڵاوبۆتەوە، هوشداری دەدەن کە لە وەتا هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان پاشەکشەیان کردووە، ژمارەی چەکدارانی داعشی خۆراسان گەیشۆتە نزیکەی ٤،٠٠٠ کەس.

هەروەها ئەندامێکی یو ئێن هۆشداری دەدات، ئەلقاعیدە کە مێژوویەکی درێژتری لە ئەفغانستان دا هەیە، لە وەتا کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا "بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە." هەروەها ئەو کەسانەی لە نێو تالیبان دا پشتیوانی لە ئەلقاعیدە دەکەن ئێستا خاوەنی پلە باڵاکان لە نێو بەڕێوەبەرایەتی ئەفغانستاندا.

کاربەدەستانی نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکەن کە دەیان کاربەدەستی ئەلقاعیدە، لە ناویاندا ڕێبەری گرووپەکە ئەیمەن ئەلزەواهێری لە ئەفغانستان دەژین.

XS
SM
MD
LG