Accessibility links

نێردراوی ڤاتیکان سیاسەتمەدارانی لوبنان تۆمەتبار دەکات بە سوود وەرگرتن لە ئازارەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە


نێردراوێکی ڤاتیکان لە میانەی سەردانێکی ڕۆژی سێشەممەیدا بۆ بەیروت، ڕەخنەی لە سیاسەتمەدارانی لوبنان گرت و تۆمەتباری کردن بەوەی کە سوودیان لە ئازارەکانی لوبنان وەرگرتووە.

سەرۆک قەشەکان، پاول گالاگەر ڕۆژی سێشەممە، 1ی مانگی 2، داوای کرد کە 'سوود وەرگرتن لە ئازاری خەڵکێکی زۆر' لە میانەی قەیرانی دارایی لوبناندا کۆتایی پێبێت.

لێدوانەکانی سەرۆک قەشەکان پاول گالاگەر هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە بانکی جیهانی ڕەخنەی لە چینی دەسەڵاتداری لوبنان گرت سەبارەت بە 'ڕێکخستن' و دروستکردنی یەکێک لە خراپترین قەیرانە داراییەکانی جیهان، هەروەها زاڵبوونی ئەو چینە بەسەر سەرچاوەکانی ئەو وڵاتەدا.

هاوکات لوبنانیش دەڵێت پارەی بەڕێوەبردنی باڵیۆزخانەکانی نییە و بە باڵیۆزخانەکانی گوتووە کە بە دوای بەخشەرەکاندا بگەڕێن بۆ دابینکردنی خەرجییەکانیان.

لوبنان لە ڕووی داراییەوە توانای ئەوەی نییە مووچەی دیپلۆماتکارەکانی دابین بکات و بیر لە داخستنی باڵیۆزخانەکانی لە دەرەوەی وڵاتەکەی دەکاتەوە.

لە بەیاننامەیەکی 25ی مانگی1ی وەزارەتی دەرەوەی لوبنان کە لە لایەن ڕۆیتەرزەوە پێداچوونەوەی بۆ کراوە، داوا لە دەستەی دیپلۆماسی لوبنان دەکات کە داوای یارمەتی دارایی لەو لوبنانیانە بکەن کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە ئەو وەزارەتە خەریکی پێداچوونەوەیە بۆ داخستنی ژمارەیەک لە شوێنە دیپلۆماسییەکانی، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوە بڕیارێکی دارایی بە پەلەیە کە زۆرێک لە وڵاتان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ قەیرانی دارایی دەیگرنە بەر.

هاوکات دادوەرێکی لوبنانی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە داوایەکی بۆ ڕیاز سەلامە سەرۆکی بانکی ناوەندی لوبنان دەرکردووە، چونکە ناوبراو لە دانیشتنەکانی دادگا بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ڕۆڵی دەسەڵاتداران لە قەیرانی دارایی لوبناندا، بەشداری نەکردوە.

XS
SM
MD
LG