Accessibility links

ئەمریکا، ژاپۆن و کۆریای باشوور بۆ تاوتوێکردنی تاقیکردنەوەی مووشەکی کۆریای باکوور کۆدەبنەوە


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە رایگەیاند دوای هاوێشتنی زنجیرەیەک تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیکی لەلایەن کۆریای باکوورەوە، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کۆریای باکوور لەگەڵ بەرپرسانی ژاپۆن و کۆریای باشوور لەو بارەیەوە کۆدەبێتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی دەرەوە گوتی سونگ کیم، باڵیۆزی ئەمەریکا لە 10-15ی شوباتەوە لە شاری هۆنۆلولو لە ویلایەتی هاوایی دەبێت بۆ میوانداریکردنی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی" بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێک کێشەی فراوان، لەوانە داماڵینی تەواوی نیمچەدوورگەی کۆریا لە چەکی ئەتۆمی".

کۆریای باکوور ماوەیەکی زۆرە قەدەغەکراوە لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ناوکی و مووشەکی بالستیک لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بەڵام ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە دەڵێن کۆریای باکوور مانگی رابردوو نۆ مووشەکی بالستیکی تاقیکردۆتەوە، ئەمەش زۆرترین ژمارەی مووشەکی لەو جۆرەیە ئەو وڵاتە لە یەک مانگدا تاقیکردبێتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکی نهێنیدا کە لە لایەن ڕۆیتەرزەوە بینراوە، دەڵێت کۆریای باکوور بەردەوام بووە لە پەرەپێدان بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیکەکانی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا جگە لە ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر پلاتفۆرمەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی ئەلیکترۆنی وەکو بیتکۆین.

هەروەها سەرۆکی گشتی کاروباری ئاسیای و ئۆقیانووسی ژاپۆن، فەناکۆشی تاکهیرۆ ، و نوێنەری تایبەتی کۆریای باشوور بۆ کاروباری ئاشتی و ئاسایشی نیمچەدوورگەی کۆریا نۆه کیو-دوک بەشداری کۆبوونەوەکان دەکەن.

XS
SM
MD
LG