Accessibility links

ئاری جەلال: هەتا ئێستا نزیکەی 950 کۆچبەری کورد لە بێلاڕووس ماونەتەوە


سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت بەپـێی دوایـین ئامار هەتا ئێستا نزیکەی 700 کۆچبەر لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا لە جەنگەڵەکانن و نزیکەی 250 کۆچبەریش لە پایتەختی بێلاڕووس لە هۆتێل و شوێنی نیشتەجێبووندان.


"لە ئێستادا ڕێژەیەکی بەرچاو لە سنووری بێلاڕووسیا گیریان خواردووە"

ئاری جەلال لە سەرەتای قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی" لە ئێستادا ڕێژەیەکی بەرچاو لە سنووری بێلاڕووس گیریان خواردووە، هەتا ئێستا بە پێی دواین ئامار نزیکەی 700 کەسمان هەیە کە لەو جەنگەڵانە و سنورەکان گیرییان خواردووە، ئەمڕۆ(چوارشەممە) نزیکەی 30 کەس بەرەو فڕۆکەخانە و بەرەو ناوشار و مینسک گەڕانەوە، ئامانجی ئەوانەی ماونەتەوە ئەوەیە هەرچۆنێک بێت خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا کە ئەمە زۆر زەحمەتە، هەرچۆنێک بێت لە لایەن پۆڵەندا و لیتوانیا و ئەو وڵاتانەی هاوسنوورن لەگەڵ بێلاڕووس ڕێگەیان پێ نادرێت سنور ببەزێنن بۆ وڵاتانی ئەوروپا."

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران
ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران


" لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوو نزیکەی 9 هەزار هاوڵاتی عێراقی و هەرێم ڕوویان لە بێلاڕووس کردووە "

سەرۆکی دەزگای لوتکە وتیشی" لە ماوەی 8 مانگی ڕابردوو نزیکەی 9 هەزار هاوڵاتی عێراقی و هەرێم ڕووییان لە بێلاڕووس کردووە، ڕێژەیەکی دەرچووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا ڕێژەیەکی کەمە، ئەوەشی کە ماوەتەوە زۆربەیان خوازیارن بگەڕێنەوە بەڵام ئەو بڕە مادەیەی کە خەرجیان کردووە پێویست دەکات لە لایەنی لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و دەزگای کۆچی نێودەوڵەتی قەرەبوو بکرێنەوە هەتا بتوانن تێکەڵی کۆمەڵگا ببنەوە."


" لە ڕەوش و گوزەرانێکی سەختدان لە کەمی خواردن و خزمەتگوزاری کە سەرەتایـیترین خزمەتگوزاری تێدا نیـیە "

دەربارەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی کە لە ناو کەمپەکەی بێلاڕووس ماون، ئاری جەلال وتی" وەک ئاماژەم پێکرد 700 کۆچبەر لە ناو ئەو کەمپەدا ماونەتەوە ڕۆژانە وێنە و ڤیدیۆیان دێنە بەردەستمان لە ڕەوش و گوزەرانێکی سەختدان لە کەمی خواردن و خزمەتگوزاری کە سەرەتایـیترین خزمەتگوزاری تێدا نیـیە، وە ڕەنگە لە پایتەختی بێلاڕووسش نزیکەی 250 کۆچبەرمان هەبێت کە ئەوانە خۆیان لە هۆتێل و شوێنی نیشتەجێبووندا ماونەتەوە، چاوەڕوان دەکەن لە دەروازەیەکەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام وەک باسمان کرد لە ئێستادا زۆر زەحمەتە بەهۆی توندکردنەوەی سنوورەکان لە لایەن وڵاتانی ئەوروپاوە."



" داوامان لە حکومەت کردووە کە هاوکاری و ئاسانکاری بۆ ئەو کۆچبەرانە بکرێن تا بگەڕێنەوە لە هەمانکاتدا هاوکاری داراییش بکرێن"

وەکو دەزگای لوتکەش هەر لە سەرەتاوە لە ئەنجامی داواکاری و ناڕەزایی ئەو کۆچبەرانەی سەر سنوور ئێمە لە ڕێگای یاداشتێکەوە بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و لایەنە پەیوەندیدارەکان داوامان لە حکومەت کردووە کە هاوکاری و ئاسانکاری بۆ ئەو کۆچبەرانە بکرێن تا بگەڕێنەوە لە هەمان کاتدا هاوکاری داراییش بکرێن، چونکە لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئێمە کردوومانە ئەوانە بڕە پارەیەکی زۆریان خەرجکردووە. "



" وڵاتانی ئەوروپا ڕۆژبەڕۆژ لە پاشەکشەدان لە وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانە"

ئاری جەلال وتیشی"ئەوەندەی ئێمە لێکۆڵینەوەمان کردووە وڵاتانی ئەوروپا ڕۆژبەڕۆژ لە پاشەکشەدان لە وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانە، چونکە ئەوان وای دەبینن ئەو کۆچبەرانە بەهۆی خراپی دۆخی ئابوریەوە کۆچیان کردووە، نەک کەیسێکی واقیعی کە مەترسیدار بێت بۆ سەر ژیانیان."

ئاری جەلال ئەوەشی وت" جگە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی کە لە ڕێگای هێڵی ئاسمانی عێراقیەوە زیاتر لە 4000 کەسی لەو کۆچبەرانە گەڕاندۆتەوە ئەگەرنا تا ئێستا هیچ هاوکارییەکی تر نەکراون."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:17 0:00



XS
SM
MD
LG