Accessibility links

د. فازڵ نەبی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لێدان و کارەساتێکی گەورەیە بۆ هەرێم شتی تریشی بە دوادا دێت


جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق

پڕۆفیسۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی عیراقی فیدراڵ کەهاوکات پڕۆفیسۆرە و هەڵگری بڕوانامەی ئابورییە لە زانستی ئابوری بەشی ژمێریاری، لە سەرەتای وتووێژەکەدا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا وەکو پسپۆڕێکی ئابوری و وەکو ئەوەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی عێراق کارتانکردووە، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵیتان بینیوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غاز و ڕێگەنەدان بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و ناوبردنی فرۆشتنی هەرێم به ‌نادەستوری ئەمە چ لێکەوتەیەکی ئابوری دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ مووچەخۆران؟

پڕۆفیسۆر د.فازڵ نه‌بی
پڕۆفیسۆر د.فازڵ نه‌بی


لە وەڵامدا د. فازڵ نەبی وتی: به ‌ڕاستی دوێنێ ڕۆژێکی ناخۆشە بوو بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی ناکرێت تانەی لێبدرێت و ئیسنتئناف بکرێتەوه،‌ بۆیە بە ڕاستی لێدانێکی گەورەیە کە بەر ئابوری هەرێمی کوردستان دەکەوێت، لەبەر ئەوەی زیاتر لە 70-80% مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و خەرجی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نەوت و هەندێک لە گومرگ و باجەکانەوە دێت، بە ڕاستی کاریگەری نەرێنی زۆری دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئەوە کۆتایی دنیا بێت بۆ هەرێمی کوردستان بەڵکو هەرێمی کوردستان هەندێک ڕێوشوێنی تر لەگەڵ حکومەتی بەغداد بگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابورییەکان.

" کۆتایی دنیا نیـیە بۆ هەرێم زۆر ڕێگاچارەی تر لەبەردەم هەرێمە لەگەڵ بەغداد"

"هەر وەکو باسمانکرد بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی کۆتاییە، بەڵام ئێمە زۆر ڕێگەچارەی ترمان هەیە لەگەڵ بەغداد، یەکێک لەوانە گەڕانەوەیە بۆ مەسەلەی بودجە ئەو بودجەیەی پێش ساڵانی 2017 هەمان بووە نەک ئەوانەی پاش ساڵی 2017، ئەگەر هاتوو ئێمە لەگەڵ بەغداد ڕێکبکەوین لەسەر هەندێک ڕێوشوێن لە مەسەلەی بودجە، بودجە بگەڕێتەوە وەکو خۆی، بەدڵنیاییەوە ڕێککەوتنی تر دێتەپێش ئەویش بۆ نموونە دانانەوەی قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان یان دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان و حەق‌دەستی کۆمپانیاکانە کە بێگومان ئەوە مافێکی یاسایی هەرێمی کوردستانە کە داوا بکات لە بەغداد، بە ڕای من ئێمە دەتوانیین چارەسەری ئەو گرفتە گەورەیە بکەین کە هاتۆتە پێشمان چونکە مەسەلەی یاسای بودجە بۆ نموونە لە کۆتا جار لە ساڵی 2013 پێش ئەوەی کێشە دروست ببێت لەنێوان هەردوولا، ئێمە 14 تریلیۆن و 800 ملیار دینارمان لە بەغداوە ناردۆتە هەرێمی کوردستان کە ئەوەش بڕێکی زۆر گەورەیە، ئەگەر هاتوو ئێمە بتوانین بەو ئاڕاستەیە بگەڕێینەوە دەتوانین چارەسەری کێشەکانمان بکەین بەڵام بەداخەوە من زۆر داوامکرد لە ڕێگەی ڕادیۆی ئێوە و زۆربەی تەلەفزیۆنەکانی هەرێمی کوردستان لەو ڕۆژەی کە من خانەنشین بووم لە مانگی دووی ساڵی 2017 کە پێنج ساڵی تێپەڕاند لە ماوەی ئەو پێنج ساڵە 500 جار هاوارم کردووە کە بگەڕێنەوە بۆ یاسای بودجەی پێش ساڵی 2017 ، چونکە دوای ساڵی 2017 و دوای گەڕانەوەمان لە بەغداد ڕۆژانە بەغداد لە ڕێگەی بودجەوە گورزی لە هەرێمی کوردستان و لە خەڵکی هەرێمی کوردستان داوە، بەداخەوە نەکەوتینە خۆمان واتە ئێمە وەکو کورد کێشەیەکمان هەیە دەبێت ستراتیجیەتمان هەبێت نابێت تەنها تاکتیکمان هەبێت بەبێ ستراتیجیەت بە داخەوە ئێمە تێکەوتین لە 2017 وە هەتا ئەمڕۆ ئێمە هەر زیان دەکەین و هەر بۆ دواوە گەڕاینەوە (زەربە) گورز لە دوای گورز لە هەرێمی کوردستان دەدرێت لە ڕێگەی بودجەی فیدڕاڵیەوە بۆیە دەبێت ئێمەش بگەینە خۆمان خەڵکی عاقڵ- هۆشمەند لە ڕێگەی لیژنەی عاقڵ- هۆشمەندەوە بتوانین لەگەڵ بەغداد بکەوینە دانوستان هەم لەسەر مەسەلەی بودجە و لە سەر مەسەلەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو مەسەلانەی کە باسمکرد."



"هەرێمی کوردستان گورز‌ی زۆر گەورەی بەرکەوتووە"

پرسیار ئەگەر هەرێمی کوردستان ئەو ڕێگا چارەیەی بەکارنەهێنا کە تۆ باسی دەکەیت چی ڕوودەدات؟

لە وەڵامدا د. فازڵ نەبی وتی: بەدڵنیاییەوە کاریگەریەکی زۆر سلبی- نەرێنی و گەورەی دەبێت لەوانەیە کاریگەری زۆر لە هەرێمی کوردستان بکات بەڵام دیسان دەیڵێمەوە مەسەلەیەکی عەرەبی هەیە دەڵێت " هەمیشە گەشبین بە چونکە خودا هەیە" مادام وایە بەدوای ڕێگەچارەی تر بگەڕێن ڕاستە هەرێمی کوردستان گورزەی زۆر گەورەی بەرکەوتووە و ئاسان نییە بەڵام ڕێگەچارەی تر هەیە کە بتوانرێت چارەسەری کێشەکان بکرێت لەگەڵ بەغداد.


" دەبێت زوو فریای خۆمان بکەوین"

جەختی لەوەکردەوە: ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بەدڵنیاییەوە بەڵێ گورزێکی زۆر گەورەیە بەڕاستی ئەگەر بچینە بنج‌وبنەوانی بڕیارەکەوە کاریگەری نەرێنی یەکجار زۆری دەبێت لە داهاتوو لەسەر مەسەلەی دەرهێنانی نەوت و غاز و کۆمپانیاکانی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن بۆیە ئێمە دەبێت زوو فریای خۆمان بکەوین و نابێت دوابکەوین و بتوانیین ڕێگەچارەی بەدیل- جێگرەوە بدۆزینەوە.



"بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر کۆمپانیاکان و نرخی نەوت لەسەر هەموو شتێک کە پەیوەندیدارە بە مەسەلەی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان"

سەبارەت بەوەی ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی چ کاریگەریەکی دەبێت لەسەر نرخی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بازاڕەکانی جیهان و لە مامەڵەکردنی ئەو وڵاتانەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕن تەنانەت ئەو کۆمانیانەشی کاری تێدا دەکەن؟

د. فازڵ نەبی وتی: کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر کۆمپانیاکان و نرخی نەوت لەسەر هەموو شتێک کە پەیوەندیدارە بە مەسەلەی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە کۆمپانیاکان و مەسەلەی چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت و مەسەلەی نرخی نەوت و مەسەلەی ئەو دەوڵەتانەی کە تا ئێستا نەوتیان لێدەکڕین کە چۆن دەبێت لە داهاتوودا، چونکە ئێستا تۆپەکە لە یاریگای حکومەتی عێراقدایە ئەگەر خوانەخواستە حکومەتی عێراق بیەوێت ئیستغلال بکات- ئەو بڕیارە بەکار بهێنێت، بڕیارەکە دەرچووە لە دادگای فیدڕاڵی بەڵام چۆنیەتی جێبەجێکردنی دەکەوێتە سەر حکومەتی عێراق، بۆیە ڕێگای بدیل- جێگرەوەی تر زۆرن کە فریای خۆمان بکەوین ناتوانم هەموو شتێک لە ڕادیۆ باس بکەم لەبەرئەوەی خەڵکی دژ بەکوردمان زۆرە لە ناوەڕاست و خواری عێراق بەڵام ڕێگەچارەی تر هەیە دەبێت بگەینە خۆمان لە چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو بڕیارە لە ڕێگەی حکومەتی فیدڕاڵیەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە ئەگەر نا کارەساتەکە زۆر گەورەیە.



" هەر ئەوەندە دەڵێم کە ئەوە کارەساتێکی گەورەیە"

واتە، بەو پێیەی بەڕێزتان کەسێکی ئەکادیمی بوارەکەن، بە زمانی گشتی خەڵک ئیتر لەمەودوا ئەو وڵاتانەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان کڕیوە بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ کڕینی نەوتی هەرێمی کوردستاندا دەکەن چونکە بابەتی دڵنیایی زۆر گرنگە لە بواری بازرگانیدا واتە ئەو دڵنیاییە نامێنێت بۆ ئەوان؟

لە وەڵامدا د. فازڵ نەبی ڕونیکردەوە: بەدڵنیاییەوە گورز لەو دڵنیاییە کەوت بێگومان ئێستا لەوانەیە لەوە بترسن تووشی ئیلتزامات-پابەندبوونی داهاتوو ببن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، من نامەوێت زۆر بە وردەکاری بچینە ناوی، چونکە نامەوێت شت بدەینە دەست بەرامبەرەکەمان بەڵام هەر ئەوەندە دەڵێم کە ئەوە کارەساتێکی گەورەیە بەڵام دەکرێت ڕێگەچارەی بەدیل- جێگرەوە بدۆزرێتەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی.



"ئەو بڕیارە بۆ ئێستا و بۆ داهاتووشە ئێستا حکومەتێکی لاواز هەیە لەوانەیە پاش سێ مانگی تر حکومەتێکی بەهێز لە عێراق دروست ببێت"

لە وەڵامی ئەو بۆچونەی هەندێک پێیان وایە کە حکومەتی عێراقی لەم دۆخەدا حکومەتێکی لاوازە بەهۆی ئەو کێشەو ململانیە سیاسیانەی هەیە ناتوانرێت ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت نموونەی ماددەی 140 دەهێننەوە لە کاتێکدا ماددەیەکی خودی دەستوری عێراقیە بەڵام جێبەجێ نەکراوە ئایا حکومەتی عێراق ئەوەندە دەستوپێی هەیە کە بتوانێت ئەم بڕیارە بەسەر هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکات؟

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: ئەو حکومەتەی کە ئێستا هەیە بەڵێ حکومەتێکی لاوازە بەڵام کاتێک بڕیارێک لە دادگای فیدڕاڵی دەردەچێت ئەو بڕیارە بۆ ئێستا و بۆ داهاتووشە ئێستا حکومەتێکی لاواز هەیە لەوانەیە پاش سێ مانگی تر حکومەتێکی بەهێز لە عێراق دروست ببێت، دەبێت ئێمە بگەینە خۆمان نابێت بیر لە ئێستا بکەینەوە کێشەی کورد هەمیشە لەسەر ئەوەیە کە بیرمان لە ئێستا کردۆتەوە و بیرمان لە دوور نەکردۆتەوە ئەگەر حکومەتێکی بەهێز هاتە سەر حوکم یان ئەو خەڵکە نەیارانەی هەرێمی کوردستان هاتنە سەر حوکم زۆر ئەگەر هەیە بەڵێ ئەو حکومەتەی ئێستا هەوڵدەدات ناتوانێت بڵێت من ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکەم بەڵام هەوڵدەدات دوایبخات هێواش هێواش بە پرۆسێسەکەدا بڕوات، بەڵام ئێمە دەبێت ترسمان لە حکومەتی داهاتوو هەبێت دەتوانیین چارەسەری ئەو کێشانە بکەین من دەمێکە پێشبینی زۆر شتم کردووە و قسەم کردووە لە هەندێک شوێن لەوانەیە هەندێک بەرپرس پێیان ناخۆش بووبێت بەڵام من لە وەتەرە- دەمارە گشتیەکەیم دا پێش ئەوەی بڕیارەکەش دەربچێت، مرۆڤ ناتوانێت لە دەزگای ڕاگەیاندا وردەکاری شتەکان باس بکات ئینجا بۆیە دەڵێم ئێمە نابێت بیر لەو ساتە بکەینەوە تەنها ڕێگەچارە لە پێش کورد ئەوەیە کە ئەمڕۆ کورد جارێکی تر ببێتەوە بە یەکدەنگ و پشتی یەکتر بگرن لە بەغداد ئیسغلال دەکرێن لەو پارچە پارچە بوونەی کە ئێستا هەیە دژی کورد و شتی تریشی بەدواوە دێت بەڵام لە ئێستاوە دەبێت ماڵی کورد یەکبخرێتەوە و داوام لە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بە زووترین کات نێوماڵی کورد یەکبخەنەوە و هیچ گرفتێکمان بۆ دروست نەبێت لەسەر هەندێک پۆست لەبەغداد هەموو بتوانیین بە یەکەوە یەکدەنگ بین هەتا بتوانین بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵی بەهێز بین و بتوانین ئەو ڕێگەچارە جێگرەوانەی کە هەیە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بەدەست بهێنین .



لە وەڵامی ئەو پرسیارەی هەندێک پێیان وایە ئەمە سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی دەتوانێت هەنگاوی خراپ بەرامبەر هەرێمی کوردستان بگرێتەبەر ؟

د. فازڵ نەبی وتی: بە کوردی و بە کورتی بەڵێ.


"ئەو خەڵکانەی کە دڵیان خۆشە لە بنەڕەتدا ئەگەر لێی بپرسیت دڵی خۆش نییە بەڵام بە ڕواڵەت وای پیشان دەدات لەبەر ئەوەی لە هەرێمی کوردستان نەتوانراوە وەکو پێویست خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێت"

لە دوای ڕاگەیاندنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دڵخۆش بوون و پێشوازییان لەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی دەکرد، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی هەندێک لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵیان بەم بڕیارە خۆشە- ئەگەر چاوێک بە سۆشیاڵ میدیا بخشێنین ئەوە دەبینین- وەکو بەرپرسێکی حکومی پێشوو و مامۆستایەکی ئابوری زانکۆ ، ڕای تۆ چیە لەسەر ئەوە؟

لە وەڵامدا د. فازڵ نەبی وتی: هەرچەندە لەسەر مەسەلەی دارایی و زانستی و ئابوری قسەمکردووە کەمتر لەسەر مەسەلەی سیاسی قسەمکردووە بەڵام ئەگەر بە زاراوە سیاسیەکە ئەگەر قسەمکردبێت وتومە ئێمە دەبێت دووبارە بینای کەسێتی و دەروونی مرۆڤی کورد بکەینەوە، مرۆڤی کورد دڵی لە بەرپرسەکان و حزبەکان شکاوە، مرۆڤی کورد ئینتمائی زۆر لاواز بووە بۆ هەرێمی کوردستان، با ساڵانی پەنجاکان و شەستەکان و حەفتاکان بە بیر خۆمان بهێنینەوە خەڵک هەبوو خوێنی خۆی دەڕشت لە پێناوی کوردستان، ئێستا ئەو ئینتیمایە بۆ نەماوە! ئەو هەموو پێشمەرگە نازدارە شەهید بوون، ئەو هەموو منداڵە چاوگەشە بێباوک بوون، ئەو هەموو ژنە نازدارانە بێ مێرد بوون، ئەو هەموو دایک‌ و باوکانە جەرگیان سووتا، ئەی ئێستا بۆ ئینتیما نەماوە؟ ئەو خەڵکانەی کە دڵیان خۆشە لە بنەڕەتدا ئەگەر لێی بپرسیت دڵی خۆش نییە بەڵام بە ڕواڵەت وای پیشان دەدات لەبەر ئەوەی لە هەرێمی کوردستان نەتوانراوە وەکو پێویست خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێت، ئێمە دەبێت ئینتیمای خەڵک بۆ هاوڵاتی بوون بگەڕێنینەوە ئەویش بەوە دەکرێت کە دەبێت سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بکەونە خزمەتی ئەو میللەتە خەڵک زۆر مەسەلەی لەسەر ئێمە بەکارهێناوە یەکێک لەوانە مەسەلەی دواکەوتنی مووچە و بڕینی مووچەیە، خەڵک دەڵێت بۆچی ئەوان بە ملیارەها هەیانە و بۆ من مووچەکەم نەدرێتێت، دەبێت بیر بکەینەوە، دەبێت ئەو کێشانە چارەسەر بکەین بۆ ئەوەی دووبارە رۆحیەتی نیشتمانپەروەری لەناو خەڵکی هەرێمی کوردستان دووبارەی بکەینەوە واتە رۆحی نیشتمانپەروەری لاواز بووە، ئەو رۆحیەتیە بگەڕێنینەوە دۆخی جارانی خۆی بەداخەوە ئێمە لە بارودۆخێکی خراپین لەبەر ئەوەی بۆشایەکی زۆر لە نێوان بەرپرسان و لە نێوان هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستاندا هەیە دەبێت ئەو بۆشایە نەهێڵین ئەگەرنا تووشی کارەساتی زۆرتریش دەبین.



"وەکو کوردستان ئێمە نابێت دڵمان بەوە خۆش بێت کە لەگەڵ فڵان هاوپەیمانیم هەیە و لەگەڵ فڵان نیمە"

د. فازڵ نەبی سەبارەت بەوەی کێ بەرپرسە لەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی کە دژ بە هەرێمی کوردستان درا؟

من ناتوانم خەڵک تۆمەتبار بکەم بڵێم فڵان بەرپرسە و فڵان بەرپرسە بەڵام ئێمە دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین لە هەرێمی کوردستان ناحەزمان یەکجار زۆرە وەکو کورد و وەکو کوردستان ئێمە نابێت دڵمان بەوە خۆش بێت کە لەگەڵ فڵان هاوپەیمانیم هەیە و لەگەڵ فڵان نیمە، ئێمە دەبێت ڕاستیەک بزانین و بیخەینە مێشکی خۆمان ئەوەش ئەوەیە کە ئێمە ناحەزی یەکجار زۆرمان هەیە لە ناو عێراق و لە دەوروبەر و لەدەرەوەی عێراق هەیە، ئێمە ئەو ڕاستیەمان لە بیرخۆمان بردۆتەوە ،دووەمیش لەوانەیە خەڵکی کوردیش هەبێت با خەتا لەخۆشمان بگرین خەتا تەنها لەگەڵ نەیارەکانمان نەگرین بەڵام ئێمە چیمانکردووە لەناو وڵاتەکەی خۆمان بۆ هاوڵاتیانی خۆمان بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە ناچارنەبن بکەونە ڕیزی نەیارانی هەرێمی کوردستان کەواتە کەموکورتی لە خۆشمانە پێش ئەوەی ئێمە گلەیی لە نەیارانمان بکەین دەبێت پێداچوونەوە بە هەموو شتێکدا بکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان بەبۆچوونی من.



ئایا ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی ئابوری سەربەخۆی هەرێمی کوردستانی لەبار برد؟

د. فازڵ نەبی بەم جۆرە وەڵامی دایەوە و وتی: لەوانەیە زۆرکەس ئێستا ئەو پرسیارەیان لێ بکەیت وەڵامەکەیان بڵێن بەڵێ، بەڵام من دەڵێم نەخێر چونکە مەسەلەی ئابوری سەربەخۆی هەرێمی کوردستان ئێمە زۆر بە هەڵە تێی گەیشتین، سیاسەتمەدارانی ئێمە زۆر بە هەڵە تێگەیشتن، مەسەلەی سەربەخۆیی ئابوری ئەوە نییە ئێمە ئەمڕۆ بتوانین نەوتەکەی خۆمان بفرۆشین، نەخێر ، ئێمە ژێرخانمان هەیە، هەر بڕیارێک دەربچێت یان هەر ڕێککەوتنێکی تر لەگەڵ بەغداد بکرێت ئەو کاریگەرە گەورەیەی لەسەر مەسەلەی سەربەخۆیی ئابوری هەرێمی کوردستان نابێت لە کاتی نەبوونی ژێرخان بەڵێ تووشی کێشە دەبین بەڵام زۆربەی ئەو چاڵە نەوتیانە لەناو هەرێمی کوردستانن واتە کۆنتڕۆڵمان لەسەری هەیە تەنانەت ئەگەر ڕادەستی یەکێکی تری بکەین یان لە ڕێگەیەکی ترەوە بفرۆشرێت یان ڕادەستی بەغداد بکرێت و لە ڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت کاریگەری نەرێنی لەسەر سەربەخۆیی ئابوری هەرێمی کوردستان نییە چونکە هەرێمی کوردستان هەتا ئەم ساتە دەوڵەت نییە بەڵکو بەشێکە لە عێراق مادام ژێرخانی ئابوری لە هەرێمی کوردستان هەیە هەر وەختێک کە ئومێدی هەر هەموومانە ڕۆژێکی گەشمان بۆ پەیدابوو، وە لەو ڕۆژە ڕەشانە ڕزگارمان بوو ئەو کاتە ئێمە ژێرخانی ئابوریمان هەیە و دەتوانین ئەو کات وەبەرهێنانی بکەین بۆیە با ترسمان لەوە نەبێت کە ئەوە گورزێکی ئابوری گەورە لە مەسەلەی سەربەخۆی ئابوری هەرێمی کوردستان دەدات .

please wait

No media source currently available

0:00 0:16:37 0:00

XS
SM
MD
LG