Accessibility links

جەمیل هەورامی: وڵاتانی هەرێمی لەپشت هاوپەیمانێتیەکەی سەدر و حەلبوسی و پارتیەوەن


لە سەرەتای قسەکانیدا، جەمیل هەورامی وتی" ئێمە ڕێککەوتنی ستراتیژیمان هەیە لە زەمانی ڕەوانشاد جەنابی مام جەلال و کاک مەسعود، هەردووکیان واژۆیانکردووە تا ئێستا ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژییە نە پارتی هەڵیوەشاندۆتەوە بە بڕیار نە ئێمەش هەڵمانوەشاندۆتەوە، بەڵام هەندێک بەندی تێدایە بە کەڵکی ئێستا نایەت. خۆی دەبووایە دیاری بکرایە، ئێمە تا ئستا پابەند بووین و هەرگیز داوای سەرۆکی هەرێمان نەکردووە و داوای سەرۆکی حکومەتیشمان نەکردووە، چونکە پارتی زۆرینە بووە، بەڵام بەپێی ڕێککەوتنە ستراتیژیەکە دەبێت سەرۆک کۆماری عێراق بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێت و سەرۆکی هەرێمیش پارتی بێت ، هەتا ئەگەر پارتی دەنگی کەمیش بهێنێت بەپێی ئەو ڕێککەوتنە سەرۆکی هەرێم دەبێت پارتی بێت، بەڵام پارتی فێڵی لە یەکێتی کرد بەوەی چوو لەگەڵ ( حەلبوسی و لەگەڵ سەدر ) و ئەوانە ڕێککەوتنی کرد بە حساب کوتلەی زۆرینەن لە پەرلەمانی عێراق و هەموو شتێکیان بۆ دەچێتەسەر. "

جەمیل هەورامی
جەمیل هەورامی

" خەڵک وای بۆ دەچوو یەکێتی شوێن بڕیاری پارتی بکەوێت"

هەورامی وتی" خەڵک تەسەوری دەکرد یەکێتی نیشتمانی کوردستان شوێن بڕیاری پارتی بکەوێت بەڵام ئێمە یەکێتی شوێن بڕیاری پارتی ناکەوێت. خەڵک تەسەوری دەکرد کە ئێمە کاندیدەکە بگۆڕین لەبەر خاتری کاک مەسعود، دەبێت کاندیدێک بێت کە کاک مەسعود پێی خۆش بێت، باشە کاک مەسعود (شاخەوان) ی کرد بە جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئێمە نەمانوت دەبێت بیگۆڕیت و ئەو دانەنرێت لە کاتێکدا شاخەوان باوکی موستەشار بووە کە یەکێکە لە شەشەمین ناوی داواکراو لە دادگای عێراقی، ئەوانەی کاتی خۆی ئەنفالیانکرد، بەڵام خۆ ئێمە نەمانوت ئەوە بگۆڕن یاخود خەڵک دەکەن بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئێمە ناڵێن با فڵانە کەس بێت هەر حزبێک هەڵبژادنی خۆیەتی، بەڵام پارتی بە گشتی حزبێکی مغرورە بەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ سوونە و لایەکی شیعە کردویەتی وەها دەزانێت هەموو شتێکی بۆ دەچێتەسەر، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان خاوەنی بڕیاری خۆیەتی ئەگەر دکتۆر بەرهەم‌یش دەرنەچێت لای ئێمە زۆر ئاساییە ئەوە پڕۆسەیەکی دیموکراسیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە جەماوەرەکەمان تێگەیشتووە کە یەکێتی خاوەنی بڕیاری خۆیەتی. "

بەڵام د. شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەربارەی ئەوەی حزبەکەی پرسی بە یەکێتی نەکردووە بۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەوان (یەکێتی ) کاندیدی نەبووە بۆ ئەو پۆستە وە دەبوو بە پێچەوانەوە دڵخۆش بوونایە کە پارتی کاندیدی هەبوو، بەڵام بابەتی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار دەستنیشانکردنی لە لایەن یەکێتیەوە بێ تەوافوقی لایەنە کوردستانیەکان کێشەیەکی گەورە بوو بە داخەوە نەدەبوو وابکەن."

"ڕاستە سەرۆک کۆمار ئیستحقاقی یەکێتیـیە بەڵام بۆ کوردە، سوونەکان هەموو یەکیان گرت لە کاتێکدا ئەوان خاوەنی قەزیەک نیین بەڵکو ئەوان پێکهاتەیەکن لە پێکهاتەکانی عێراق له سەردەمی‌ مەلیک فەیسەڵی یەکەمەوە هەتا چۆتە سەردەمی سەدام حسێن ناکۆکیشیان زۆر بووە بەڵام بۆخۆیان یەکیان گرتووە، ئەی باشە کوردیش لەوەتەی دەوڵەتی عێراقی دروستبووە تا ئێستا ئێمە دەپوکێنەوە ئەی ناکرێت ئێمەش یەک بین؟"



" پارتی: بە بێ ئاگاداری ئێمە، یەکێتی لە شاندە هاوبەشەکە کشایەوە"

پاش کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەو حزبە لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرەڕای دیاریکردنی کاندیدی فەرمییان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ڕایگەیاند" کە پارتی بێ ئاگاداری ئەوان لەگەڵ سەدرییەکان ڕێککەوتوون"

بەڵام وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانیش (مەحمود محەمەد) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند
"ئێمە مەبەستمان بوو شاندێکی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێکبهێندرێت بەڵام بەداخەوە ئەوە سەری نەگرت و لەپێناو بەدیهاتنی یەکڕیزی لەسەر پێکهاتنی شاندێکی هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتی ڕێککەوتین بۆ ئەوەی لێکتێگەیشتنە سەرەتاییەکان بگەنە قۆناغی ڕێککەوتنی سیاسی. بۆیەش شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بە سەرۆکایەتی عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەردانی بەغدایان کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانی ناو پرۆسەی سیاسی ئەنجام دا. بەڵام بە داخەوە بۆمان ڕوون بووەوە کە نوێنەرانی یەکێتی بەشدار لە شاندە هاوبەشەکە ڕوانگەیەکی ڕوونیان نییە و توانای بڕیاردانیشیان لەمەڕ پرسەکان نەبوو. جگە لەوەش بە بێ ئاگادارکردنەوەی پارتی لە شاندە هاوبەشەکە کشانەوە."

لای خۆشیەوە جەمیل هەورامی دەڵێت" بەڵام خەتای ئێمە نەبووە پارتی بە دزی ئێمەوە چوو ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەوانەدا کرد، لەم لاشەوە وەفدی هاوبەشی ناردووە بۆ بەغداد لەولاوە سەدر و حەلبوسی هاتن لەگەڵ کاک مەسعود ڕێککەوتنیان کرد، ئەوان باردۆخەکەیان تێکدا و گوێیان نەدا بە یەکڕیزی کورد و ئەو مەسەلەیان تێکدا، بەڵام ئێمە ڕابردوویەک و مێژوویەکمان هەیە کاندیدەکەمان کاندیدێکی باشە ئەوان بۆچی مەرجی خۆیان بسەپێنن بەسەر ئێمەدا دەڵین دکتۆر بەرهەم نەبێت و هەرکەسێکی تر بێت ئێمە مەرج قبوڵ ناکەین، ئەوە پرۆسەیەکی دیموکراتیە خۆزگە بمانتوانیایە بە کاندیدێک بڕۆیشتینایه، ‌بەڵام کە نەمانتوانیووە ئەوە کاندیدی خۆمان داناوە دەبێت بە سەرۆک. "



"دەبووایە کاک مەسعود کۆبوونەوەیەکی بکردایە بە هەموو لایەنەکان"

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو پۆستە بە موڵکی خۆی دەزانێت؟

لە وەڵامدا جەمیل هەورامی وتی"وەکو وتم ئێمە کاتی خۆی ڕێککەوتنی ستراتیژیمان کردووە لەگەڵ پارتیدا، دوای شەڕی ناوخۆ ئێمە ڕێککەوتنی ستراتیژیمانکرد بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی جارێکی تر ناکۆکیان نەبێت و پەنا نەبن بۆ شەڕ."


بەڵام خۆ ئەو کاتە شەڕی ناوخۆ بووە و پۆستی سەرۆک کۆمار نەبووە؟

وەڵامەکەی جەمیل هەورامی بەم جۆرە بوو" ئێمە لە دوای شەڕی ناوخۆ ئیدارە یەکی گرتەوە ئینجا ڕێککەوتنی ستراتیجی کراوە لە نێوان ڕەوەنشاد مام جەلال و جەنابی کاک مەسعود، هەتا ئێستا ئێمە پابەند بووین بەو ڕێککەوتنەوە، ڕاستە هەندێک شتی هەیە هی ئەم سەردەمە نیـیە و تێپەڕیوە، بەڵام ئەگەر ئێمە کاندیدێک دابنێنین بۆ سەرۆکی هەرێم با دەنگیش نەهێنێت لە پەرلەماندا ئەوان بەدڵنیاییەوە دەڵێن سەرۆکی هەرێم عایدی ئێمەیە و بەشی ئێمەیە و لە ڕێککەوتنی ستراتیژی وەها کراوە بۆ هەموو شتەکانی تریش، پارتی ئا لێرەدا فێڵێکی لە کورد کرد ئەو باردۆخە لەتکردنی ماڵی کورد ئایندەکەی خراپە، حزبەکانی تریش هەن گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، نەوەی نوێ، لانی کەم دەبووایە کاک مەسعود کۆبوونەوەیەکی بکردایە بە هەموو لایەنەکان، حزب با بچوکیش بێت بەڵام حزبێکە و ئیجازەی حزبی هەیە لە وەزارەتی ناوخۆ با بە زۆرینەی دەنگی حزبەکان ئەوەی بکردایە، تەنها تورکمان و مەسیحیەکان نەبێت چونکە پارتی دایناون بەڵام با گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەی نوێ و سۆشیالیست و زەحمەتکێشان ئەو حزبانەی کۆبکردایەتەوە و بیوتایە ئێوە دەڵێن چی، با هیچ نەبێت راوبۆچوونی ئەوانیشی وەربگرتایە. "



"وڵاتانی هەرێمی لە پشتیەتی"

ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنەی پارتی و حەلبوسی و سەدر چی دەبێت؟

"ئەوە بواری زۆرە من حەزناکەم بکەومە موناقەشەی ئەوە و بە وردەکارییەوە باسی بکەم ئەمە شتی زۆرە و وڵاتانی هەرێمی لە پشتیەتی، ئەمە تەنها حەلبوسی و سەدر ئەوانە نییە، تەنها بۆچونی پارتی و بۆچونی حەلبوسی نییە، سعودیە و ئیمارات و تورکیا لە ئارادایە، ئەمانە هەمووی کاریگەریان هەیە لەسەر بابەتی سوونە و ئەوانە."



" مانای ئەوە نییە ئێمە مەرجەکانی پارتی جێبەجێ بکەین "

دەربارەی ڕاگەیاندنەکەی وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە دەڵێت دەرگای گفتوگۆمان تا ئێستا کراوەیە مەبەستان ئەوەیە پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان ئامادەن گفتوگۆی کاندیدی سەرۆک کۆمار بکەن و سازش لەو مافەی خۆتان بکەن وەکو یەکێتی؟

جەمیل هەورامی ڕوونکردنەوەی دا لەسەر ئەم قسەیە و وتی " دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ هەموو حزبێکدا دەبێت هەموو کاتێک کراوە بێت، ئێمە لەگەڵ پارتی پێکەوە حکومەتمان پێکهێناوە، هەردەبێت دەرگای گفتوگۆ کراوە بێت خۆ داناخرێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە ئێمە مەرجەکانی پارتی جێبەجێ بکەین، بۆچی دەبێت دکتۆر بەرهەم نەبێت بە کاندید؟! دکتۆر بەرهەم پەیوەندی باشی هەیە و زمانزانێکی باشە، پەیوەندی عێراقی و عەرەبی و نێودەوڵەتی باشە، ئێ بۆچی دکتۆر بەرهەم‌یان قبوڵ نییە و کەسێکی تر بێت ئەو مەرجە قابیلی قبوڵ نییە، دووەم ئەمە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بە کۆی دەنگ بڕیاریانداوە ناکرێت دیسان جارێکی تر ئەنجومەنی سەرکرادایەتی کۆبێتەوە و بڕیار بدات نوێنەری خۆی بگۆڕێت. دکتۆر بەرهەم ئەگەر پێشینەی خراپی هەیە ئێمە کێشەمان نییە، ئەگەر لە پەرلەمان متمانەی لێسەندراوەتەوە کێشەمان نییە، ئەگەر پەیوەندی گومانلێکراوی هەیە و عەرەب و سوونە و ئەوان لێی ناڕازین کێشەمان نییه،‌ بەڵام دکتۆر بەرهەم یەکێکە لە متمانە پێکراوەکانی ناو عێراق و دەرەوە و لە دەوروبەریشدا بەڵام وەک دەزانرێت سەرۆک کۆمار ئەوەندە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی نییە بتوانێت یەکسەر بڕیار لەسەر شتەکان بدات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:57 0:00


XS
SM
MD
LG