Accessibility links

ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکایی دەڵێت ئیتیۆپیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا خەڵکی سیڤیلی کوشتووە


مانگێک پێش ئێستا، سەدان ئاوارەی برسی بەهۆی شەڕ لە ئیتیۆپیا، کە زۆربەیان ژن و منداڵ و پیاوە بەتەمەنەکان بوون، لە قوتابخانەیەکی چوڵکراودا خۆیان حەشاردابوو و لەناکاو لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هێرشیان کرایەسەر و تیایدا بەلایەنی کەمەوە 59 کەس گیانیان لەدەست دا و دەیان کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون. بە گوتەی کارمەندانی فریاگوزاری کوژراو و بریندارەکان خەڵکی مەدەنی بوون و بەهۆی شەڕەوە هەڵهاتبوون.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە ڕاپۆرتێکیدا ڕادەگەیەنێت هێرشەکەی 7ی مانگی 1 لە بە جۆرە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە کە تورکیا بەرهەمی دەهێنێت و سوپای ئیتیۆپیاش تاکە لایەنە کە لە ململانێکانی ئەو ناوچەیەدا، ناسراوە بەوەی کە بووە بە خاوەنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

حکومەتی ئیتیۆپیا کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا خەریکی شەڕکردنە لە دژی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای (TPLF)، دەڵێت مافی خۆیەتی هەر چەکێک بەکاربێنێت کە بە گونجاوی دەزانێت، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت ڕەتی دەکاتەوە خەڵکی مەدەنی بکاتە ئامانج.

واشنتن پۆست دەڵێت لە مانگی 9ی ساڵی ڕابردووەوە زیاتر لە 300 هاووڵاتی لەو ناوچەیەدا لەڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کوژراون کە زیاتر لە 100 کەسیان خەڵکی مەدەنی بوون کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا گیانیان لەدەستداوە.

واشنتن پۆست هەروەها دەڵێت پاشماوەکانی ئەو چەکانە کە لە شوێنی هێرشەکەدا و لەلایەن کارمەندانی فریاگوزارییەوە کۆکراونەتەوە، پێکهاتەکانی لەگەڵ وێنەی چەکەکانی MAM-L ی دروستکراوی تورکیا کە لەلایەن پیشەسازی چەکەوە بڵاوکراونەتەوە، یەک دەگرنەوە. چەکی MAM-L تایبەتە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی TB-2ی تورکی.

برایەن کاستنەر، لێکۆڵەری چەک لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت "ئەو پارچانەی کە لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەکاندا بەکاردێن، پارچەکانی دەرەوە و ئەلکترۆنییەکانی ناوەوەی دەتوانن هاوشێوەبن، بەڵام پیشەسازەکانی ئەو بوارە، هەر کامەیان لە لکاندنی باڵەکانی فڕۆکەکاندا، شێوازی جۆراوجۆر و تایبەتی خۆیان هەیە." دەشڵێت "جۆرەی MAM-L لە لکاندنی باڵەکاندا شێوازی چوار-پێچیان هەیە."

واشنتن پۆست دەڵێت تا کۆتایی ساڵی 2021، ئیتیۆپیا بە شێوەیەکی بەرچاو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی خۆی فراوان کردوە و هەروەها دەڵێت لەمانگی9ی ساڵی ڕابردوو، تورکیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە ئیتیۆپیا فرۆشتووە.

توێژەرەوەکان لە دامەزراوەی ئاشتی "پەکس"ی بنکە لە هۆڵەند دەڵێن پاشماوەی باڵەکانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە پێدەچێت لەگەڵ جۆرە تورکیەکەدا یەک شت بن.

ویم زوینێنبێرگ، توێژەرێکی دامەزراوەی "پەکس" دەڵێت شوێنەواری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە ئیتیۆپیا بینراوە.

ئەو وێنەکانی سەتەلایتی بڵاو کردەوە کە تێیدا پیشانی دەدات فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە بنکەیەکی حکومەتی ئیتیۆپیا لە باشووری هەرێمی تیگرای پارک کراون.

ڕاپۆرتەکانی دوو مانگی ڕابردوو ئەوە پیشان دەدەن کە بەرپرسانی ئەمەریکا زۆر نیگەرانن سەبارەت بە ڕۆڵی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا لەو شەڕەدا.

لە مانگی9ی ڕابردوودا، کۆشکی سپی کۆمەڵێ سزای بۆ سەر ئەو لایەنانەی کە لە قەیرانی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە ئیتیۆپیا تێوەگلاون، ڕاگەیاند، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نییە کە ئایا سزاکان دەزگا و کۆمپانیا تورکییەکانیشی گرتوەتەوە یان نا.

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە بەهۆی پرۆتۆکۆلی ئاژانسەکەوە نەیویستوە ناوەکەی ئاشکرا بێت، بە واشنتن پۆستی گوتووە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نیگەرانی قووڵی مرۆیی هەیە سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەر فرۆشتنێکی سەربازی بە ئیتیۆپیا."

ئەو هەروەها گوتویەتی "ئێمە ڕاپۆرتەکانمان لەبارەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئیتیۆپیا ناردووە بۆ هەردوو وڵاتی ئیمارات و تورکیا و داوامان لە هەموو لایەنە دەرەکییەکان کە لەو ململانێیەدا تێوەگلاون کردوە کە ئێستا کاتی ئەوەیە هەوڵەکانیان بخەنە گڕ بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە."

XS
SM
MD
LG