Accessibility links

بەرپرسێکی یەکگرتووی ئیسلامی: ئەم جارە دۆخی عێراق لە هەموو جارەکانی تر خراپترە


د. محەمەد ئەحمەد، بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
د. محەمەد ئەحمەد، بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان

د. محەمەد ئەحمەد، بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەم جارە دۆخی عێراق لە هەموو جارەکانی تر خراپترە، چونکە ئەم جارە هەڵسوڕێنەری کاری سیاسی لە عێراقدا کە ماڵی شیعە بوو، خۆی تووشی دابەشبوون بووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئایندەی عێراق دەبێت، بۆیە هەموو لایەنەکان فشار دەکەن تا ماڵی شیعە ڕێکبخەنەوە، چونکە کاریگەری لەسەر هەموو کایەکانی تری ناو عێراق دەبێت. "


" دابەشبوونی کوردیش دەوڵەتانی دەوروبەر لەو ڕووەوە لێی دەترسن کە ببنە هۆی یارمەتیدانی زیاتری دابەشبوونی ماڵی شیعە"

دەربارەی ناو ماڵی کوردیش ئەو سەرکردەیەی یەکگرتوو وتی" ناو ماڵی کورد ئەوەندە ئاسان نیـیە، هەرچەندە هەندێک جار هەوڵی یەکخستنی هەڵوێستەکان دراوە بە شێوەیەکی ڕواڵەتی، بەڵام خۆی هەر جۆرێک لە دابەشبوونی پێوە دیاربووە بە درێژایی مێژوو، بەڵام کورد ئەو کاریگەرییە زۆرەی لەسەر کایەکانی عێراق نیـیە، ئەمەش باسی عێراقە، دابەشبوونی کوردیش دەوڵەتانی دەوروبەر لەو ڕووەوە لێی دەترسن کە ببنە هۆی یارمەتیدانی زیاتری دابەشبوونی ماڵی شیعە، بۆیە ئێمە وا دەزانین کورد ئەگەر خاوەن یەک بەرنامە و ستراتیژ و کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار نەبێت ئاڵۆزییەکان لە عێراقدا زیاتر دەبن و لێکەوتەکانیشی بۆ کوردستان دەبێت. "

دەربارەی دابەشبوونی کوردیش، د. محەمەد زیاتر هۆشداری دا و وتی" عێراق بۆتە مەیدانی تەراتێنی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لەبەر ئەوە گوریس بچڕێنەکان توندن لەسەری بۆیە کاریگەری لێکەوتەکانی ناوخۆ دەرئەنجامی ئەو گوریسبچڕکێنانە دەگۆڕێت و ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات، هەر لایەنێک هەوڵ دەدات بە جۆرێک دابەش بوونەکان ئاڕاستە بکات کە لە بەرژەوەندی کێشمە کێشمەکەی خۆی بێت، ئەوە بە گشتی لە بەرژەوەندی عێراق نیـیە و سەقامگیری دروست ناکات. دابەشبوونی کورد سەقامگیری دروست ناکات و ئاڵۆزییەکان زیاتر دەبێت و زیانی بۆسەر هەرێمی کوردستان دەبێت لانی کەم لەسەر موچە و بوجەی هەرێم، خۆ ئەگەر شتەکانی تر لە ڕووی ئەمنی و سیاسی و ئابوریەوە لەبەرچاو نەگیرێن. "

د. محەمەد ئەحمەد بە پێویستیشی زانی" کورد بە یەکگرتووی مامەڵە بکات لانی کەم بە (تەوافوق) مامەڵە بکات و نەبنە هۆی زیاتربوونی دابەشبوونەکان لەسەر ئاستی عێراق. "


" ئێمە وەک یەکگرتوو هەر ئەو داوایەمان هەیە کە لە سەرکردایەتیەوە کردومانە، داواکارین پارتی و یەکێتی بە یەکڕیزی مامەڵە بکەن و یەک کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمارییان هەبێت. "


"دەنگی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو بۆ چ کاندیدێکی سەرۆک کۆمار دەبێت؟ "

سەبارەت بەوەی دەنگی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو بۆ چ کاندیدێکی پۆستی سەرۆک کۆمار دەبێت؟ کاندیدەکەی یەکێتی یان پارتی؟ لە وەڵامدا، د. محەمەد ئەحمەد وتی" وەک دەزانرێت دەنگدان بە شێوەیەکی نهێنیە، ئەوە مافی ئەندام پەرلەمانەکان خۆیانە، ئێمە داوا دەکەین لایەنەکان ڕێکبکەون، بەرژەوەندی گشتی هەرێم چی دەخوازێت بەو شێوەیە ڕێکبکەون، واتە ئەو حاڵەتە ناجێگیرییەی لە کوردستاندا هەیە پێویستی بە چارەسەرە، پێویستە بەرپرسانی هەرێم لە خەمیدا بن، ئەوەتا خەڵک بێزار بووە، ژیانی قورس بووە و گەنجان کۆچ دەکەن، بازاڕ گران بووە. "

د. محەمەد ئەحمەد زیاتر لە بارەی ئەوەی حزبەکەی دەنگ بە کام کاندیدی سەرۆک کۆمارەوە دەدات؟ لەو ڕووەوە وتی" هێشتا نازانم بڕیاری حزب خۆی چی دەبێت، بێگومان دیراسەی دەکات، دواتر چی لە بەرژەوەندی هەرێم و عێراق بێت بەو شێوەیە مامەڵە دەکات، چونکە ڕاستە سەرۆک کۆمار پۆستێکی تەشریفیە، بەڵام بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش گرنگە، بە تایبەت بۆ عێراق کە هەندێک لە جومگە سیاسیەکانی عێراق بەستراوە بەو پۆستەوە، وە بەشێکە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ بەگەڕخستنی پۆستەکان گرنگە، لەبەر ئەوە بەداخەوە ئەم دوو حزبە لە هەرێمی کوردستان بە هەستیاری و ڕۆحی دەستبادانی یەکتری پاشقول لەیەکترگرتن و بێ متمانەیی لەگەڵ یەکتر مامەڵە دەکەن. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:44 0:00
XS
SM
MD
LG