Accessibility links

ڕاپۆرتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران


جاوید ڕەحمان، نێردەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ڕاپۆرتێکی نوێدا کە 10ی مانگی 2 ڕاگەیەندراوە، باس لە نیگەرانییەکان دەکات سەبارەت بە بارۆدۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران.

وێنەیەکی ئەو ڕاپۆرتە نوێیە کە نێردراوە بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، باس لە بارودۆخی مرۆیی ئێران لە ماوەی سەرەتای مانگی یەکی ساڵی 2021 دەکات تا سەرەتای مانگی 12ی هەمان ساڵ.

لەو ڕاپۆرتەدا کە بڕیارە بەمزوانە لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێشکەش بکرێت، ئاماژەکراوە بە دەستبەسەرداگرتنی سامانی هاووڵاتیانی بەهایی، تەقەکردن لە کۆڵبەرانی کورد و بەلووچ و هەروەها دەستبەسەرکردنی 500 چالاکوانی سیاسی و مەدەنی کورد لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە سەرەڕای داواکارییە بەردەوامەکان، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تاکو ئێستا ڕێگەیان پێنەداوە گەشت بکات بۆ ئێران و دەڵێت زانیارییەکانی بەردەست سەبارەت بە پێشێلکارییەکانمان لە ڕێگای گفتوگۆ لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆکردووەتەوە.

بارودۆخی گشتی مافەکانی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیدا

  • سزای لەسێدارەدان و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و مافی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە

ڕاپۆرتەکە دەڵێت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە سەبارەت بەو ژمارە زۆرانەی لە سێدارەدان لە ئێران، لەوانەش سزای لە سێدارەدان بۆ ئەو تاوانانەی کە بەپێی پێناسەی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ ناچنە چوارچێوەی مەترسیدارترین تاوانەکان کە کوشتنی بەئەنقەستە. ڕاپۆرتەکە دەڵێت سزاکانی لە سێدارەدان دوای دادگایکردنە ناڕەواکان سەپێندراون و دەڵێت لە سەرەتای ساڵی 2021وە تا 1ی مانگی دوانزەی ساڵی 2021، بەلایەنی کەمەوە 275 کەس لە سێدارەدراون کە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، 25 کەس زیاتر لە سێدارەدراون.

  • لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی کە لە منداڵیدا تاوانیان ئەنجامداوە

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆتەکەیدا سەرەڕای دەڕبڕینی نیگەرانییەکانی سەبارەت بە لە سێدارەدانی ئەو کەسانەی کە لە منداڵیدا تاوانیان کردووە، دەڵێت بە لایەنی کەمەوە دوو منداڵ لە ساڵی 2021دا لە سێدارەدراون.

  • بەکارهێنانی زۆری هێز

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو هێزەکانی ئاسایشی لە ماوەی ساڵی 2021دا بە کارهێناوە بۆ دەستبەسەرکردنی نایاسایی ناڕەزایان و دەڵێت لە خۆپیشاندانی ئاشتیانەی ناوەڕاستی مانگی 7ی ساڵی 2021 کە لە شارەکانی پارێزگای خوزستانەوە دەستیپێکرد و هەندێک لە شارەکانی دیکەی گرتەوە، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ئێران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی شارەکانی خۆزستان کردووە بەو هۆیەوە لانی کەم هەشت کەس کە زۆرینەیان خەڵکی عەرەب بوون کوژران کە دوو منداڵیشیان تێدایە و ژمارەیەکی زۆری دیکەش بریندار بوون، ڕاپۆرتەکە دەڵێت نزیکەی 360 کەسیش لە شارەکانی خۆزستان دەستبەسەرکراون.

هەروەها لە شاری ئەسفەهانی ئێران و لە دوای خۆپیشاندانەکان کە لە مانگی یازدەی ساڵی 2021دا بەهۆی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە وشکەساڵی و کەمی ئاو بەڕێوەچوو، ‌هێزەکانی ئاسایش بە توندی هێرشیان کردووەتە سەر ناڕەزایان و کۆمەلێک برینداری لێکەوتووەتە و بە لانی کەمەوە 200 کەسیش لەو شارەدا دەستبەسەرکراون.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ئێران بەکارهاتوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کوڵبەرانی کورد و بەلوچ، لە ماوەی ساڵی 2021 دا زیاتر لە 200 کۆلبەر و کرێکارانی سەرسنورەکان لەلایەن ئەو هێزانەوە کوژراون و بریندار بوون.

  • کوشتنی هەڕەمەکی دەستبەسەرکراوان لەناو زیندانەکاندا

ڕاپۆرتەکە باس لە ژمارەیەک زیندانی دەکات کە لە زیندانەکانی ئێراندا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە و لێکۆڵینەوە بۆ هۆکاری مردنەکەیان نەکراوە، لەوانەش گیان لەدەستدانی 11 هاوڵاتی کورد لە زیندانەکانی ئێراندا بە بێ ئەوەی هۆکاری گیان لەدەستدانیان ئاشکرا کرابێت. ڕاپۆرتەکە دەڵێت تەرمی زۆرێک لەو کوردانەی کە بە هۆکاری نادیار و لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکاندا گیانیان لەدەستداوە، نەدراوەتەوە خێزانەکانیان و لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بەخاک سپێردراون.

  • ڕەوشی گرتوخانە و زیندانەکان

ڕاپۆرتەکە باس لە دۆخی خراپی زیندانەکان دەکات کە بە هۆی کەمی خۆراک، قەرەباڵغی زۆر و پیسی و کەمی کەرەستە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان ژیانی زیندانیانی خستووەتە مەترسییەوە. هەروەها باس لە دۆخی زۆر خراپی بنکە نهێنییەکانی دەستبەسەرکردنی هێزەکانی ئاسایشی ئێران دەکات کە تیایدا زیندانیان و دەستبەسەرکراوان ڕووبەڕووی دۆخێکی نالەبار بوونەتەوە، هەروەها دۆخی زیندانەکان لە دوای سەرهەڵدانی کۆڤید-19 خراپتر بووە و زیندانیان بە بەردەوامی لە دەستگەیشتن بە چاودێری پزیشکی دوورخراونەتەوە و لە دۆخێکی نامرۆڤانەدا هێڵراونەتەوە. ڕێکخراوە ناحکومیەکان چەندین جار ڕاپۆرتیانداوە کە ئاو و خۆراک لە زیندانەکاندا پیسن و کەم و کورتیان تێدایە، زیندانەکان مشک و قالۆنچەی زۆری تێدایە و هەروەها پلەی گەرمای ناو زیندانەکان تاقەت پڕووکێنە و شوێنی نووستنی پێویستیش بۆ زیندانییەکان نییە.

دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و ناڕەوا

· ڕەوشی پارێزەران و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ

ڕاپۆرتەکە دەڵێت دەستبەسەرکردنی پارێزەران و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامە و نیگەرانییەکان زۆرتر بوون لەو ڕووەوە. هەروەها دەڵێت پارێزەران و چالاکوانان بە تۆمەتی ئاسایشی نیشتمانی دەستگیر دەکرێن و ڕووبەرووی سزای نادادپەروەرانە دەبنەوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە ناوی ژمارەیەکی زۆر لەو چالاکوان و پارێزرانە کردووە کە لە ئێستادا لە زیندانەکانی ئێراندان، لەوانەش پارێزەر نەرگس محەمەدی کە لە مانگی یازدەی ساڵی 2021دا جارێکیترلە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکراوە و ڕووبەڕووی سزای 30 مانگ زیندانی و لێدانی 80 قامچی بووەتەوە.

· دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی بیانی و ئەوانەی هاوڵاتی دوو وڵاتن

ڕاپۆرتەکەی جاوید ڕەحمان ئاماژەی بە ناوی ژمارەیەک لەو کەسانە کردوە کە هاوڵاتی وڵاتانی دیکەن و لە ئێستادا لە زیندانی ئێران دەستبەسەرن، لەوانەش سیامک نامازی و ئەحمەد ڕەزا جەلالی و نازەنین زاغری و زۆر ناوی دیکە و دەڵێت لە زیندان لەگەڵ ئەوەدا کە هەندێکیان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بەڵام موڵەتیان پێنەدراوە بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان بێنە دەرێ.

مافی ئازادی کۆبوونەوە و کۆبوونەوەی ئاشتیانە و ئازادی ڕادەربڕین

دەسەڵاتداران ڕێگە بە تاکەکان نادەن ڕەخنە بگرن لە ڕژێمی ئێران، ڕێبەر، یان ئایینی فەرمی و ڕێگری دەکات لە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ئەو کەسانەی بە دژی خۆیانی دەزانن. هێزە ئاسایشییەکان سزای ئەو کەسانەیان داوە کە ئەو سنوورانەیان بەزاندوە. ڕاپۆرتەکە دەڵێت حکومەت بە داخستنی ئینتەرنێت یان خاوکردنەوەی هێڵەکان، ڕێگە لە ڕێکخستنی کۆبوونەوەکان دەگرێت و هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە خێزانی ئەو ڕۆژنامەوانانەی کە لە دەرەوەی وڵات کار دەکەن. دەشڵێت دەسەڵاتدارانی ئێران دەستگەیشتنیان بە دەیان هەزار ماڵپەڕ، بە تایبەت ماڵپەڕە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان سنووردار کردووە، زۆر کەسیشیان بەهۆی چالاکی ئینتەرنێتیەوە دەستبەسەر کردووە. حکومەت پڕوپاگەندەیەکی فراوانی دیجیتاڵی هەیە کە لە ڕێگایەوە پشتگیری لە لایەنگرانی دەکات.

بارودۆخی ژنان

ڕاپۆرتەکە دەڵێت لە مانگی 11ی ساڵی 2021دا شورای نیگەهبانی ئێران یاسای گەنجان و پاراستنی خێزانی پەسەند کردووە و ئەو یاسایەش کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ڕەوشی مافەکانی ژنان دەبێت لەو وڵاتەدا، مەبەست لە یاساکەش گەشەدانی دانیشتوانانی ئێران و دروستکردنی منداڵی زۆرتر و قەدەغەکردنی مافی لە باربردنی منداڵ و دەستنەگەیشتن بە کەلوپەلی ڕێگریکردن لە سکپڕی. ڕاپۆرتەکە دەڵێت لە کاتێکدا کە پێشتریش لە باربردنی منداڵ لەو وڵاتەدا قەدەغە بووە، بەڵام ئەو یاسا نوێیە مافی لە باربردنی منداڵی ساڵی 2005، کە ڕێگا بە لە باربردن دەدا لە کاتی پێویست و پڕمەترسیدا، یاساکە ئەوەشی هەڵوەشاندووەتەوە. ڕاپۆرتەکە هەروەها بە وردی تیشک دەخاتە سەر جیاکارییەکان لە یاسای خێزاندا و دیاریکردنی تەمەنی زۆر کەم بۆ هاوسەرگیری کچان لەو وڵاتەدا.

ڕەوشی کەمایەتییەکان

کەمینەکان مافی یەکسانیان نەبووە و حکومەت بە بەردەوامی زمانەکانیانی بۆ فێربوون لە قوتابخانەکان قەدەغە کردووە. حکومەت بە شێوەیەکی خراپ گروپە کەمایەتییەکانی وەک کورد، ئەهوازییەکان، ئازەرییەکان و بەلوچییەکان، لە ڕێگای دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و دەستبەسەرکردن و ئازاردانی جەستەیی و بێسەروشوێنکردنیان کردووەتە ئامانج. گروپە کەمایەتییە نەتەوەییەکان ڕاپۆرتیان داوە لەسەر جیاکاری و نادادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری، بە تایبەتی لە دەستگەیشتنیان بە یارمەتییە ئابوریـیەکان، مۆڵەتی بازرگانی، وەرگرتنیان لە زانکۆ، هەلی کار، مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی کتێب، مافی خانووبەرە و زەوی.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت لە نێوان مانگی یەکی ساڵی 2021 بۆ مانگی 10ی هەمان ساڵ، نزیکەی 500 هاوڵاتی کورد کە بریتی بوون لە مامۆستایان، کۆڵبەران، هونەرمەندان، داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ، ژینگەپارێزان، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان و پارێزەران دەستگیر و دەستبەسەرکراون کە بەلایەنی کەمەوە 140یان تۆمەتبارکراون بە تاوانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نەتەوەیی. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە ناوی ئارام فەتحی نووسەر، شاعیر و چالاکوانی مەدەنی کراوە کە لە شاری مەریوان لە مانگی 6 ی ساڵی 2021 دا دەستبەسەرکراوە و دواجار بە کەفاڵەت ئازادکراوە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، جاوید ڕەحمان هەندێ پێشنیاری بۆ باشترکردنی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران پێشکەش کردووە، لەوانە ڕاگرتنی دەستبەجێی لە سێدارەدانەکانە و هەروەها یەکێکی تر لە پێشنیارەکانی ئەوەیە کە ئەو یاسایانە هەڵبوەشێنێتەوە کە ڕێگە بە ئەشکەنجەدان یان ڕێگە بە مامەڵەی خراپ دەدات بەرامبەر بە زیندانیان و دەستبەسەرکراوان، داوای میکانیزمێک دەکات لەلایەن ئێرانەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئەشکەنجەوە لە زیندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG