Accessibility links

ئەمەریکا :ڕێگای دیپلۆماسی بۆ کۆتایهێنان بە بنبەستی ئۆکرانیا هێشتا کراوەیە


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت دیپلۆماسی هێشتا دەتوانێت گرژییەکان لەگەڵ مۆسکۆ لەسەر ئۆکرانیا چارەسەر بکات، بەڵام دەشڵێت مەترسی هێرشی ڕووسیا گەیشتوەتە ئاستێک کە فەرمانی کشانەوەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە کیڤ دەربکات.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای وتووێژەکانی ڕۆژی شەممە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ژاپۆن و کۆریای باشوور، هۆشدارییەکەی واشنتونی دوپاتکردەوە سەبارەت بەوەی سوپای ڕووسیا کە زیاتر لە 100 هەزار سەربازی لە نزیک ئۆکرانیا جێگیرکردوە، هەر سات لەوانەیە هێرش بکات و ئەمەش لە کاتێکدایە مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە کە هیچ پلانێکی لەو جۆرەی هەبێت.

کۆبوونەوە زۆر و پەیوەندی تەلەفۆنیەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی لە نێوان بەرپرسانی باڵای ڕۆژئاوا و ڕووسیا هیچ نیشانەیەکی لە پێشکەوتن بۆ چارەسەر کردنی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی پێوە دیار نییە.

ڕاوێژکاری ئاڵمانیا، ئۆلاف شوڵز، بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا كۆببێتەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئەڵمانی ڕایگەیاند کە بەرلین چاوەڕێی ئەنجامێکی ئەرێنی لەو گفتوگۆیانە ناکات.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی شوڵز دەیەوێت ئەوە ڕوون بکاتەوە کە ڕۆژئاوا یەکگرتووە و هەر دەستدرێژییەک دەبێتە هۆی "سزایەکی قورس و بەرچاو" بۆ سەر ڕووسیا.

بلینکن لەدوای کۆبوونەوەکانی لە هاوای ئەمەریکا گوتی "ڕێگای دیپلۆماسی بە کراوەیی دەمێنێتەوە و ڕێگای مۆسکۆ بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە دەیەوێت بەو ڕێگایەدا بڕوات، ڕوون و سادەیە و پێویستە گرژییەکان کەم کاتەوە لەجیاتی ئەوەی زیادیان بکات."

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا کە کاتژمێرێکی خایاند، بە پوتینی ڕاگەیاند کە ڕۆژئاوا بەرامبەر بە هەر داگیرکردنێکی ئۆکرانیا لە لایەن ڕووسیاوە وەڵامی یەکلاکەرەوە دەداتەوە و گوتیشی هەر جۆرە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی گۆشەگیرکردنی مۆسکۆ.

بەرپرسێکی پایەبەرزی بەڕێوبەرایەتی بایدن گوتی کە پەیوەندیەکە گرنگ بوو، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەکی بنچینەیی دروست نەکرد.

کرێملین لەبارەی پەیوەندییەکەوە ڕایگەیاند کە پۆتین بە بایدنی گوتوە کە واشنتون نیگەرانییە سەرەکیەکانی ڕووسیای لەبەرچاوە نەگرتوە و هیچ وەڵامێکی ڕوونی لەسەر توخمە سەرەکیەکانی داواکارییە ئەمنییەکانی وەرنەگرتوە.

پوتین داوای کۆمەڵێ گەرەنتی لە ئەمەریکا و ناتۆ دەکات ، لەوانە مسۆگەرکردنی ئەوەی ڕێگا بە چوونەژوورەوەی ئۆکرانیا بۆ ناو ناتۆ نەدەن و هەروەها خۆیان بەدوور بگرن لە جێگیرکردنی بنکە موشەکیەکانی لە نزیک سنوورەکانی ڕوسیا و کەمکردنەوەی ژێرخانی سەربازی ناتۆ لە ئەوروپا بۆ ئاستی ساڵی 1997.

واشنتن دەڵێت زۆرێک لە پێشنیارەکانی مۆسکۆ جێگای قەبووڵکردن نییەن، بەڵام کرێملین هاندەدات بۆ ئەوەی داوا و پێشنیارەکانی لەگەڵ واشنتن و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی هاوبەش بکات بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.

XS
SM
MD
LG