Accessibility links

تەرمی 19 کۆچبەر لە سنووری تورکیا لەگەڵ یۆنان دۆزرانەوە


دەسەڵاتدارانی تورکیا حەوت تەرمی تریان لە نزیک سنووری تورکیا لەگەڵ یۆناندا دۆزیەوە، بەمەش ژمارەی تەرمی ئەو کۆچبەرانەی لە سنوورەکەدا بە مردوویی دۆزراونەتەوە بەرزبوویەوە بۆ 19 تەرم.

تورکیا سەرکۆنەی یۆنانی کرد و پاسەوانانی سنووری یۆنانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە بە نایاسایی و بە ناچاری کۆچبەران بەرەو سنوورەکانی تورکیا دەگێڕنەوە، بەڵام یۆنان بەتوندی ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە بەڵێنیدا کە ئەم پرسە ئاشکرا بکات کە یۆنان بە نایاسایی پاڵ بە کۆچبەرانەوە دەنێن و بە ناچاری بەرە و تورکیا دەیانگێڕنەوە ئەمەش لە هەموو بۆنەیەکدا ڕوودەدات.

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە 12 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە دوای ئەوەی گوایە ناچارکرابوون لە لایەن یۆنانەوە بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، گوتیشی: "تەرمەکانیان لە نزیک سنوورەکە دۆزراونەتەوە، "بێ پێڵاو بوون و هیچ جلێکیان لەبەردا نەمابوو ."

یەکێک لەو کۆچبەرانە بە زیندوویی دۆزرابوویەوە، بەڵام دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، هەروەها تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ڕەگەزنامەی کۆچبەرانەوە نەزانراوە.

نوسینگەی پارێزگای سنووری ئیدرنی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە ڕۆژی پێنجشەممەوە حەوت تەرمی تر دۆزراونەتەوە .

ئاژانسی فەرمی ئەنادۆڵ گوتی هێزەکانی تورکیا بە هاوکاری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ناوچەکەدا دەگەڕێن و تیمە پزیشکیەکانیش لە ئامادەباشیدان.

تورکیا خاڵێکی سەرەکیە بۆ کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئافریکا کە کۆچ بۆ وڵاتانی تر دەکەن و بەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕێن لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.

زۆربەی هەوڵەکان بۆ پەڕینەوە ئەو کۆچبەرانە لە یۆنانەوە دەکرێت، کە دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەو کەسانەی کە لە جەنگ یان هەژاری هەڵهاتوون، یان بە پەڕینەوە لە سنووری خاکی باکوری رۆژهەڵات یان لە ڕێی بەلەمە قاچاخچییەکان بەرەو دوورگەکانی دەریای ئیجە.

ئەردۆغان لە وتەیەکدا لەگەڵ پەیامنێران بەر لە سەردانەکەی بۆ ئۆکرانیا گوتی لە هەموو چاوپێکەوتنێکدا کە لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان دەیکات، باس لە مامەڵەکردنی خراپی کۆچبەران لەلایەن یۆنانەوە دەکات.هەروەها یەکێتی ئەوروپای تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە ئاست پاڵپیوەنانی نایاسایی کۆچبەران و پاسەوانانی سنوور و کەنارەکانی یەکێتی ئەوروپا بێ دەنگن.

نەتیس میتراچی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی یۆنان ڕۆژی چوارشەممە مەسەلەی گیان لەدەستدانی کۆچبەرانی بە "تراژیدیا" وەسف کرد، بەڵام بە توندی ئەو قسانەی ڕەتکردەوە کە هێزەکانی یۆنان کۆچبەرانیان بۆ دواوە پاڵپێوە نابێت، و جەختیشی لەوە کردەوە کۆچبەران هەرگیز نەگەیشتۆنەتە سنوورەکە.

هەروەها تورکیاشی تۆمەتبارکرد بەوەی کە شکستیان هێناوە لە ڕێگەگرتن لە کۆچبەران لە نزیک بوونەوەی لە ناوچە سنوورییەکان و ئەنجامدانی "ئەو گەشتە مەترسیدارانە".

XS
SM
MD
LG