Accessibility links

دەستبەسەرکردنی چەندین هاوڵاتی و چالاکوانی مەدەنی کورد لە ئێران


ئاژانسەکانی هەواڵ و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاندوە لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابروودا، چەندین مامۆستا و ژینگەپارێز و چالاکوانی مەدەنی لە شارە کوردییەکانی ئێران دەستبەسەر کراون.

ماڵپەڕی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ئاژانسی هەواڵی کوردپا لە نوێترین هەواڵیاندا ڕایانگەیاند ڕۆژی دووشەممە، 31ی مانگی 1، جەبار دوستی مامۆستای خانەنشین و ئەندامی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە شاری مەریوان کاتێک ماڵەکەی جێهێشتووە بۆ بەشداریکردن لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی مامۆستایان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێت تەنیا لە ڕۆژی یەک شەممە، 30ی ئەم مانگەدا بە لایەنی کەمەوە 8 هاوڵاتی و چالاکوانی مەدەنی بە ناوەکانی زەمانە زێویە، مێقداد حەسەن نژاد، شەعبان محەمەدی، ڕێبوار عەبدوڵاهی، موراد مامەڕەش، ئەیوب حەدیسی، ڕەحمان خدمەتگوزار، عەلی عومەرپور و فریاد شیلان لە شارەکانی سەقز، مەریوان و پیرانشار دەستبەسەرکراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

کوردپا و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایانگەیاندوە کە زەمانە زێویە، یەکێک لەو کەسانەی کە دەستبەسەرکراوە، چالاکوانێکی مەدەنی خەڵکی شاری سەقزە و هێزە ئەمنییەکان لە ماڵەکەی خۆیدا و دوای پشکنینی ماڵەکەی، دەستبەسەریان کردوە و دەستیان بەسەر چەند کەلوپەلێکی تایبەتی ناوبراویشدا گرتوە.

شایانی باسە زەمانە زێویە پێشتر لە مانگی 11ی ساڵی 2017 لە کاتی پشتگیریکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و دوای سێ ڕۆژ بە کەفالەت ئازاد کرا، پاشان لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی سەقزەوە بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری گێڕەشوێنی بە لێدانی 50 قامچی و میلیونێک و شەش سەد هەزار تمەنی ئێرانی سزا درا.

دەنگی ئەمەریکا بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکان پەیوەندی کردوە بە ڕێبین ڕەحمانی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، ناوبراو هەواڵی دەستبەسەرییەکانی پشتڕاستکردوەتەوە.

ڕێبین بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لە 20ی ئەم مانگەوە نزیکەی 19 کەس لە شارە جیاجیاکانی کوردستانی ئێراندا دەستبەسەر کراون.

ڕێبین دەشڵێت دەستبەسەرکراوەکان چەند چینیکی جیاواز لە خۆدەگرێت، لەوانە ژینگە پارێزان و چالاکوانانی مەدەنی و مامۆستایان و تەنانەت هاوڵاتی ئاسایش.

جێی ئاماژەیە هاوکاتی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان لە سەرانسەری ئێراندا، ماوەی سێ ڕۆژە لە شاری مەریوان، مامۆستایان گردبوونەوەیان هەیە و داوای ئازادکردنی مامۆستایانی زیندانی و دەستەبەرکردنی مافە پیشەییەکانی خۆیان دەکەن.

ڕێبین دەڵێت "دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیان و چالاکوانان لە ناوچە کوردییەکانی ئێراندا بەردەوام بوونی هەبووە". ئەو دەشڵێت "بەڵام لە وەتەی ئیبراهیم ڕەئیسی دەستی بە کارکردووە، ئاسایشی ئەو ناوچانە ئاڵۆزتر بووە و دەستبەسەرکردنەکان زۆرتر بوون."

ڕەحمانی گوتیشی خاڵی هاوبەشی هەموو ئەوانەی کە دەستبەسەرکراون ئەوەیە هەموویان لەلایەن هێزە ئاسایشییەکان، واتە ئیدارەی ئێتلاعاتی شارەکانەوە دەستبەسەر کراون و براونەتە بنکەکانی ئەو ئیدارەیە لە شوێنە نادیارەکانی ئەو شارانەدا.

نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردراوە تایبەتەکانی بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤی ئێران بە بەردەوامی لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژە بە دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان و پێشێلکارییە مرۆییەکانی حکومەتی ئێران دەکەن بەرامبەر بە خەڵکی ئێران و کەمایەتییەکانی ناو ئەو وڵاتە.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام ڕاپۆرتەکانیان بە 'لایەنگری' و 'درۆ' 'بۆ مەبەستی سیاسی' وەسف کردووە، بەڵام لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ڕێگەیان بە هیچ نوێنەرێکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران نەداوە بۆ ئەو وڵاتە گەشت بکات، تا لە نزیکەوە لە بوون و نەبوونی پێشێلکارییە مرۆییەکان بکۆڵێتەوە.

XS
SM
MD
LG