Accessibility links

WHO دەڵێت لە نێوان وڵاتە دەوڵەمەند و هەژارەکاندا جیاوازییەکی زۆر هەیە لە بە گژداچوونەوەی شێرپەنجەدا


India World Cancer Day
India World Cancer Day

بە دروشمی نەهێشتنی بۆشایی لە خزمەتگوزاریدا، ئەمڕۆ 4 ی مانگی دوو ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە بەرز ڕاگیرا.

بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی شێرپەنجە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لەجیهاندا و قورساییەکەشی هەتادێت زیاتر دەبێت. لە ساڵی 2021دا، جیهان لە ئاستێکی نوێدا تێپەڕیوە،کە مەزەندە دەکرێت 20 ملیۆن کەس تووشی شێرپەنجە بوون و 10 ملیۆنیش گیانیان لەدەستداوە. ڕێکخراوەکە دەشڵێت ئەم ئامارانە لە دەیەکانی داهاتوودا زیاتر دەبن، لە کاتێکدا هێشتا هەموو جۆرە شێرپەنجەیەک چارەسەری نییە بەڵام زۆربەیان دەتوانرێت ڕێگەیان لێبگیرێت یان چارەسەر بکرێن.

هەرچەندە خزمەتگوزاری بۆ شێرپەنجە وەکو زۆربەی نەخۆشییەکانی تر، ڕەنگدانەوەی نایەکسانییەکانە لە جیهاندا. WHO دەڵێت ڕوونترین جیاوازی لە نێوان وڵاتە دەوڵەمەند و هەژارەکاندا دەبینرێت. بە پێی ڕاپۆرتان چارەسەری گشتگیر لە زیاتر لە %90 ی وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا هەیە بەڵام کەمتر لە %15 ی وڵاتە هەژارەکان.

بە هەمان شێوەش ڕێژەی ڕزگاربوونی ئەو منداڵانەی کە توشی شێرپەنجە دەبن لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا %80 یە و لە وڵاتانی هەژار و مامناوەندیدا کەمترە لە %30. ڕێژەی ڕزگاربوانی شێرپەنجەی مەمک پاش پێنج ساڵ لە توشبوونیان بە شێرپەنجەکە ئێستا لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا %80 تێپەڕ بووە بە بەراورد لەگەڵ %66 ی هیندستان و %40 ی ئافریکای باشوور.

بەهۆی ئەم هۆکارانەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت دروشمی ڕۆژی جیهانی شێرپەنجەی ئەمساڵ کراوە بە نە‌هێشتنی بۆشایی لە خزمەتگوزاریدا.

هەوڵەکانی WHO لە ئێستادا تیشک دەخاتە سەر شێرپەنجەی مەمک، کە یەكێکە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە، شێرپەنجەی ڕەحم، کە دەتوانرێت ڕێگەی لێبگیرێت و شێرەپەنجەی منداڵان. سەرنجەکان بۆ هەر یەکێک لەم دەستپێشخەریانە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەندە دەگرێتەوە کە گەورەترین دەستکەوتی تەندروستی گشتی تێدا ئەنجام دەدرێت.

ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتی جۆو بایدن لە ئەمەریکا بەرنامەیەکی ڕاگەیاند بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن بەهۆی شێرپەنجە بە لە%50 لە ماوەی 25 ساڵی داهاتوودا. ئەمەش بەردەوامی پرۆژەیەکی ساڵی 2016یە بە ناوی " ئەرکی شێرپەنجە" ئەو بەرنامەیەی کە ئەوکاتە سەرۆک جۆو بایدن وەکو جێگری سەرۆک لە بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما ڕێبەرایەتی کرد.

لە میانەی ڕاگەیاندنی پلانەکە لە کۆشکی سپی سەرۆک بایدن ڕایگەیاند ئەم کارێکی ئازایەتییە، ورەی دەوێت بەڵام بە تەواوەتی دەکرێت ئەنجام بدرێت. گوتیشی پلانەکەی شێرپەنجە لە سزایەکی مەرگەوە دەگۆڕێت بۆ نەخۆشیەکی درێژخایان کە خەڵکی دەتوانن لەگەڵیدا بژین و پشتیوانی زیاتری نەخۆشەکانی شێرپەنجە و خێزانەکانیان لەخۆدەگرێت.

XS
SM
MD
LG