Accessibility links

سامانە سڕکراوەکەی ئەفغانستان و شاندەکەی تاڵیبان بۆ دەوحە


سەرۆکی پێشووتری ئەفغانستان حامید کارزای دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی فرمانڕەوایانی تاڵیبان کە داوا لە ئەمەریکا دەکەن پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بکات سەبارەت بە سامانە سڕکراوەکەی ئەفغانستان کە بڕیارە ئەمەریکا بە بڕی نزیکەی نیوەی 7 ملیار دۆلاری لە سامانی بیانی ئەفغانستان بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی خانەوادەکانی هێرشە تێرۆرستیەکانی 11ی سێپتەمبەر تەرخان بکات.

حامید کارزای لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابول گوتی هاوڵاتیان لە ئەفغانستان هاوبەشی ئازار و پەژارەی ئەو خانەوادانەن کە خۆشەویستانیان لە کارەساتەکەی 11ی سێپتەمبەردا لەدەستدا، گوتیشی ئێمە هاوسۆزیانین.

هاوکات کارزای گوتیشی بەڵام هاوڵاتیانی ئەفغانی هێندی ئەو خانەوادە ئەمەریکاییانە قوربانیان داوە و ژیانیان لەدەستداوە، گوتیشی هێشتنەوەی ئەو پارەیە یان دەستگرتن بەسەریدا و نەدانی بە ئەفغانیەکان کارێکی ناڕەوایە دەرهەق بە خەڵکانی ئەفغانی دەکرێت.

لە لایەکی ترەوە تاڵیبان گوتیان لە هەوڵێکی نوێدا بۆ ڕازیکردنی حکومەتانی جیهان تا یارمەتی مرۆیی بۆ ئەفغانستان دابین بکەن، شاندێکی تالیبان ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە دەوحە ئەمەش بە 6 مانگ دوای ئەوەی دەسەڵاتیان لە ئەفغانستان گرتە دەست.

لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان لە تویتێکدا دەنوسێت شاندەکەی تاڵیبان بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوە ئەمیرخان موتەقی لەگەڵ شاندێکی یەکێتی ئەوروپا لە دەوحە کۆدەبێتەوە هەروەها لەگەڵ کاربەدەستانی ئەرکەکانی دیپلۆماسی وڵاتانی کەنداویش کۆبوونەوە دەکەن.

جێی ئاماژەیە هێشتا بە فەرمی دان بە حکومەتی تاڵیباندا نەنراوە، تاڵیبان دەبێت دان پێدانانی فەرمی وڵاتان بە دەست بهێنێت، نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت نیوەی کۆی ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە 38 میلۆن هاوڵاتییە ڕووبەڕووی قەیرانی کەمی خۆراک دەبنەوە.

XS
SM
MD
LG