وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دیمیترۆ کۆلیبا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە گرنگە لە کاتی دانوستانەکان لەگەڵ مۆسکۆ لە نێوان ترسە گەورەکانی داگیرکردنی ڕوسیادا" هۆشیار و بەهێز" بمێننەوە.
کرملین زیاتر لە 100 هەزار سەرباز و زریپۆشی بەهێزی بە درێژایی سنوری ئۆکرانیا بڵاوکردۆتەوە، هاوکات ڕۆژئاواش ترسی ئەوەی هەیە کە کرملین هێرش بکات.
لە میانەی گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەی ژۆن ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا کۆلیبا پاریس سوپاسی بڕیارەکەی کرد سەبارەت بە نەگواستنەوەی کارمەندە دیبلۆماسییەکانی خۆیان لە کێیڤ.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە هەردوولا جەختیان لە گرنگی هۆشیاریی و پتەویی لە پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنی ڕوسیادا کردووەوە، هەروەها بەردەوامن لە بەرپاکردنی سازانێکی سیاسی و دیپلۆماسی" لەنێو ناکۆکی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ دا."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کۆلیبا و لۆ دریان جەختیان لەسەر پێویستیی "خۆ بەدوورگرتن لەو هەنگاوانە کرد کە دەتوانێ نیگەرانی دروستبکات" لە کۆمەڵگای ئۆکرانیا و "سەقامگیری دارایی" ئەو وڵاتەی پاش یەکێتی سۆڤیەتی جاران لاواز بکەن.
وابڕیارە لۆدریان لە 7 و 8 ی مانگی 2 دا لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی ئانالینا بێربۆک سەردانی ئۆکرانیا بکەن.
کیێڤ ڕایگەیاند کە لۆدریان و بێربۆک پلانی گەشتێکیان بۆ بەرەکانی پێشەوەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا هەیە کە هێزەکانی کیێڤ نزیکەی هەشت ساڵە لەگەڵ جوداخوازانی پاڵپشتی ڕووسیادا لە شەڕدان.
ڤۆلۆدیمەر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی داوای لە ڕۆژئاوا کرد کە خۆیان بە دووربگرن لە وروژاندنی "ترسی گەورە" بەرامبەر لەشکرکێشی ڕووسیا لە سنووری ئۆکرانیا.
ئەمەریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا لەم دواییانەدا کیێڤیان تووڕە کرد، کاتێک فەرمانیان بە خانەوادەی دیپلۆماتکارەکانیان کرد کە باڵیۆزخانەکانیان لە ئۆکرانیا بەجێبهێڵن.
لە ساڵی 2014ەوە ناکۆکی لەگەڵ ئەو جوداخوازانەی کە ڕوسیا پاڵپشتیان دەکات لە ئارادایەوە و بەو هۆیەشەوە زیاتر لە 13000 کەس کوژراون. هاوکات مۆسکۆ لە هەمان ساڵدا نیمچە دورگەی کریمیای داگیرکرد.