Accessibility links

فەڕەنسا هاوکاری بریندارانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە دەکات


دوو ڕێکخراوی فەڕەنسی مەدەنی لە نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاوی دەستبەکار دەبن کە خزمەتگوزاری پزیشکی پێشکەش بە بریندارانی چەکی کیمیایی لە بواری دەرمان و پشکنین و چاودێری مانگانە بە ژمارەیەک ئامێری پێشکەوتوو پیشکەش بە بریندارەکان دەکەن، باڵیۆزی فەرەنساش دەڵێت ئامێرەکان چەندین ساڵ دەتوانن خزمەتی نەخۆشەکان بکەن.

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا هەریەک لە ئێریک شوڤالییێ باڵیۆزی گشتی فەرەنسا لە عێراق و ئۆلیڤەر دیکۆتینی کونسڵی فەڕەنسا لە هەرێم، سەردانی نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاییان کرد و دەست بەکاربوونی دوو ڕێکخراوی ناحکومی فەڕەنسیان لە نەخۆشخانەکە بۆ خزمەتکردنی بریندارانی چەکی کیمیایی ڕاگەیاند.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئێریک شوڤالییێ باڵیۆزی گشتی فەرەنسا لە عێراق ڕایگەیاند" ئەمە جاری یەکەمم نەبوو سەردانی هەڵەبجە بکەم، پێشتر لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە سەردانی ئەم نەخۆشخانەیەم کرد کە خواستی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئەوە بوو هاوکار و پشتیوانی بریندارانی نەخۆشخانەکە بین، لە ڕێگەی دوو ڕێکخراوی ناحکومیەوە، کە ئێستا لێرەن و ئامێرەکانیان هێناوە بەردەوامین لە خزمەتکردنی نەخۆشەکان."

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادا سەبارە بەوەی کە بریندارانی چەکی کیمیاوی چاویان لەوەیە بەردەوامبن، واتە لە نیوەی چارەسەرەکاندا ڕێکخراوەکانتان بەجێیان نەهێڵن باڵیۆزی فەڕەنسا ڕایگەیاند "پێمان وایە ئەمە بەرپرسیاریەتی ئێمەیە کاتێک چاوم بە نەخۆشەکان کەوت بۆم دەرکەوت ئەوان پێویستیان بە ئێمەیە، پڕۆگرامەکە بەردەوامی پێدەدرێت ئەو دەرمانانەی کە پێویستن هێناومانن، بۆماوەی چەندین ساڵ بەو ئامێرانە خزمەت بەنەخۆشەکان دەکرێت، من نامەوێت هیچ بەڵێنێک بدەم کە جێبەجێی نەکەم.

دکتۆر ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ڕایگەیاند "لە ساڵی 2019 وە سەرقاڵی ئەم دانوستانەین، باڵیۆزی فەرەنسا خۆی پزیشکە، سەرجەم بەشەکانی بەسەرکردەوە، ئێمە سەرەڕای ئەوەی ئەم نەخۆشخانە وەرنەگیراوە هێشتا بەهۆی نەبوونی مەرجەکان لە کۆمپانیای جێبەجێکار، پڕۆژەکە خۆی لە مەشق و ڕاهێنان و کردنەوەی بەشی چاودێری چڕ و چارەسەر سروشتی بۆ سنگی برینداران و چەند بوارێکی دیکە دەگرێتەوە. "

بەهۆی کیمیابارانی هەڵەبجەوە لە 16-3-1988 لە هەڵەبجە 5 هەزار هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 10 هەزار هاووڵاتی بریندار و ئاوارە بوون، ئێستا بریندارەکان بەهۆی قەیرانی داراییەوە، لەسەر تێچووی خۆیان هەندێکیان دەچنە دەرەوە و هەندێکی دیکەشیان چاویان لەوەیە لە هەڵەبجەوە چارەسەر بکرێن و ڕۆژانە سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن .

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:20 0:00

XS
SM
MD
LG