Accessibility links

نەتەوە یەکگرتوەکان : بەرنامەکانی ناوکی و مووشەکی کۆریای باکوور گەشەی سەندووە و قازانجی لە هێرشەکانی سایبەر کردووە


بە پێی ڕاپۆرتێکی نهێنی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕۆژی شەممە لە لایەن دەزگای ڕۆیتەرزەوە بینراوە، کۆریای باکوور بەردەوام بووە لە پەرەپێدانی بە بەرنامە ناوکی و مووشەکیەکانی بالیستیک لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، و هەروەها هێرشەکانی ئەلیکترۆنی بۆسەر ماڵپەڕەکانی ئاڵوگۆڕی پارەی دیجیتاڵی، سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی پیونگ یانگ بوون.

ڕاپۆرتی ساڵانەی چاودێرانی سەربەخۆ بۆ سزاکان ، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕاپۆرتەکەیان پێشکەشی بە لیژنەی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان کردبوو.

پسپۆڕان دەڵێن "هەرچەندە هیچ تاقیکردنەوەیەکی ناوکی یان هەڵدانی ICBM (مووشەکی بالستیکی کیشوەربڕ) ڕاپۆرت نەکراوە، بەڵام کۆریای باکوور لە گەشەپێدانی توانای خۆی بۆ بەرهەمهێنانی کەرەستە ناوکییەکان بەردەوام بووە."

کۆریای باکوور بە فەرمی بە کۆماری دیموکراتی گەلی کۆریا (DPRK) ناسراوە و ماوەیەکی زۆرە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ناوکی و موشەکی بالستیک قەدەغەکراوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە "پاراستن و گەشەپێدانی ژێرخانە ئەتۆمی و مووشەکی بالستیکەکانی کوریای باکور بەردەوام بووە، و کۆریای باکوور بەردەوامبووە لە گەڕان بەدوای کەرەستە و تەکنەلۆجیا و زانینی بۆ ئەو پرۆگرامانە لە دەرەوەی وڵات، لەوانەشە لە ڕێگەی پرۆگرامەکانی ئەلیکترۆنی و توێژینەوە هاوبەشەکانیدا."

لە ساڵی 2006ەوە کۆریای باکوور کەوتوەتە ژێر سزای نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش، و بە درێژایی ساڵەکان هەوڵیداوە سەرچاوە داراییەکان بۆ بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکی بالستیکەکانی پیونگ یانگ بکاتە ئامانج.

چاودێرانی سزاکان تێبینی ئەوەیان کردوە کە تاقیکردنەوەی موشەکی لەلایەن پیۆنگ یانگەوە "خێراییەکی بەرچاوی" بە خۆوە دیوە.

ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە ڕۆژی هەینی رایانگەیاند کە کۆریای باکوور نۆ مووشەکی بالستیکی لە ماوەی مانگی یەکدا هەڵداوە و ئەوەشیان خستەڕوو کە ئەمە زۆرترین ژمارەیە لە ماوەی یەک مانگدا لە مێژووی بەرنامە ناوکی و موشەکییەکانی ئەو وڵاتەدا.

چاودێران دەشڵێن هەندێ زانیاریان بەدەست گەیشتووە کە هاککەرەکانی کۆریای باکوور بەردەوامن لە ئامانجگرتنی دامەزراوە داراییەکان، دەزگاکانی پارەی دیجیتاڵی و شوێنەکانی ئاڵوگۆڕی پارە.

دەستەی کۆریای باکوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک وەڵامی دەستبەجێ داواکارییەکانیان بۆ لێدوان لەو بارەیەوە نەدایەوە

لە راپۆرتەکەدا هاتووە "بە پێی ڕاپۆرتی ئەندامێکی دەوڵەت، هاککەرەکانی کۆریای باکوورلە نێوان ساڵانی 2020 و ناوەڕاستی 2021 توانیویانە زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلار بە لایەنی کەمەوە لە سێ شوێنی ئاڵوگۆڕی پارە لە ئەمریکای باکوور و ئەوروپا و ئاسیا بدزن."

لە راپۆرتەکەدا هەروەها هاتووە کە "دۆخی مرۆیی کۆریای باکور" بەردەوامە لە خراپتربوون و چاودێران دەڵێن کە لەوانەیە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بێت، بەڵام دزەکردنی کەمی زانیارییەکان لە کۆریای باکورەوە وایکردوە کە بە زەحمەت بتوانرێت ئەوە دەستنیشان بکەیت کە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندە کاریگەری خراپی لەسەر خەڵکی مەدەنی هەبووە.

XS
SM
MD
LG