ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا ئاماژەیان بە سەپاندنی گەمارۆی نوێ و کاریگەر کرد دژ بە ڕووسیا، لە کاتێکدا واشنتن و هاوپەیمانانی ناتۆ هەوڵەکانیان چڕدەکەنەوە بۆرێگریکردن لە هەر داگیرکردنێکی ئۆکرانیا لە لایەن ڕووسیاوە.
جێی ئاماژەیە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ترس لە داگیرکردنی نزیکی ئۆکرانیا زیادی کردووە، ئەمەش وێڕای ئەوەی مۆسکۆ نکوڵی لەوە دەکات هێرش بکاتە سەر دراوسێکەی، هەروەها بانگەشەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ ڕێگریکردن لە خوڵقاندنی ترس لە ئاکامی کۆکردنەوەی هێز لەسەر سنوری وڵاتەکەی.
ڤیکتۆریا نوڵند بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە سەروبەندی جموجوڵێکی دیپلۆماسیدا گوتی ئەو پێشنیارەی هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا و هاوپەیمانی ناتۆ پێشکەش بە ڕووسیایان کرد سەبارەت بە دڵنیاییدانی ئاسایشی، رەنگە مۆسکۆ بە بایەخەوە بڕوانێتە ئەو پێشنیارە.
هەر لەوبارەیەوە ڤیکتۆریا نوڵند بە کەناڵی CBS ی ئەمەریکایی ڕاگەیاند ڕووسیا دەخوازێت مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشنیارەدا بکات، لەوانەشە وتوێژی نوێ لەم هەفتەیەدا لە نێوان ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سێرگێ لاڤرۆڤ هاوتا ڕووسیەکەی ئەنجام بدرێت.
سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس