Accessibility links

ئاشتی عەبدوڵا: چیتر ڕێگە نادرێت هیچ ژنێکی کوژراو بەبێ ناو و ناسنامە بەخاک بسپێردرێت


لە گۆڕستانی سەیوان لە شاری سلێمانی، تەرمی ژنێکی کوژراو و بەناو و ناسنامەی خۆیەوە بەخاک دەسپێردرێت، لە کاتێکدا پێشتر ئەو ژنانەی بە پاساوی شەرەف کوژراون، ناویان لەسەر گۆڕەکانیان نەبووە و ناوی "ژیان" لەسەر گۆڕی هەموو ژنە کوژراوەکان نوسراوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئاشتی عەبدوڵا بەرپرسی بەشی جێندەر لە نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، دەڵێت" لە 25 ی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بڕیاریدا، تا هیچ ژنێک بێ ناسنامە بەخاک نەسپێردرێت."

ڕوونیشیکردەوە، ئامانج لە بڕیارەکە گێڕانەوەی حورمەتە بۆ ئەو ژنانەی بەناوی شەرەفەوە بێ ڕێزیان بەرانبەر دەکرێت و ژمارە لەسەر گۆڕەکانیان دادەنرێت، وتی"دوای بڕیارەکەی جێگری حکومەت، ڕێگە نادرێت هیچ ژنێک بێ ناسنامە بنێژرێت، ناشتنی ئەم ژنەی ئەمڕۆش، یەکەم حاڵەتە کە ژنێک بەناو و ناسنامەی خۆیەوە و بەمەراسیمێکی شکۆدار بەخاک دەسپێردرێت."

جەختیکردەوە"دەمانەوێت ناشتنی ئەو ژنە بەناو و ناسنامەی خۆیەوە، هەنگاوێک بێت بۆ گۆڕینی کلتوری ژن کوشتن، کە دوای کوشتنیشیان ناو و ناسنامەیان ون دەکرێت."

دەربارەی ناسنامەی ئەو ژنە کوژراوەی ئەمڕۆ تەرمەکەی بەناو و ناسنامەی خۆیەوە بەخاک دەسپێردرێت، ئاشتی عەبدوڵا وتی"ئەم ژنە ماوەیەک لەمەوبەر تەرمەکەی لەسلێمانی دۆزرایەوە و لە شوێنکارەکەی کوژرابوو، دواتر تاوانبارەکان دەستگیرکران، بەبڕیاری جێگری حکومەت نەنێژرا، تا ناسنامەکەی دۆزرایەوە."

بەرپرسی بەشی جێندەر لە نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکخراوەکان و ڕۆشنبیران و ئیدارەی شاربەشداردەبن لە ناشتنی ژنەکەدا و هەمووان پێکەوە ژن کوشتن ڕەتدەکەینەوە، وتی"وەکو جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێکرد، هیچ شەرەفێک لەژن کوشتن دا نیە و دەمانەوێت کوشتنی ژنان مەحکوم بکەین، کە تاوانبارێکی نامرۆڤانەیە و دژی دین و مرۆڤایەتیە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:00 0:00

XS
SM
MD
LG