Accessibility links

لاڤرۆڤ: ڕووسیا له سەر پەیمانی ئەمنی بەڕنگاری ناتۆ دەبێتەوە


سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی یەکشەممە گوتی ڕووسیا داوا لە ناتۆ دەکات ڕوونی بکاتەوە کە ئایا بەنیازە پابەندی ئەمنی سەرەکی جێبەجێ بکات یان نا، دوای ئەوەی مۆسکۆ گوتی وەڵامی هاوپەیمانیەکە بۆ داواکارییەکانی بەگوێرەی پێویست نەبووە.

ڕووسیا هاوپەیمانی بەرگری بە ڕابەرایەتی ئەمریکا و ڕێکخراوی 57 ئەندامی ئاسایش و هاوکاری ئەوروپای ناچارکردووە، بە هۆی بڵاوبوونەوەی نزیکەی 100,000 سەربازی لەنزیک ئۆکرانیاوە، گفتوگۆ لەسەر ئاسایشی هەرێمی بکەن، لەکاتێکدا حاشا لەپلانی داگیرکردن دەکات.

ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا لە ڕۆژی هەینیدا گوتی ئەمەریکا و ناتۆ داواکارییە ئەمنییە سەرەکیەکانی مۆسکۆیان نەخستەڕوو لەهەڵوێستیان لەسەر ئۆکرانیا، بەڵام ئامادەشە لە گفتوگۆکان بەردەوام بێت.

لاڤرۆڤ لە تەلەڤیزیۆنی فەرمی وڵاتەکەیدا وتی: "ئەمڕۆ لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە داواکارییەکی فەرمی بۆ هاوپیشەکانمان لە هاوپەیمانی و ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لەئەوروپا دەنێرین، و داوایان لێدەکەین کە ڕوونی بکەنەوە کە چۆن بەنیازن پابەندی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی ئاسایشیان لەسەر حسابی ئاسایشی ئەوانی دیکە بەهێز نەکەن.

لاڤرۆڤ گوتی ئەگەر ئەوان بەنیاز نەبوون ئەوە بکەن، ئەوا دەبێت ڕوون بکەنەوە کە بۆچی. ئەمە پرسیارێکی سەرەکی دەبێت لەدیاریکردنی پێشنیارەکانی داهاتوومان کە ئێمە بە ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی ڕووسیای ڕادەگەیەنین.

لاڤرۆڤ وتیشی،" ڕووسیا نەک تەنها بەڵێنەکان، بەڵکو لە ڕووی یاساییەوە داوای گەرەنتی ئەمنی دەکات، کە ئاسایش لە تەواوی کیشوەری ئەوروپا مسۆگەر دەکات، بە ڕەچاوکردنی تەواو، و یەکسانی بەرژەوەندییە ڕەواکانی ڕووسیا".

XS
SM
MD
LG